(بگری)
دایە گیان بگری لەسەر خاکم، کەوا شینم دەوێ
زۆر بگریە دایە گیان ؛ فرمێسکی خوێنینم دەوێ !
من گوڵی سەد ئارەزووی ژینم له خاکا خەوتووە ؛
خاکی مەیدانی خەبات، ڕەنگینی خوێنی من بووە.
دامەنیشە دایە گیان ! بۆ هاتنی من چاوەڕێ ؛
دڵنیابە، بەسیەتی ! بۆ دەنگی دەرگا مەگرە گوێ !
دایە گیان : سوێندم به فرمێسکی گەش و ئێشی دڵت،
دایە گیان : سوێندم به جەور و مەینەتی بێ حاسڵت.
من دەمێکە جەرگی سووتاندووم، هەناسەی سەردی گەل ؛
دڵپڕی کردووم، خەمی دەستکورتی و ڕەنگ زەردی گەل !
من کوڕی کوردی شەهیدی ڕێی خەباتم، دایه گیان..
کۆتری خوێنین، پەڕی باخی وڵاتم، دایە گیان..
هەر وەکو بێگانەیێ، دڵ پڕ لە ناکامی و گرێ ؛
لەم هەموو دەستە نە بوو دەستێ که بێ و، دەستم گرێ !
من لە شاری خۆم غەریب و، بۆ هەموو بێگانە خۆم ؛
کۆتری کوژراوی ڕێگای لانه خۆم، بێ لانه خۆم !
دایە گیان بگری لەسەر خاکم، کەوا شینم دەوێ ؛
زۆر بگریە، دایە گیان ؛فرمێسکی خوێنینم دەوێ !
دایە گیان : ئەو کیژه وا ئەتویس به بووکی تۆ ببێت
خۆت بدە پیشانی جارێ، با به هیوای من نەبێت !
تاکو بتبینێ کە ڕەشپۆشی، لە سەر تا پاتەوە
بەڵکو بڕوا و، دڵنیا بێ و، من له بیرە و باتەوە !
دایە گیان بگری لەسەر خاکم، کەوا شینم دەوێ ؛
زۆر بگریە، دایە گیان ؛فرمێسکی خوێنینم دەوێ !
(شەریف)