کەی تراژیدیای کورد کۆتایی دێت؟!
نوسينی: سەرمەد لەتیف
شێخ لەتیفی حەفید لە یادداشتەکەی خۆیدا باسی دۆخی ئەوکاتەی کورد دەکات کەچۆن هێزی ئاسمانی بەریتانیا بێبەزەییانە بۆردوومانی کوردەکانی کردووە و تەنانەت دەستیان نەپاراستووە لە ژن و منداڵی کورد.
شێخ لەتیفی حەفید بۆمان دەگێڕێتەوە کەبەهۆی بۆردومانی هێزە ئاسمانییەکانی بەریتانیاوە ماڵ و خێزانەکانیان بۆ هەورامان ڕەوانەکران، شێخ لەتیفی حەفید لای باوکی (مەلیک مەحموودی حەفید) دەمێنێتەوە و لەوکاتەدا فڕۆکەکانی ئینگلیز بێ بەزەییانە لە گوندی نۆدێ بۆردومانێکی سەختیان کردوون، لەو بۆردوومانەدا ئافرەتێکی کورد (دایکی عەقید مەحموودی) شەهید بووە. ڕۆژێک دواتر شێخی نەمر و ئەوانەی لەگەڵیدابوون لە نۆدێ وە چوونەتە کانی سارد، بەیانی زوو حەوت فڕۆکە دەستیان کردووە بە بۆردوومانێکی سەختی بێ ڕەحمانە، لەم کاتەدا شێخی نەمر و ماجید مستەفا و شێخ محەمەد غەریبی قازانقایە و حەوت ئەفسەری تێکۆشەر خۆیان حەشار دابوو لەناو دەوەنێکی گەورەدا!
شێخ لەتیف دەگێڕێتەوە و دەڵێت: باوکم منی خستە ژێر سنگیەوە، لەبیرم دێت پێم ووت: من لەتۆ زیاتر نیم!
لەوکاتەدا باوکم چاوی پڕ بوو لەئاو، ڕووی کردە یونس ئەفەندی و ووتی: سەیری لەتیف بکە چی دەڵێت!
لەم کاتەدا بۆمبێک دەکەوێتە خوارەوە، بەڵام بە ڕێکەوت ناتەقێتەوە و خوداوەند ڕزگاریان دەکات، ئەفسەرەکان ڕەخنەی توند لە شێخ مەحموود دەگرن کەچۆن دەبێت لەو بارودۆخە ناهەموار و مەترسییەدا جێی شێخ ئاشکرا بێت... ئیتر فەرمان بە سەربازەکان کرا تەقە لە فڕۆکەکان بکەن. لەئەنجامی ئەمەدا فڕۆکەکان بەرز بوونەوە و هەڵهاتن، لەم کاتەدا زەلامێک بەڕاکردن لەئاواییەوە بەرەو دەوەنەکان هات و ووتیان ئەوە شێخ ڕەشیدی خەمزەیە، چەند تفەنگێکیان پێوەنا، بەڵام سەلامەت دەرچوو، کەئاشکرابوو، شێخ ڕەئوفی کاکم بوو!
سەرچاوە: یادداشتەکانی شێخ لەتیفی حەفید، لاپەڕە 124-125