یادەوەری گەڕەکی عارەبان... (مزگەوتی پاشا)
نوسینی کریم شێخ علی
ئەم مزگەوتە لە ساڵی (1887) لە گەڕەکی عارەبان لە نزیک حەمامی عەسری درووستکراوە...
لە ساڵانی چلەکان لە ناوەڕاستی حەوشی مزگەوتەکە حەوزێکیان لێ درووستکردبوو کە سێ بە دوو بوو مەترێک قووڵ بوو، لە دەوروبەری حەوزەکە هەندێک قامیشی لێبوو، خەڵک دەستنوێژیان لەناو حەوزەکە هەڵدەگرت...
دەرگای مزگەوتەکە زۆر خراپ کە دانەدەخرا، ئێمەش لەگەڵ منداڵانی گەڕەک پێش نیوەڕوان دەچووینە ناو حەوزەکە و مەلەوانیمان دەکرد،
مەلای مزگەوتەکە ناوی (مەلا مەولود) بوو، کە ئێمەی بینی لەناو حەوزەکە بووین، گوتی: (کو لێرە مەلەوانی دەکەن عالەم دەستنوێژی لێ هەلدەگری ئاوەکەتان پیس کرد، وەرنە دەرێ)...
مەلا مەولود جلەکانمانی فڕێدایە ناو حەوزەکە، یەکێک لەوانەی لەگەڵم بوو ناوی (ئەنوەر) بوو گوتی : (مادام جلکی منتان فڕێ دا ناو حەوزێ، شەرت بی ئەمنیش میزەکی لەناوی حەوزەکە بکەم) ئەنوەر میزەکەی کرد...
مەلا مەلود شکاتی لێمان کرد لای باوکەکانمان ئەوانیش کۆ بوونەوە و هەستان بە درووستکردنی دەگایەکی ئاسن بۆ ئەوەی کەس لەخۆڕا نەچێتە ژوورەوە و بەرمیلێکیان کڕی بۆ دەستنوێژ و حەوزەکەیان پڕ کرد لە خۆڵ تاکوو کەس لەناوی دەستنوێژ هەڵنەگرێ چونکە پیس دەبوو...
دوای ئەوەی مەلا مەولود وەفاتی، دوکاندارێک بە ناوی حاجی مەجید کلیلی مزگەوتەکەی وەرگرت و کاتی نوێژ دەرگای مزگەوتی دەکردەوە و خزمەتی مزگەوتەکەی دەکرد،
دوای وەفاتی حاجی مەجید مزگەوتەکە بێ خزمەت مایەوە، خۆشبەختانە خێرومەندێک هەستا بە نۆژەنکردنەوەیەکی زۆر جوان و هەمووی کردە کاشی، خەڵکیش قەدری مزگەوتەکەیان زانی وە نوێژیان لێ دەکرد و مەولودیان لێ دەخوێندەوە وە لە شەوانی ڕەمەزان خەڵکێکی زۆر ڕووی تێ دەکرد و مزگەوتەکە هەیبەتێکیشی دەستکەوت.
هەرچەندە ئێستا کۆڵانەکە چۆلکراوە بەڵام کوڕەکانی (سەید غانم)ی ڕەحمەتی ئاگایان لە مزگەوتەکەیە و نوێژی لێ دەکەن و خزمەتی دەکەن.