هەر مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر، زمانی نەتەوەی خۆی خۆش دەوێت و شانازیی پێوە دەکات. ئەم دیاردەیە لەنێو زۆربەی نەتەوەکاندا بەڕوونی بەدیار دەکەوێت، بەڵام لە نێو هەندێک لە نەتەوە بندەستەکاندا بە هۆی داگیرکەرییەوە، ئەم خۆشەویستییە لاواز بووە و گەلانی بندەستی دووچاری جۆرێک لە نەخۆشیی بێباوەڕی بە زمان و کەلتووری نەتەوەی خۆیان کردۆتەوە.
زمان تەنیا شتێک نیە کە ئامرازی پێوەندی مرۆڤەکان بێت بەڵکوو لەم سەدانەی دواییدا، هەڵگری مێژوو، فەلسەفە، کولتور و هەموو پاشخانی ئاخێوەرانی زمانەکە واتە نەتەوەکەشە.
داگیرکەرانی کوردستانیش هەر بەم هۆیە، بە ڕلە هەموو شتێک، پەلاماری زمانی ئێمەیان داوە تا گرینگترین بەشی پێناسەکردنی ئەو گەلە بسڕنەوە.
گەر مرۆڤ پیاسەیەک بەنێو یەکێک لەم شارە کوردیانەدا بکات سەرجی تابلۆی دوکانەکان بدەیت لە #هەولێر# یان #سلێمانی# یان هەرکام لە شارەکان، ئەوا وا هەست ئەکات کە لە بەغدادبێت یان ئەنقەرە یان شارێکی ئەوروپی، تەنها شتێک هەستی پێ نەکەیت ئەوەیە کە لە کوردستانیت لەبەر ئەوەی زۆرێک لە ناونیشان و تابلۆکان بەزمانی بێگانە نوسراون.
جا بڕواناکرێت هیچ عەرەبێک یان تورکێک ئەوەی پێ قبوڵبکرێت کە بە زمانی کوردی لەسەر تابلۆ و ناونیشانەکان بنوسرێ، ئەمەش شتێکی ئاساییە چونکە وڵاتی خۆیەتی قبوڵ ناکا زمانی بێگانە بەکار بهێنرێت،
ئاساییە ئەگەر لەپاڵ زمانی دایک بەزمانی ئینگلیزی کە زمانێکی جیهانیە بنوسرێت بەڵام چۆن دەکرێت من کە کوردێکم دەچمە نێو بازاڕی شار بەدەگمەن تابلۆیەک دەبینی بە زمانی کوردی.
ئەمەش نا هەقیە و هیچ گەلێکی هۆشیار دەستدرێژی بۆ سەر ئەم مافەی پێ قبوڵناکرێت.
کورداندنی تابلۆکان دەکەوێتە سەرشانی حوکمەتی هەرێم، جگە لە وەزارەتی شارەوانی و ڕۆشنبیری ئەرکی دەزگاکانی ڕاگەیاندنیشە هەڵمەتێک ڕاگەینن بۆ قەناعەتپێکردن و گۆڕینی تابلۆکان بۆ زمانی کوردی.
لێرەدا دیاردەیەکی تریش هەیە، ئەویش کەناڵەکانی ڕاگەیاندنە کە لە ئێستادا بەشێکی زۆریان کار بۆ تێکدانی کۆمەڵگاو لەبیر بردنەوەی هەستی کوردایەتی دەکەن لە ڕێگەی فیلمە دۆبلاژ کراوە تورکیەکانەوە، کە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر تێکدانی شیرازەی خێزان و لەبیر کردنی هەستی کوردایەتی، چونکە ئەو فیلمانە وا دەکات کە کولتوری وڵاتێکی تر بێتە وڵاتەکەتەوە، ببینە لە بازاڕ و شەقامەکاندا پڕن لە خواردن و خواردنەوە و کاڵا و جلوبەرگی بیانی ئەمەش بۆ خۆی کارەساتە.
کارە هونەریەکانیش کە بەزمانی کوردی دەکرێت ئەوا لەسەر شێوازی بیانی و بەکارهێنانی زمانی بیانی دەکرێت، ئێستا لای هونەرمەندەکان بۆتە کارێکی باش کە هەڵدەستن ئاوازێکی بیانی دێنن لەگەڵ موزیکی بیانی و لەوڵاتێکی دراوسێ کلیپێک بە زمانی کوردی دەکات، باشە بۆ دەبێت لەوڵاتی خۆمان بە ئاوازی ئاوازدەنەرە کوردەکان و میوزیک ژەنە کوردەکان کار نەکەین !
بە داخەوە خۆشمان خەتاباری سەرەکی ئەو ڕەوشەین کە بە سەر زمانی کوردی دا هاتووە. دایک و باوکانی ئێمە کەمتر هەوڵ دەدەن مناڵانیان فێری زمانی کوردی بکەن، گەنجان هەوڵ دەدەن کەمتر لە زمانی دایک کەڵک وەربگرن و دەبینرێ کە زۆربەی کار و چالاکی و ژیانی ڕۆژانەیان بە زمانی داگیرکەرە!
دنیایی مۆدێرن، بەجیهانیبوون و ئامارازە مۆدێرنەکان گەرچی هەڕەشەن بۆ سەر زمانی کەمەنەتەوەکان بەڵام سەرەڕای ئەوە دەتوانن ببنە دەرفەتێک بۆ پەرەپێدان و گەشەسەندنی زمانی کوردیش. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەرفەتێکی باش و گونجاون کە وەک قوتابخانەیەک کەڵکیان لێوەربگیرێ لەبری ئەوەی نوسین بەزمانی بێگانە دابنێین با بەزمانی کوردی بنووسین هەوڵێکی زیاتر بدەین بۆ بەرەو پێشبردنی زمانی کوردی.
هەوڵ بدرێت لە تابلۆ و ناونیشان و کارە هونەریەکان تا کەناڵە ڕاگەیاندنە کانیش گرنگیەکی زۆر بەزمانی کوردی بدرێت و دوور بکەوینەوە لە زمانی دیکە.
چونکە گەر بەم شێوەیەی ئێستا کەهەیە بەردەوام بێت ئەوا لە داهاتوودا زمانی کوردی دەکەوێتە مەترسیەوە.
..
نووسین / ڕاستی بەهادین مەجید[1]