ئەوانەی سێ مانگ موچەیان وەرنەگرتووە،
بەرد ئەگرنە ئەوانەی سێ مانگ موچەیان وەرنەگرتووە.
ئەوانەشی سێ مانگ موچەیان وەرنەگرتووە،
تەقە لەوانە ئەکەن، کە سێ مانگ موچەیان وەرنەگرتووە!
سەیریش ئەوەیە، ئەوانەی سێ مانگ موچەیان وەرنەگرتووە،
داوای موچە لەوانە ئەکەن، کە خۆشیان سێ مانگ موچەیان وەرنەگرتووە،
بەڵام ئەوانیش ناتوانن موچەی سێ مانگ بدەن بەوان،
ئاخر خۆشیان سێ مانگ موچەیان وەرنەگرتووە!
دەی دوایی هەر ئەوانەی سێ مانگ موچەیان وەرنەگرتووە،
وەک ئەوانە وان، کە سێ مانگ موچەیان وەرنەگرتووە!
لە هەمووی سەیرتر، ئەوانەی کەوتوونە نێوان ئەمان و ئەوانەوە، هەر ئەوانەن، کە وەک ئەمان و ئەوانی تر، سێ مانگە موچەیان وەرنەگرتووە
ئەوانەشی کە برینداری هەردوولا چارەسەر ئەکەن، ئەوانیش سێ مانگ موچەیان وەرنەگرتووە.
دواییش، ئەوانەی کە ئەبێت، پاشەڕۆی هەمووان و شوێنەواری ئەمان و ئەوان پاک بکەنەوە، ئەوانی ترن کە سێ مانگ موچەیان وەرنەگرتووە!
ئەوانەشی وەک ئێمەومانان، خەم و داخەکەیان بۆ ئەمێنێتەوە، هەر ئەوانەن کە سێ مانگ موچەیان وەرنەگرتووە!
لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە، ئەوانەی دوایی بەرهەم و قازانجی ئەم دۆخە ئەچننەوە، ئەوانە نین، کە سێ مانگ موچەیان وەرنەگرتووە!
..........
نووسینی: (سێ مانگ موچە وەرنەگرتوویەک)[1]