هەڤاڵانی هاوسەرۆکی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتیە تێکۆشەرەکەمان …
بە نیگەرانیەکی زۆرەوە لای هەموومان، چەند ڕۆژێکە (ی، ن، ک) ڕووبەڕوی بارودۆخێکی نائاسایی بوەتەوە کە هەموو دڵسۆزانی یەکێتی و جەماوەرە نەبەزەکەی ئازارداوە و وایکردوە هەموان بەپەرۆشەوە چاوەڕێین بە ڕێگەیەکی هێمنانە کۆتایی بەو گرژیانە بهێنرێت.
من وەک ئەندامێکی دەستەی دامەزرێنەر و ئەندامی پێشوی سەرکردایەتیی و مەکتەبی سیاسیی (ی، ن، ک) لەهەموان زیاتر پەرۆشم بۆ ئەوەی حزبەکەمان ڕووبەڕوی هیچ کێشەو ململانێ یەکی ناوخۆی وەها نەبێتەوە کە زیان بگەیەنێت بە پێگەو سەنگەکەی کە قوربانی و خوێن و ماندوبونی زۆری بۆدراوەو هەروا نەهاتۆتە ئەو ئاستە کە جێگای ئومێدی هەموو کوردێکی دڵسۆزە.
هەموومان دەزانین ئەوەی ئێستا ڕوودەدات دەرەنجامی کۆمەڵێک کێشەیە کە کۆنگرەش بەداخەوە نەیتوانی چارەسەری بکات.
چوارەمین کۆنگرەی گشتیی (ی، ن، ک) لە هەلومەرجێکی نائاسایدا بەسترا وەک ناچارییەک و دەرباز بون لە ژێر گوشارو زروفێک کە قۆناغی دوای کۆچی دوایی جەنابی #مام جەلال# بوو کە شۆکێکی گەورەی حزبی لێکەوتبۆوە و بەوەش نەتوانرا خوێندنەوەیەکی واقعیانە بۆ ئەم قۆناغە بکرێ و ئەنجامەکەی بەو جۆرە نەبو کە هەموان چاوەڕێی بوین.
بەر لە کۆنگرە لەمیانەی کۆبونەوەکاندا پێشنیازم کرد جگە لە هەڤاڵانی سەرکردایەتیی، (50) ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیی لەگەڵ بیست هەڤاڵ و کادیریی گەنج وشارەزاو بە توانا لەئۆرگانەکانی تر کۆببنەوە تا زۆر بە وردیی بەرنامەیان دابڕشتایە بۆکۆنگرەیەکی دیراسە کراوی زانستیی حزبییانە کە هەموو ئەو ئاستەنگانەی لاببردایە لەرێی سەرکەوتنی کۆنگرە، پێم وایە ئەگەر کاتی خۆی گوێ لەوراسپاردەیە یا پێشنیازە بگیرایە ئەواهەمو کێشەکانی ناو حزبیش چارەسەر نەکرانایە، زۆربەیان چارەسەر دەبون، جگە لەوەی چەند بیرۆکەیەکی تریشمان پێشکەش کرد کەبەسودی یەکێتی تەواو دەبوو، ڕەنگەرووبەڕوی ئەم ساتەنەبوینایەتەوە.
بۆیە ئێستا داواتان لێدەکەم هەموان دور لە هەر بەرژەوەندییەکی شەخسیی و دور لە هەر لێکدانەوە و بیرکردنەوەیەکی دەستەیی و تەنهاو تەنها بۆ سودی یەکێتی و گەلەکەمان لەخەمی چارەسەرکردنی کێشەکاندا بین وە یەکێتیانەو بەسودوەرگرتن لەدونیا بینییەکانی سەرۆک مام جەلال تەنگژەکان بڕەوێنینەوەو هەنگاوی گەورە بهاوین بۆ تەواکردنی ئەوبەرنامانەی یەکێتی بۆ دامەزراوە.
پێویستە هەموان ئەوراستییەش بزانن لە درێژە کێشان وبەردەوامبونی ململانێ و ئاڵۆزیی نێوان هەڤاڵانمان هیچ کەس براوە و سەرکەوتو نییە بەڵکو هەموان پێکەوە لەناو کەشتییەکەدا نغرۆ دەبین و ناتوانین وەڵامی خوێنی شەهیدەکانمان و کەسوکاریان بدەینەوە.
دڵنیابن هەمومان بە یەکێتییەکەمانەوەو پێکەوە جوانین ودەتوانین هەمیشە جێی متمانە وشانازی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بین.
بیرتان ئەهێنمەوە کە هەروەک سەرۆک مام جەلالی مەزن هەمیشە ئەیفەرمو سەروەریمان…. مانەوەمان….، گەشەکردنمان بەندە بەیەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە.
د.فوئاد مەعسوم
6ی ئابی 2021
⚠️ تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!