کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، جەژنی قوربانتان پیرۆز بێت، هیوادارم ئەم جەژنە بە ئارامی و بە خۆشی بەسەربەرن.
لێرەدا بە دەرفەتی دەزانم کە داوای لێبووردن لە ئێوەی خۆشەویست بکەم بۆ ئەو ڕووداوانەی کە لە پیلانگێڕیی 8ی تەمووزەوە دەستیانپێکرد و بوونە مایەی نیگەرانی و ترس و دڵەڕاوکێ لای ئێوەی خۆشەویست.
دیارە هەمووتان پرسیاری ئەوەتان لا دروستبووە کە بەندە بۆچی بێدەنگیم هەڵبژارد، لێرەوە دەمەوێت پێتان بڵێم هەرگیزا و هەرگیز باوەڕم بە بەکارهێنانی هێز نەبووە و نییە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەی حزبی، پێم وایە هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان تەنها لە کاتی مەترسی لە سەر هەرێمەکەمان و هاووڵاتییانی کورد دەبێت ڕووی تفەنگەکانیان لە دوژمن بێت، نابێت ڕێگە بدەن نە بەندە و نە هیچ کەسێکی تر لەم هەرێمە بۆ مەرامی شەخسی خۆیان بەکاریان بهێنن، دەمەوێت ئەوەش بڵێم کە دان بەخۆداگرتنمان و نەبوونی پەرچەکردارمان تەنها لە پێناو خۆشەویستیمانە بۆ خاک و خەڵکی کوردستان و پاراستنی ئاسایش و ئارامیی شاری #سلێمانی# و هەرێمەکەمان، ئەوەی کە گرنگ بوو خوێن لە لوتی منداڵێکی هەژاری ئەم هەرێمە نەهات لە پێناو یەکلایکردنەوەی کێشەی حزبی ئێمە، لە هەمان کاتدا توانیمان بەو بێدەنگییە؛ ڕێگری بکەین لە لەتبوونی یەکێتییەکەی مامی ڕابەر و کۆچکردوومان، لە ئێستاشدا خۆشحاڵم کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ڕێرەوی حزبیمان گرتۆتەبەر کە تەنها ئەوەش ڕێگەچارە درووست و ڕێپێدراوەکەیە، کە ئەویش گەڕانەوەیە بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کە لە کۆنگرەدا شەرعیەتی وەرگرتووە، چونکە ئێمە لە کۆنگرەدا بە هەڵبژاردن هاتووین نەک بە ئینقیلاب.
لەو پێناوەشدا بەندە بە دڵێکی فراوانەوە لەسەر ڕەزامەندیی خۆم و بەشێوەیەکی کاتی دەسەڵاتەکانم پێشکەش بە هاوسەرۆکی دووەم کردووە تا ئەو کاتەی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکەمان هەموار دەکرێتەوە. ئەمەش وەک ڕێگەچارەیەک بۆ ڕێگریکردن لەو خوێن بەربوونەی کە لە ئارادا بوو.
لە هەمان کاتدا تاکە مەرجم بۆ ئەمەش پێکهێنانی لیژنەیەکە لە مەکتەبی سیاسی بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی هەموو ئەو تۆمەت و پڕوپاگەندە بێبنەمایانەی لە هەندێک میدیا و سۆشیاڵ میدیا بۆ چەواشەکردن بڵاو دەکرانەوە و لە دوایشدا ئەنجامەکانی بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و ڕایگشتی بڵاوبکرێتەوە.
هاوکات بەدڵگرانییەوە لە سۆنگەی ئەم پێشهاتە نوێیانەی ناو حزبەکەم لە بەرپرسیارییەتی سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان دەکشێمەوە و بەرپرسیارێتییەکەی بە هاوسەرۆک و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دەسپێرم.
ئەندامان و لایەنگرانی دڵسۆزی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#، سوپاسی یەک بە یەکتان دەکەم بۆ دەربڕین و نیشاندانی ئەو پشتیوانییە گەورەیە بۆ بەندە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، دووپاتی دەکەمەوە کە یەکێتیی لای من لە هەموو پلە و پۆستێک گەورەترە و دڵنیاش بن کە لە جێی ئەو متمانەیە دەبم کە پێتان بەخشیوم و بە تەنیا بەجێتان ناهێڵم، هەموو توانای خۆم دەخەمە گەڕ بۆ پاراستنی ناوماڵی یەکێتیی و بەردەوام دەبم لەسەر هەڵوێستە نەگۆڕەکانم لەسەر شێوازی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان و بە سەروەریکردنی یاسا و ڕێگریکردن لە تاکڕەوی سیاسی و ئەجێندا ئیقلیمییەکان.
دووپاتیشی دەکەینەوە پشتیوانیی هەموو کارێکی چاکسازی و پاکسازی دەکەین، وەک چۆن لە ڕابردوودا هەموو هەوڵێکمان خستەگەڕ بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران و کۆتاییهێنان بە لێبڕینی مووچە، لە داهاتووشدا کار بۆ باشترکردنی گوزەرانی هاووڵاتییان دەکەین و پشتیوانی لەو هەوڵانەش دەکەین کە بۆ ڕێگەگرتن لە قاچاخچێتیی سنوورەکان لە ئارادان.
لە کۆتاییدا ئامۆژگاریی هەڤاڵانم دەکەم کە بۆ پاراستنی ناو و ناوبانگی حزبەکەمان و سەقامگیریی هەرێمەکەمان، تاکە ڕێگەی حەکیمانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، پەنابردنە بۆ وتووێژ و گفتوگۆ لەناو ئەنجوومەنی سەرکردایەتی.
هەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتوو بن