رۆژی میدیای یەکێتی
لە شەرارەوە شۆڕش و لەوێوە بۆ شەڕارەی میدیایەکی پوخت و چالاک
سەرەتای ئەندێشە
ستران عەبدوڵلا
سەرپەرشتیاری مەکتەبی ڕاگەیاندن
ئێستا دیمەنەکە بێنە بەرچاوی خۆت کە مام جەلال چاوەڕێیە و جار بە جار لە بالکۆنی شوقەکەوە سەیرێکی دەرەوە دەکا، ئینجا کاتژمێرەکەی دەستی تا ئاستی دیدەنییەکی ڕوون و بێ هەمتا ڕادەگرێ و لەبەرخۆیەوە دەڵێ :(دواکەوت، شەرارە نەهاتەوە لە چاپ، قەرەباڵەغی دیمەشق دیسان بێ بەڵێن بوو لەگەڵمان)
یەکەمجارە نەبوو کە پایتەختی
ئەمەوییەکان قەرەباڵەغ و ترافیک لایتەکانیشی بەسەبر و بەکاوەخۆ بێت و میوانەکانیشی هەژمەتی تینو وتاوی کۆششی سیاسییان بۆ دیداری بەلاغ و بەیان و سەدای مینبەرەکانی کەم حەوسەڵە و پەلەیان بێت.
دیمەشق لە نیوەی دووەمی حەفتاکانی سەدەی بیست وەک قاهیرەی شەستەکانی عەبدولناسر جمەی دەهات لەم بزافی دیموکراتخواز و لەو ئاڕاستەی سیاسیی نەتەوەیی و نیشتمانی و چەپی ئاسیا تا ئەفریقا.
دیمەشق قەومی و بەعسی ناڕازی عێراقی و چەپی عیراق و جەبهەی ملنەدان و بەرهەڵستکاری عەرەبی هێنابۆوە دەواری نزیکی خۆی و دیار بوو حافز ئەسەد شتێکی لەبن سەرا بوو.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان له و درزی پەچەی دۆستایەتی مام جەلال و ئەسەد و سوریاکەیەوە چاوی لە گەرمکردنەوەی کوانی شۆڕشی کوردستان و بڵێسەی خەباتی(حزب من طراز جديد) بوو. تا لەژێر چەتری عێراقێکی تر کە خۆشی بە دیموکراتی بێت جێگا بۆ تێهەڵچوونەوەیەکی تری کوردایەتی نوێ بکاتەوە.هەموو ساڵێک بوو نیشتمان سلاحسز کرابوو و بەعسی عەفلەقی گەرەکی بوو لە سەرسنوورەوە خەڵک خڕ تەهجیر و تەرحیل بکات و لە دامێنیشەوە کەرکووک و خانەقین کێوماڵ بکا و لە کوردستانیان داماڵێ.
دکتۆر فوئاد مەعسوم بۆ ئەوەی کەمێک لە نیگەرانی و چاوەڕوانی بە پەرۆشی مام جەلال خاو بکاتەوە. گوتی یەکەم ژمارەیە و یەکەم تەجرەبە، هەروا دەبێ. مەگەر خۆت مانشێتەکەت وەک شەرحی حاڵ نەنووسیووە. (ومن الشرارة يندلع اللهيب)؟
لە دامێنی ئەو ساتە مێژووییەدا گفتوگۆ لەسەر خەونەکانی لەمەودوا دەستی پێکرد. مام جەلال گەرەکی بوو باسی ئەندێشەی پرۆژەی نەخشەی ڕزگاری و فرقەی دیعایەی موسەلەحە) بکا و مەبەستی بوو قسە لەسەر ئەندێشە و خەیاڵی ڕۆژنامەوانی کاک نەوشیروان بۆ چاپی (رێبازی نوێ) بوروژێنێ بەتایبەتی کە مامۆستا کامیل بەسیر نیوەی کارەکەی بە ناوی (رێباز) مەیسەر کردبوو هەر (نوێ) کەی مابوو تا گوزارشت لە قۆناغی تازەی کوردایەتی بکات. مام بە جۆشوخرۆشی دوورنمای ئۆرگانێکی تازە بابەتەوە ناوەناوە نوکتەکانی بەشیر موشیر و پەرتوکیاتی کەمال فوئادی باس دەکرد کە چۆن لە شۆڕشی ئەیلول ڕادیۆ گەیشت و ئەمجارە چۆن بگات. لەناکاو زەنگی تەلەفونی شوقەکە لێی دا. دوو فەیلی بەغداپەروەر عادل موراد و عەبدولرەزاق فەیلی خەتی گفتوگۆیان بە موژدەی بڵاوکردنەوەی (شەرارە) گەرم کرد. شەرارەی تەلەفونەکە له و نێوانەدا نەما. بووە لەهیبی سەرکەوتن و دەرکەوتنی یەکەم میدیای یەکێتی.
مام جەلال بە چاو و دڵی ڕۆشنی یەکەم ژمارەی شەرارە لە تشرینی یەکەمی 1975 فریا کەوت بڵێ: نوسخەکەی دکتۆر هۆمەرتان لە بیر نەچێ...ئەی بەشی ناوەوەی وڵات بۆ هەڤاڵانی وڵات زۆر زەرورە. ئاخر شۆڕشەکەمان لەوێ و بۆ ئەوێیە.
تشرینی یەکەمی 1975 شەرارە دەبێتە تەقویمی سەروەری بۆ میدیایەکی کوردستانیی سەرتاسەری و بۆ مینبەرێکی دیموکراتی کە لە پایتەختی ئەمەوییەکان بۆ پایتەختی شۆرشی زەڵێ تا پایتەختی عەباسی ناوەستێ و هەدادانی بۆ نییە.
بەم جۆرە شانازی ئەو ختۆکە خۆشەمان هەیە کە پێش دەستپێکردنەوەی شۆرشی چەکداریی بڵێسەی شۆرشی میدیا هەڵگیرسا. یەکی حوزەیرانی ساڵی 1975 یەکێتی دێتە ژیانمانەوە، تشرینی 1975 (شەرارە) وڵات ڕۆشن دەکاتەوە و یەکی حوزەیرانی دوای ئەوەش، 1976 شۆڕش کوردستانی تەنییەوە.
ئەوە مێژووە و بەمجۆرە یەکێتی و ڕاگەیاندنەکەی ئاوێتەی یەکتر دەبن. سەروەری زۆر کە قەت نابێ فەرامۆش بکرێ، هەروەها کەموکوڕی هەنووکە کە قەت نابێ بخرێتە ژێر لێوەوە. لەمەشدا یەکێتی و ڕاگەیاندنەکەی ئاوێتەن و یەک چارەنووسن، خۆمان لەپێشەوە دەستنیشانی بکەین و نەخشەرێی بۆ بدۆزینەوە. درەنگیشە زوو نییە.
تشرین هەر پایزی سروشت نییە، بەڵکو بەهاری میدیامانە، جا بۆنەی ڕۆژی ڕاگەیاندنی یەکێتی، مانگی ڕاگەیاندنی یەکێتی بۆنەشە بۆ مشوماڵ کردنی.
لەشەرارەوە شۆرش بڵێسەی دا و بەشکم لە تۆڕێکی میدیایی پوختەوە شەڕارەی حزبایەتی یەکێتی بگەشێتەوە.[1]