دوو شوێنی تری کوردستان دەخرێنە ناو لیستی شوێنەواری جیهانی لە یۆنیسکۆ
لە دوای ئەوەی هەورامانی تەخت خرایە لیستی ناوچەی شوێنەواری جیهانی، لە هەرێمی کوردستانیش دوو شوێنی تریش کاندیدن بۆ ئەوەی بخرێنە ئه و لیستە و ئەوانیش ئامێدی و گوندی بێستانەسوور.ن.
کوردستان بەهەر چوار بەشی بە ناوچەیەکی دڵگیر و سەرنجڕاکێش لەلایەن خەڵکی بیانییەوە سەیر دەکرێت. بۆیە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی ناوچە دێرینەکانی بخرێنە لیستی ناوچەی شوێنەواری جیهانی لە ڕێکخراوی یۆنیسکۆ.
لە کۆبوونەوەی ژمارە 44 فەرمی یۆنسکۆ لە شاری فۆجۆی چین، بڕیار درا هەورامان وەک ناوچەیەکی مێژوویی و سروشتی بخرێتە ناو لیستی کەلەپووری شوێنەواری جیهان.
پەرستگەی لالش و چەندان شوێنی تر هەن، پێویستە کاریان بۆ بکرێت تا بخرێتە ناو لیستی شوێنەواری جیهانی
بەپێی قسەی پسپۆرانی کەلەپوور و شوێنەواری، سوودی بڕیارەکە ئەوەیە بەهیچ شێوەیەک له و ناوچەیە دروستکردنی بیناسازی و گۆڕانکاری بەبێ چاودێری یۆنسکۆ کاری تێدا ناکرێت.
هەرێمی کوردستان-عێراق، خاوەنی زیاتر لە پێنج هەزار ناوچەی شوێنەواری و کەلەپوورییە، بەهۆی ئەوەی حکوومەتەکانی ڕابردووی عێراق گرنگییان بە ناوچەکانی کوردستان نەداوە، بووەتە هۆی ئەوەی کەمترین ناوچەی کوردستانی عێراق، لەناو لیستی شوێنەواری کەلەپووری جیهانی ڕێکخراوی یۆنیسکۆ بێت.
زێدان برادۆستی ئەندامی پەرلەمان و دکتۆرا لە شوێنەوار، بە وشەی گوت، لە کوردستاندا بۆ ئەوەی بتوانین سوودی لێ وەرگرین تا ناوچەکانمان بخرێنە سەر ناوچەی شوێنەواری جیهانی، یاسامان نەبووە. لەبارەی بوونی یاسا ڕای گەیاند، پەرلەمانی کوردستان یاسایەکی تایبەتی بە پاراستنی شوێنەوار و کەلەپوور لە هەرێمی کوردستان دەرکردووە، یارمەتی لایەنەکان دەدات بۆ ئەوەی کۆی شوێنەکانی تر بخرێنە لیستی ناوچەی شوێنەواری کەلەپووری جیهانی.
پێنج هەزار ناوچەی شوێنەواری لە هەرێمی کوردستان هەن و نەخراوەتەسەر لیستی جیهانی شوێنەوار و کەلەپوور، جگە لە قەڵای هەولێر، ئەوانی تر پێویستە کاریان بۆ بکرێت. کەیفی عەلی بەڕێوەبەری گشتی شوێنەوار و کەلەپووری کوردستان، بە وشەی گوت، بێستانەسوور و ئامێدی، کاندیدن بۆ ئەوەی بخرێنە ناو لیستی شوێنەواری کەلەپووری جیهانی، لیژنە لە بەغداوە پێکهێنراوە، ئێمەش نوێنەرمان دیاری کردووە، بەڵام هیچ کۆبوونەوەک نەکراوە.
لەبارەی ئەوەی هەرێمی کوردستان خاوەنی ژمارەیەکی زۆری ناوچەی شوێنەوارییە، کەیفی عەلی گوتی، ئەوەی هەمانە و تۆمار کراوە لای ئێمە، زیاتر پێنج هەزار ناوچەی شوێنەوارییە، ئه و ژمارانەی خەڵک لەخۆیانەوە دەیڵێن وا نییە.
هاوکات سارا سەردار سەرۆکی ڕێکخراوی کەونار بۆ پاراستنی شوێنەوار و کەلەپوور، بە وشەی ڕاگەیاند، پەرستگەی لالش و چەندان شوێنی تر هەن، پێویستە کاریان بۆ بکرێت تا بخرێتە ناو لیستی شوێنەواری جیهانی.
لە یۆنیسکۆ تەنیا چوار شوێن لە عێراق لەناو لیستی شوێنەواری کەلەپووری دیاری کراون، ئەوانیش قەڵای هەولێر، قەڵای شەرقات-ئاشوور، شاری سامەڕای دێرین و ناوچەی حەزەر. ئێستە دوو ناوچەی تری کوردستان کاندیدن بۆ ئەوەی بخرێنە ناو ئه و لیستەوە، ئەوانیش، ئامێدی و گوندی بێستانەسوورن.[1]