دەهام عەبدولفەتاح ساڵی 1942 لە گوندی بەلێی سەر بە شاری #عاموودا# لەدایک بووە. سەردەمی منداڵیی وەک منداڵیی هەموو کوردێکی گوندنشین لە هەژاری و دەستکورتیدا بەسەر بردووە. لە تەمەنی 5 ساڵیدا بۆ فێربوونی قورئان چووەتە لای مامۆستایانی ئایینیی گوندەکەیان. نزیکەی ساڵێک لای مامۆستایانی ئایینی دەمێنێتەوە و خوێندنی قورئان تەواو دەکات. قوتابخانە لە دەوروبەری نەبوو. هەتا ساڵی 1951 قوتابخانەیەک لە نزیک گوندەکەیان هەبوو بە ناوی هەسێ ئۆسێ. بەهۆی توانا و هەروەها تەواوکردنی قورئان، پۆلی یەکەم ناخوێنێت، بەڵکوو یەکسەر دەچێتە پۆلی دووەم. لەو کاتەدا زمانی لە بێژەکردنی وشە و پیتە عەرەبییەکاندا باش دەسووڕێت.
دوای تەواوکردنی خوێندنی سەرەتایی، خوێندنی ناوەندیش لە قوتابخانەکانی شاری #حەسەکە# تەواو دەکات، پاشان خوێندنی لە ئەدەبی عەرەبی و مامۆستایەتی لە زانکۆکانی دیمەشق و حەلەب تەواو دەکات.
لە منداڵی و سەرەتای لاوێتیدا، هەست و سۆز و هزری کوردایەتی وای لێ کردبوو کە زمانی کوردی بخوێنێت، هەروەها مەلاکانی گوندی بەلێش کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر دەهام عەبدولفەتاح هەبووە.
بە تایبەت مەلا ئەحمەد پالۆ، کاتێک دەستنووسە فەرهەنگی و ڕێزمانییەکانی خستە بەردەم دەهام عەبدولفەتاح و لەگەڵ مامۆستایانی ئایینیی هاوڕێی گفتوگۆی کرد، ئارەزووی ناسینی زمانی دایکی لەلای دەهام زۆرتر بوو.
دەهام عەبدولفەتاح لە سەرەتای نووسینیدا، بابەت و شیعری بە زمانی عەرەبی دەنووسی، بەڵام دواتر زمانی عەرەبیی خستە لاوە و هەموو چالاکی و دەستنووسەکانی بە زمانی عەرەبی سووتاند و تەنیا بە زمانی کوردی نووسی.
دوای 8 ساڵ لە خوێندنی ڕێزمان و فەرهەنگی کوردی، دەهام عەبدولفەتاح لە ساڵی 1989 دا بە فەرمی دەستی بۆ قەڵەم برد، بۆ ئەوەی هەست و بیرکردنەوەکانی بە کوردییەکی ڕەسەن بنووسێتەوە.
بەهۆی بەرهەمداری و ماندووبوونی چەندین ساڵەی بۆ خزمەتکردنی زمانی کوردی، وەها دەڵێت: زمان تەنیا دەربڕین و پەیوەندی و تێگەیشتن نییە، زمان وەک گەنجینەیەکی شاراوە وایە.
لە سایەی خەباتێکی دوورودرێژدا کە هەتا ئێستاش بەردەوامە، دەهام عەبدولفەتاح دەیان بەرهەمی بەنرخی لەسەر زمان، ئەدەب و فەرهەنگی کوردی پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کردووە کە زۆربەیان ئێستاش لەبەر دەستی ئێمەدان. هەروەها زۆر جار لە کۆڕەکانی بەڕێوەبەریی ڕێنووس، دۆخی زمان و پرسەکانی ڕێزمان، بەشداریی کردووە.
لە ئەمڕۆدا چاوی زمانزانی هێژا، دەهام عەبدولفەتاح، هەرچەند زۆر کز بووە، بەڵام بە هاوکاریی گەنجان، لە کارەکانی بەردەوامە و دەستی لێ هەڵناگرێت. خۆیشی دەڵێت: دڵم بەهێزە. ورەم بەرزە. لانیکەم دەتوانم هەر ساڵ کتێبێک بنووسم.
$بەرهەمەکانی دەهام عەبدولفەتاح:$
- پەیڤینەک ب کوردەکی رە، (وەرگێڕان) بە عەرەبی، شام (1989)
- ل بەر دەرگەهێن لالەش، (هەڵبەست) ب کوردی و عەرەبی، شام (1990)
- نێرینەکە رەخنەیی ل هەلبەستێن کوردی، (ڕەخنە)، شام (1992)
- هندەک ئالۆزیێن زمانێ کوردی، (لێکۆڵینەوە)، شام (1993)
- د موزیکا هەلبەستێن کوردی دە (تێبینی و وڵامدانەوە)، بە عەرەبی، شام (1995)
- رێنڤیسا زمانێ کوردی، کۆمبەندا کاوا، لوبنان (1998)
- داستانا گلگامەش، دهۆک، سپیرێز، چاپی یەکەم (2005)، بە ئەلفبێی عەرەبی؛ چاپی دووەم ئەنستیتۆی کوردیی ئامەد (2006)
- ناڤ د زمانێ کوردی دە، دهۆک، سپیرێز، چاپی یەکەم (2006)؛ چاپی دووەم، ئەنستیتۆی کوردیی ئامەد (2006)
- جیناڤ د زمانێ کوردی دە، دهۆک، سپیرێز، چاپی یەکەم (2006)؛ چاپی دووەم، ئەنستیتۆی کوردیی ئامەد (2006)
- کار (لێکەر) د زمانێ کوردی دە، ئەنستیتۆی کوردیی ئامەد، چاپی یەکەم (2011)؛ دهۆک، سپیرێز، چاپی دووەم (2012)، بە ئەلفبێی عەرەبی.
- یارسان (ئەهلی حەق)، ئامەد، لیس (2017)
- مستەک ژ هێڤی و ئاریشەیێن زمانێ کوردی (کورمانجی)، لیس (2018) [1]