مێژووی بەکارهێنانی ساڵنامەکان لە میسۆپۆتامیا و زاگرۆس!
-وشەی (ساڵ)ی کوردی بۆ یەکەم جار 3400 ساڵ لەمەوبەر بەکارهێندراوە.
-یەکەم نووسینەوەی مێژوو و دانانی ساڵنامە پێنج هەزار ساڵێک لەمەوبەر دەستی پێکردووە.
د. دڵشاد زاموا DLshad Zamua
لەگەڵ ئەوەی مێژووی زارەکی کۆنە هێندەی کۆنی مرۆڤ، بەڵام سومەرییەکان یەکەم کەس بوون کە مێژوویان بە نووسین تۆمارکردووە، ئەوانیش ساڵنامەیەکیان دانا، ڕووداوێکی گرنگ کە مێژوویان پێ جیاکردەوە، تۆفانەکەی حەزرەتی نوح (د.خ.) بوو، کە ئەوان پێیان دەگوت ئەترا-خاسیس واتە پیاوە (زۆرحەکیمەکە)، لەبەر ئەوە مێژووی بنەماڵە فەرمانڕەوا سومەرییەکانیان نووسیوەتەوە و جارجارەش ئاماژەیان بە مێژووی بنەماڵە فەرمانڕەواکانی زاگرۆس کردووە. ئەوان مێژووی ئەم بنەماڵانەیان دابەشکردبوو بە دوو بەشەوە، پاشا و میر و بنەماڵەکانی پێش تۆفانەکە و پاش تۆفانەکە.
ئەمە جگە لەوەی دواتر لە میسۆپۆتامیای کۆندا، ڕوداوە سروشتییەکان و هاتنی هەر پاشایەکی نوێ و دانانی هەر میرێکی نوێ دەکرایە پێوەری ساڵنامە و بۆ نمونە کاتێک تۆمارێک دەنووسرا دەگوترا لە ساڵی دووەمی فەرمانڕەوایی فڵانە پاشادا یان دانانی فڵانە میردا بە پارێزگاری فڵانە شار یان هەرێم.
ئەم بارە لەسەردەمەکانی تریشدا بەردەوام بووە، دەسەڵاتتدارانی مەسیحی لەدایک بوونی حەزرەتی مەسیح (د.خ.) یان کردە سەرەتای ساڵی مەسیحی و دواتریش گشت دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان پێڕەوییان کرد.
هەروەها لە ئیسلام یشدا، ساڵی کۆچی پێغەمبەر (د.خ.) کە 622 ز. دەکات، کرایە سەرەتای دەستپێکی ساڵنامەی ئیسلامی, لە ئێرانیش دواتر ساڵنامەی کۆچی بە ڕۆژمێری هەتاوی داهێندرا و تا ئێستاش کاری پێدەکەن.
رۆژنامەی کوردستانی کۆماری مهاباد ساڵنامەی کۆچی بەکارهێناوە، لە دوای ساڵانی 1960 ەوە هەندێک نووسەری کورد لێرە و لەوێ، ساڵی 612پ.ز. وەک ساڵنامەی کوردی بەکارهێنا، بەڵام دواتر ئەو مەسیحیانەی خۆیان بە ئاشوری دەزانن(و لە ڕاستیشدا پەیوەندییان بەوانەوە نییە و سریانن) ڕەخنەیان گرت و وتیان چۆن ساڵی ڕوخانی ئیمپراتۆرییەتی ئاشوری و شیوەنی ئێمە دەکەنە ساڵنامەی خۆتان؟! لەبەر ئەوە نووسەرانی کورد لێرەو لەوێ هاتن ساڵی 700 پ.ز. یان وەک دەستپێکی ساڵنامەی کوردی دانا، ئەمەش بناغەیەکی وای نییە، و تەنها مەزەندەیەکە کە لەو ساڵەدا پاشایەتی لە میدیا پەیدابوو و دیاکۆ دەوڵەتی میدیای دامەزراندبێت، کە ئەوەش هیچ بەڵگەیەکی لەسەر نییە و پاشایانی میدیا سەد و پەنجا ساڵ پێش ئەو ساڵە هەر ناویان هەبووە و پاشابوون، و دیاکۆش چەند ساڵ پێش ئه و ساڵە فەرمانڕەوابووە، دانانی ساڵنامەی کوردیش بە 700پ.ز. لە هیچ کۆڕ و کۆنفڕانسێکی زانستی مێژوونووسان و شوێنەوارناسانی ئەم نیشتیمانەدا جێگیرنەکراوە و بەڵکو هەڕەمەکی هاتووە. کە ئەمەش دابڕانێکی لە بیری تاکی کوردیدا دروستکردووە کە پێش 700 پ.ز. پەیوەندی بە باپیرانی کوردەوە نییە، لەکاتێکدا مەسیحییەکانی عێراق زۆر زیرەکانەتر ئەم مێژوو داتاشینەیان بۆ ساڵنامە بەکارهێناوە و مێژووی ساڵنامەی ئەوان ئێستا ساڵی 6771 ئاشورییە، چونکە بە باوەڕی ئەوان ساڵی 4750پ.ز. یەکەم پەرستگە لە ئاشور دروستکراوە، لە کاتێکدا نە ئەوان پەیوەندییان بە ئاشورییە کۆنەکانەوە هەیە و نە ئه و پەرستگەیەش له و سەردەمەدا دروستکراوە، چونکە ساڵی 4750پ.ز. سەردەمی پێش نووسین و پێش مێژووە و تەنانەت پێش سومەرییەکانیشە، بەڵام ئەوان لە ڕووی ڕاگەیاندن و مێژووداتاشینەوە سەرکەوتووتربوون لە کورد و کوردیش بە بێ ئاگایی ڕابردووی هەزاران ساڵەی باپیرانی ڕاستەقینەی بە هی خۆی نازانێت و خۆی بە میدیا و کەیخوسرەوە بە تەنیا هەڵواسیوە، لە کاتێکدا میدییەکان تەنها زنجیرەیەک و بەشێکی زۆر بچووکن لە پێکهاتەی باپیرانی کورد، و خەڵکی کوردستان. لە کاتێکدا هەر وشەی ساڵ وشەیەکی خوررییەکانە و حەوت سەد ساڵ پێش ساڵی 700پ.ز. و لە سەدەی 14 پ.ز.دا لەلایەن توشراتای پاشای خورری ئیمپڕاتۆرییەتی میتانییەوە بەکارهێندراوە و ملوانکەیەک بە دیاری لەگەڵ نامەیەکدا بۆ باوکی ئەخناتونی میسر ئەنێرێ و پێی ئەڵێت ئەم ملوانکەیە سەد هەزار (شڤاڵا) لەملت بێت، دواتر گۆڕانکاری بەسەر وشەکەدا هاتووە و بەم شێوەیە: شڤاڵا-شواڵا-ساڵا-ساڵ.
لە ڕاستیدا ساڵنامانە تەنها بۆ تۆمارکردنی مێژوو و زانینی ساڵان گرنگن، ئەگەرنا ئەمانە تەنها ژمارەن و تەمەنی هەریەکێکمان ئەو چەند ساڵەیە کە خۆشمان نازانین کەی تەواو دەبێت، ئیتر گرنگ نییە لە چ ساڵێکداین و ژمارەکەی چەندە، و هیچ ساڵێکیش شوم نییە و هیچ ساڵێکیش بەخت هێنەر نییە، بەڵکو زۆربەی خۆشی و بەختەوەری و شەڕ و پێشوی و نەهامەتییەکان بەهۆی مرۆڤەوەن، لەوانەیە ئه و ساڵەی لە هەندێک شوێن خۆش بێت لە شوێنێکی تر ساڵێکی کارەساتاوی بێت. هیوای تەمەندرێژی و لەش ساغی و ساڵێکی پڕ بەرهەم بۆ هەموو لایەک.
وێنەکە: دوو نووسەر، یەکێکیان لەسەر تابلێتی قوڕین بە قامیش ئەنووسێت، ئەوی تریان لەسەر پێستە بە قامیشی مەرەکەبدار دەنووسێت. سەدەی هەشتەمی پ.ز. کۆشکی تل بارسیب(تەل ئەحمەڕ) لە خۆرئاوای کوردستان.[1]