چیرۆکەکە لە پردێیە.
هونەر ئەحمەد.
هەر بە تێپەر بوونم لە بازگەی پردێ بینیم پیاوێک لەسەر لێواری شەقامەکە وەستاوە کۆڵە پشتیەکی بە دەستەوەیە جلێکی سەربازی لە بەردایە و دیارە کە پێشمەرگەیە, ئۆتۆمبیلەکەم ڕاگرت و دەرگاکەم بۆ کردەوە خۆی نەوی کرد و پرسی بۆ کوێ گوتم بۆ هەولێر ئێ باشە بەس خۆ ئۆتۆمبیلی کرێ نیە, نا نا مامەگیان سەرکەوە زۆر سوپاس یارەبی خوای گەورە دەستی بە باڵاتەوە بێت, دوو کاتژمێرە لێرەم ئەوەندە دەستم ڕاگرت و کەس نەوەستا ئیتر بێزار بووم.
لێم پرسی پێشمەرگەی؟
بەڵێ لە لیوای دوو.
ئەی بۆ کوێ دەچیت؟
دەچمە کۆیە لە نزیک قوشتەپە ڕایگرە لەوێ چاوەرێ دەکەم تا خوای گەورە ڕەحم دەخاتە دڵی شۆفێرێکی بارهەڵگرە و لەگەڵیدا دەچمەوە کۆیە بۆ نێو ماڵ و منداڵم.
ئەی بۆ ناچیتە گەراج؟
سوێند بەخوا هەزار دینارم لە گیرفاندا نیە بەچی بچمەوە گەراج.
تەمەنت چەندە؟
من تەمەنم 54 ساڵە خاوەنی 8 سەر خێزانم.
ئەی هیچ منداڵێکت نیە هاوکاریت بکات؟
نا بەخوا برا منداڵەکانم هەمووی کچن ئێستا کە بەم بێ پارەییە دەچمەوە نازانم چیان پێ بڵێم.
ئەی ئێستا کە دەچیتەوە لە کۆیە ئیشی چی دەکەیت؟
من دەمویست زیاتر لە دۆخ و گوزەرانی ژیانی تێبگەم بەڵام هەموو پرسیارێکم خوێکردنە زامێک بوو.
برا با بۆت باس بکەم من کە دەگەرێمەوە کۆیە لەوێ قوتو کۆدەکەمەوە و دەیفرۆشم کیلۆی بە 300 دینار, دکتۆر پێی وتووم نابێت لە 8 کیلۆ زیاتر هەڵبگرم چونکە دەستی ڕاستم پلاتینی تێدایە و سینگیشم نەشتەرگەری بۆ کراوە.
نەخۆشیت هەیە؟
نا من 12 ساڵە عەدەد دۆشکەم لە شەری پردێ هاوەنێک کەوتە سەر بۆنیدی مێکزەمینەکەمان لەوێ بەشێوەیەک بریندار بووم کە ڕیخۆڵەم کەوتە سەر زەوی, حەمەرێگر هاتە سەر سەرم و هەڵی گرتم ووتی با تەرمەکەی نەکەوێتە دەستی دوژمن خوای گەورە ڕۆژی تەواو نەکردم و ڕزگار بوو, لەبەر ئەوە ناتوانم ئیشی قورس بکەم.
گفتوگۆی من و ئه و پێشمەرگەیە زۆر له و چەن دێرە زیاتر بوو, بەڵام ئەوەندە بەسە بۆئەوەی بزانرێت پێشمەرگە لە چی دۆخێکدایە, لەگەڵ هەموو ئه و نەهامەتیانەش داعش سەنگەرەکانیان دەکاتە ئامانج منداڵەکانیان کە لە ژیانی کوللە مەرگیدا دەژین لە نازی باوکیش بێبەش دەکرێن.
بەر پرسانی ئەم ووڵاتە کەی بیرێک له و دۆخە دەکەنەوە ؟
ئەوان سینگی خۆیان کردوە بە قەڵغان لە پێناو ئەم نیشتیمانە بەڵام ئەوەی کە سودی لێ دەبینێت ئێوە و نەوەکانتانن.
بۆچی پارچەیەک زەوەی بە پێشمەرگە ڕەوا نابینرێت بەڵام لە ناوجەرگەی هەولێر و سلێمانی و دهۆک خۆتان و کورەکانتان بە سەدان دۆنم زەوی بەناوی وەبەرهێنانەوە دەکەن بە شوقە و ئاپارتمان.
بۆچی بۆ بۆلیڤارد و لالاڤ و قەیوان گوندی ئەڵمانی و ئنگلیزی و ئیسپانی و دەیان پرۆژەی دیکە زەوی ئامادەیە ئەی پێشمەرگه؟
خۆ ئەگەر ئەو نموونەیە و دەیان و سەدان پێشمەرگەی دیکەی نەبوایە ئێستا ئێوە لە کوێ دەبون؟
ئایە بیرتان لەوە کردوەتەوە کە ئەگەر پێشمەرگە ئینتیمایی نەتەوەیی نەمێنێت چی ڕوودەدات؟
هەموو ئەوەی بونیادی دەنێن لە شه و ڕۆژێکدا دەروخێت, سوێند بەخوا دەروخێت.[1]