دەڤەری #ڕانیە# لە گەشتەکەی (مارک سایکس)دا
مارک سایکس سەرباز و دیپلۆمات و مەندوبی بەریتانیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە 15-05-1902 دەستی بەگەشتێکی فراوان کردووە بە تایبەت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە گەشتەکەیدا باشووری کوردستانی بەسەرکردۆتەوە و بە دەڤەری ڕانیەدا تێپەڕیوە، بەرهەمی ئه و گەیشتەی لە کتێبێکدا چاپ کردووە، بەناوی (Dar-Ul-Islam) لەساڵی 1904 بە چاپی گەیاندووە، لەلاپەڕە (215- 219)ی ئه و کتێبەدا باسی ڕانیە دەکات، کاتێک دێتە #سلێمانی# لەوێوە بۆ #دوکان# و بۆ #کۆیە#، له و بارەیەوە دەڵێت: شارۆچکەی کۆیسنجەق شارێکی بچووکترە و خانووەکانی کەمترن لە سلێمانی، لەسەر شێوەی کۆنی ئاشوورییەکان دروست کراوە، وەک ئەوانەی لە #موسڵ# ماونەتەوە، باخچەکان پڕ بوون لە دار قەیسی و هەنار و دڕوو.
هەندێ داری تر کە ناوە زانستیەکەمان نەزانی لەگەڵ هەندێ داری کێوی تێدابوو کە تامەکانیان زۆر خۆشن، قایمقام هەموو شتێکی بۆ ئێمە کرد، ئێمە بڕیارماندا لەگەڵ کەلوپەلەکانمان (جاکوب) بنێرین بۆ موسڵ لەڕێگای ناوچە ساردەکانەوە، دەبوایە خۆشمان درێژە بە گەشتەکەمان بدەین، نیگەرانی ئەوە بووین ڕێگاکەمان دوور بکەوێتەوە، ئێمە دەمانوویست قایمقام ڕازی بکەین بۆ ئەوەی ڕێگامان بدات خۆمان لەڕانیەوە بچین بۆ #ڕواندز#، ئه و گەشتەمان پێدەچوو هیوا بەخش بێت، چونکە بەگوێرەی نەخشە دەڕۆیشتین، یەکەم شه و گەیشتینە گوندی (خدران) کە شوێنی نیشتەجێ بوونی ئاغایەک بوو ئێستا لە ڕانیە دەژی.
بەیانی داهاتوو نیو سەعات پێش ئەوەی بگەین بە ڕانیە، بەشوێنێکدا تێپەڕین زنجیرە شاخێکی بەرداوی بوو لە پێنج لوتکەی نزم پێکهاتبوو، پێیان دەگووت: (دەهلیی بسمان) (دەبێ مەبەستی ڕێگای (دەرووبزمار) بێت لە زنجیرە چیای حاجیلە- کۆڵێن، ئێستاش جادەی گشتی پێدا دەڕوات) تۆزێکی تریش ڕۆیشتین گەیشتین بە قایمقام و (Cadi) و ئاغای ناوچەکە، لەگەڵ کۆمەڵێک سەربازی ئامادەکراو (مەشق پێکراو) کە ژمارەیان 60 شەست کەس بوون، پیاوی دڵسۆزی ئه و بوون، خزمیشی بوون، ئەفسەر و سەربازیشی لەگەڵ بوون، بەڕیز دەڕۆیشتن سڵاوی سەربازیان بۆ ڕێزی ئێمە نواند، ئەوانە خەڵکی ئازان، توندوتیژ دیارن، گروپێکی جەنگی چاونەترسن، شاخاوی هەڵکەوتوون، هەموویان جلی تایبەتی خۆیان لەبەردابوو، بەهۆی کاری دەوڵەت دەستیان کەوتبوو، شوێنی قۆپچەی پێوە بوو، به قۆپچە دادەخرا، دوای ئەوەی ڕێزمان لێ گیرا، بەیەکەوە بەره و ڕانیە ڕۆیشتین، 20 پیاویان لەدوای ئێمەوە دەڕۆیشتن، 20 بیستیشیان لە پێشەوە بوون، کاتێ 10 کەسیان لە جادەکە پەڕینەوە دەستیان ڕادەوشاند، بۆ ئەوەی ئێمە لە جادەکە بپەڕینەوە هاواریان دەکرد و دڵخۆش بوون، بانگیان دەکردین، کاتێک گەیشتین بە گوندەکە وەک هەمیشە ڕێنمایی کراین بۆ قۆناغ، کە ئامادە کرابوو، لەلایەن قایمقام، ڕانیە لەناو ئیمپڕاتۆریەتی دەوڵەتی تورکی دابوو، قۆناغی ڕانیە لە شوێنێک هەڵکەوتبوو، شوێنی چوونە ژوورەوە هەندێک لە دیوارەکانی ڕووخابوون، بانەکەشی دەستکاری نەکرابوو، چاک نەکرابووەوە، خانووەکە بنمیچەکەی نزم بوو، ڕووناکی لە دەرگاکانەوە دەهاتە ژوورەوە هەندێ کەلێنیش لە پەنجەرەکە دابوو، بە کاغەزێکی تایبەت گیرا بوو، بنمیچەکەی بەتورەکەی لێکدراو داپۆشرا بوو، هەندێک شوێنی داچۆڕا بوو، پێدەچوو شوێنی هێلانەی باڵندە (پەڕەسێلکە) بێت، هەموو ناو ژوورەکەش شوێنی دانیشتن و کەلوپەلەکانی تر لەتەختە دروست کرابوو، کورسیەکانی بە قوماشی سوور داپۆشرابوو، لە هەندێک شوێن بزماری لێ دەرکەوتبوو، لە کۆتایی ژوورەکە هەندێک بزمار لە دیوارەکە درابوو، بۆ پێداهەڵواسینی جل و بەرگی کاربەدەستان، ئه و هاوکاری کردنە ی بۆ ئێمە کرا هەمەجۆر و دڵخۆشکەر بوو.
شوێنی دانیشتی ڕەسمی قایمقام دەکەوتە دەستی چەپمان، قایمقام لە قایمقامیەت دادەنیشت، قایمقام کەسێکی به تەمەن بوو، مووی سپی بوون، لووتی درێژ بوو، دەمی بە زەردەخەنە بوو، زۆر بەڕێز بوو، لەتەنیشت (Cadi) دانیشتبوو، زانیاری هەبوو، دەربارەی دین و یاساکانی هاوسەرگیری، دەیتوانی نووسینەکانی قورئان شی بکاتەوە، بە شیرینترین شێوە دەری ببڕێت، نووسەری شارەوانی لەسەر کورسیەکەی دانیشتبوو، بەخێرایی دەینووسی بەقەڵەمێکی سەیر لەسەر پارچە کاغەزێک کە نووشتابووەوە لەنێوان پەنجەی گەورەی و پەنجەکانی تریدا، لەلاکەی تری ژوورەکەدا ئاغا دانیشتبوو، لەگەڵ چەند کەسێکی نەناسراو، ئاغا باڵای شەش پێ بەرز بوو، دەستی لەسەر خەنجەرەکەی دانا بوو، کاتێ لاقی لە زەوی دەخشاند، بۆ ئەوەی جگەرەکەی بکوژێنێتەوە، بەدەم خەندەوە، پیاوێکی ڕیش خۆڵەمێشی بوو، لووتێکی بەرزی هەبوو، سەرقۆڵەکانی هەڵدابوونەوە، یەکێکی تر لە ئەوان سەری وەکو سەری داڵ بوو، چەنەگەشی درێژ بوو، یەکێکی تر پیاوێکی ناشیرین بوو، درێژ بوو، یەکیان کورت بوو، یەکیان چاوی بەقوڵ داچوو بوو، هەموویان هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ئاغا جوان بوو، دڵسۆزی حکومەت بوون، هەموویان شێوەیان کوردانە بوو.
دوای سێ کوپ قاوە خواردنەوە و دوو کوپ چای ناخۆش، ڕێگامان پێدرا بڕۆین، بەناو ڕانیەدا گەڕاین و بینیمان گوندی ڕانیە بچووک بوو، شارۆچکەیەک بوو، لە 300 ماڵ، دانیشتوانی بریتی بوون لە خەڵکی هۆزی ئاکۆ و بلباس، شەقامەکانی پاک و خاوێن بوون، هەندێک شوێن پەرژین کرابوو، بۆ شوێنی مەڕ و ماڵات، دیار بوو خاوەنەکەی گرنگی زۆری پێدەدا و کارامە بوو.
دوای نیوەڕۆ قایمقام بانگهێشتی کردین بۆ خواردنەوەی چا، لە حەوشەی ماڵەکەیدا کە شوێنێکی کراوەی فراوان بوو، کۆمەڵێک کورسی دانرابوو، ناوی لێنرابوو قۆناغ، کورسیەکان کۆن بوون، پێچکەی کورسیەکان زۆر لاواز بوون، نەک هەر لاواز بوون، بەردەوام دەجوڵان و شەقەشەقیان بوو، ئاغا لە پلەیەکی کۆمەڵایەتی بەرز دابوو، ئەفسەری پۆلیسی لێ بوو، نووسەرێکی لێ بوو، بەردەوام دەینووسی، دوو پیاو چاکی عەرەبی لێ بوون، خەڵکی بەغداد بوون، ئاغا کەسێکی زۆر ژیر دیار بوو، هەرگیز پێکەنینی لەسەر لێو نەدەبینرا، کاتێک نووسەرەکە ئه و دەفتەرەی لەسەری دەنووسی بەتوندی گرتبوو، پێچکەی کورسیەکە جیڕە جیڕێکی ناخۆشی دروست کردبوو، ئاغا هەناسەیەکی قوڵی دایەوە، دیمەنێکی ترسناکی هەبوو، کابرایەک هاتە ژوورەوە، مەندیلێکی سپی لەسەر بوو، پێیان دەگووت مەلا، ڕاستەوخۆ ڕۆیشت بەهێواشی لەسەر کورسیەکە دانیشت، هەموو خەڵکەکە و ئەفسەرەکە هەستانەسەر پێ، هەموویان بەدەنگی بەرز قاقا پێدەکەنین، بەشێوەیەک ددانی دواوەیان دەرکەوتن، چەند خولەکێکی پێچوو کابرای نووسەر دەستی بەنووسین کردەوە، ئەفسەرەکە خۆی مۆڕ کردەوە، کاتێک ئاغا و مەلا و پیاوە عەرەبەکان بۆڵە بۆڵیان دەکرد، ئەفسەرەکە گازندەی کرد و بەسەریاندا قیژاندی.
بەیانی داهاتوو دەستمان بەڕۆیشتن کرد بۆ ڕواندز، لە دۆڵی باکووری خۆرئاوای ڕانیەوە (کەشوێنی نیشتەجێ بوونی هۆزی ئاکۆیە)، دوای 45 خولەک گەیشتینە ناوچەیەک ئاغایەکی کوردی لێ بوو، ناوی ئیبراهیم ئاغا بوو، ئیبراهیم ئاغا پیاوێکی باڵابەرز بوو، جوان بوو، تێگەیشتوو بوو، مێشکێکی (هەستێکی) کراوەی سەردەمی هەبوو، به و پێشوازیە تایبەتیەی لێی کردین، ئێمەی ئاسوودە کرد، ڕێگای پێداین وێنەیەکی بگرین، زوڕنا ژەنەکانی خێڵەکی ئاوازی زۆریان لێدەدا، بەخۆشی ئێمە، ئه و ئامێرە ئامێرێکی ژەنیاری سەرکەوتوو و هونەری بوون، لە دەرچوونی گەشتەکەمان ئاغا پاسەوانی ئێمەی کرد، تاکو گوندی دواتر، ئه و لەپڕ ئێمەی بەجێ هێشت، ئەفسەرەکەی لەگەڵ ئێمە بوو ڕوون کردنەوەیدا کە لەگەڵ ئامۆزاکەی ناخۆشی و هەڵە لەیەک تێگەیشتنیان هەیە، سەرەنجام ئێمە گەمارۆ دراین، لە باشووری دۆڵەکە، دواتر ئێمە دیمەنی زۆر جوانمان بینی، کاتێک بەره و گوڵان دەڕۆیشتین، گوندێک کەوتبووە سەر دەشتاییەک لەسەر لوتکەی شاخ ئاو و هەوایەکی یەکجار سەرسوڕهێنەری هەبوو، لەلای باشووری دۆڵەکە دۆڵێکی زۆر بەپیت بوو، تووتنی چاکی هەبوو، لە هەرە جۆرە باشەکەی بوو، باشترین جۆری کە هەموو ڕۆژێک بازرگانی لەپەرەسەندن دابوو.
لێرەوە ڕێگایەک دەچێت بۆ ڕواندز، ڕێگایەکی ناخۆش بوو بۆ ئەسپەکان، یەکێک پێشمان کەوت و (نال کیوان)مان تێپەڕاند، (لەوانەیە (ناوکێوان) بێت، چونکە لەوێ شوێنێک هەیە به و ناوە) پێهەڵگەڕاین بۆ بەشی باکووری، کاتێک گەیشتینە لوتکەی بەرزاییەکە ڕێبەرەکە گەیشتە سەر بستووەکە، دۆڵێکی بەرداوی بەره و خوار لێژ بووەوە، هەر دوولای دۆڵەکە بەردی گەورەی پێوە بوو، تۆزێک لەسەرەوەی ئێمە کە پێیدا ڕۆیشتین تاڤگەیەکی جوانی تێدابوو، ناوەکەی (گەروو مەنجەڵ) بوو، ئاوەکەی زۆر سارد بوو، دوای ئه و هەموو ماندوو بوونە بەبینینی ئەم دیمەنە هەستمان بە هێور بوونەوە کرد، کوردەکانی ڕواندز جل و بەرگی جیاواز لە ئاکۆ و بلباسیان لەبەردابوو، شەرواڵی فشیان لەبەردابوو، چاکەتێکی کورتیان لەبەردابوو، حەمامەیەکی بچووکیان لەسەر بوو، ئەوان پێدەچوو خەڵکی شاخاوی تر بوون، هیچ شارەزاییەکیان دەربارەی ئەسپ نەبوو.
هەرچەندە مارک سایکس زۆر باسی ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و بوارەکانی تری دانیشتوانی ڕانیە ناکات، بەڵام ژمارەی ماڵەکان و پاک و خاوێنی شەقامەکانی ڕانیە وادیارە تاڕادەیەک ئاوەدان بووە، ژمارەی ماڵەکان 300 ماڵ بووە، باسی پەرژینی ئاژەڵەکان و دواتریش تووتنی گوندی گوڵان (شاور) و هەر ڕۆژە نرخەکەی لە هەڵکشان دابووە، ئەمە بۆ ئه و سەردەمە و لەژێر زوڵم و ستەمی دەسەڵاتی عوسمانیدا لە چاو دواتردا کەم نەبووە، تاڕادەیەک ژیان لەناوچەکە ئاسایی بووە، چونکە دواتر بارودۆخی ناوچەکە گۆڕاوە، بەهۆی جەنگی یەکەمی جیهانی ژیان لەوپەڕی سەختی دابووە، ڕانیە دوای جەنگ وێران بووە و بەره و چۆڵ بوون ڕۆیشتووە، چونکە ئەدمۆندس جێگری حاکمی سیاسی ئینگلیز لە ڕانیە لەساڵی 1922 لەلاپەڕە (288)ی کتێبەکەیدا (کورد و تورک و عەرەب) دەربارەی ڕانیە دەڵێت: گوندی ڕانیە لەیەک مایلی ژێر کێوەڕەش هەڵکەوتووە و بەشێکی بەبناری تەپۆلکەیەکی تورەکەڕێژەوە سازکراوە و بەشەکەی تریشی لە دەشتێکی ساف و ڕێک دایە و ئه و کاتە نزیک بە شەست بنەماڵەی نفووس هەبوو، هەرچەندە بازاڕێکی دە دوازدە دوکانی و مزگەوت و کانیەکی پڕ ئاوی هەبوو، ئاوی کانیەکەی دەچووە نێو حەوزێکی بەردی لەژێر سێبەری چنارە پڕ لق و پۆپەکانەوە دیمەنێکی جوانی پێکهێنابوو، بەڵام جێیەکی خۆش و دڵگیر نەبوو، لە چوار مایلی باکووری ڕۆژئاوا بەر لەوەی ڕووباری شاور بگاتە ناودەشتەکە، گوندی (سەرکەپکان)ی ئاکۆ بەڕۆخی ڕووبارەکەوە بوو، بەڕای من بۆ ناوەند گەلێک لە لەڕانیە و دەربەند باشتر بوو.
لەکاتی جەنگدا ڕانیە سەختی و مەینەتی زۆری بەسەرداهات، بەهۆی کارەسات و نەهامەتی جەنگی یەکەمەوە ڕانیە بەره و وێران بوون چوو، جێگای سەرسوڕمان نیە ئەگەر ڕانیە له و سەردەمەدا دیمەن و ڕواڵەتێکی توک لێکراوی ئازار دیتووی هەبوو، چونکە لەدوای ساڵەکانی شەڕ هەموو کارەکانی وەستا و خانووەکانی ڕووخان و جوانیەکەی لەناوچوو، نەداری و برسیەتی خەڵک و ئاژەڵەکانی قڕ کرد، وەرزێرەکان زەویەکانیان بەجێ هێشت و کۆچیان کرد بۆ شوێنانی تر، سەرەڕای چەوسانەوەی زۆری تورکان بۆردومان و بۆمبابارانی فڕۆکەکانی ئینگلیز شارەکەیان وێران کرد، بەشێوەیەک چەند ساڵێک دواتر یونس ڕەئوف (#دڵدار#)ی شاعیر کە دێتە شارەکە بەکەلاوەی تێدەگا.
#ڕەسوڵ بۆسکێنی#
04-02-2017
مارک سایکس: سەرباز و دیبلۆمات و مەندوبی بەریتانیا بووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سیاسەتمەداری (Conservative part) بووە. لەگەڵ (جۆرج بیکۆ)ی فەڕەنسی ڕیکەوتنامەی (سایکس-بیکۆ)ی ئەنجامداوە، لە 16-3-1879 لەبەریتانیا لە دایک بووە، لە خوێندن گەیشتۆتە زانکۆ، زانکۆی بۆ تەواو نەکراوە، چووە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرپەرشتیار بووە، لە 28-2-1902 کراوە بە کاپتن و گەڕێنراوەتەوە بەریتانیا، لە 15-5-1902 دەستی بەگەشتێکی فراوان کردووە بە تایبەت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ساڵی 1904-1905 ئەندام پەرلەمان بووە، دواتر چووە بۆ وەزارەتی بەرگری لەکاتی جەنگی یەکەمی جیهانی لە 16-2-1919 لەتەمەنی 39 ساڵیدا لە فەڕەنسا- پاریس کۆچی دوایی کردووە، بەنەخۆشی تای ئیسپانی.
تێبینی: سوپاس بۆ دلێر کوڕی گەورەمان کە لە وەرگێڕانی دەقە ئینگلیزیەکەدا هاوکاری کردم.