ناوی کتێب: بەرەو قورئان.
نوسینی: ئیبراهیم عومەر سەکران.
وەرگێڕانی: سۆیلا حەمە ڕەشید.
لە کتێبەکەوە:
لە سەرسوڕهێنەرترین نهێنیەکانی قورئان و ئەوەی زۆر سەرنجڕاکێشە ئەو هێزە سەیر و نامۆیەیە کە دەروونەکان بۆی ملکەچ دەبن لە کاتێکدا گوێی لێدەگرنهێز و هەیبەتی قورئان دیاردەیەکە ئاوەزەکانی سەرسام کردووە.
کاتێک دەنگی خوێنەری قورئان بە ژوورێکدا بڵاودەبێتەوە، ئەوا ئارامی و ئاسودەییەکی هەستپێکراو لە هەموو لایەکەوە بەسەر ئەو شوێنەدا دادەبارێت، هەستدەکەیت دڵەڕاوکێ ئەو شوێنە جێدەهێڵێت، وەک بڵێیت بێگیانەکانی دەوروبەرت بێدەنگیان بەسەردا بڕاوە، وەک بڵێت بزاوتەکان وەستاون، لەوێدا هەست بە شتێک دەکەیت بەڵام ناتوانیت دەری ببڕیت.
کاتێک لە ژوورەکەتدایت_بۆ نموونە_ ئاوازی قورئانخوێنێک کە لە مۆبایلەکەتەوە دێت، یاخود لە ئۆتۆمبێلەکەتدایت و لە چاوەڕوانی کردندایت، دەنگی ڕادیۆکەت دەچێتە سەر پێشکەشکردنی ئەو ئایاتەنەی لە حەڕەمی پیرۆز تۆمارکراون، هەستدەکەیت هێدی هێدی بێدەنگی و ئارامییەکی سەیر دەوروبەرت دەتەنێت، وەک بڵێی لە کارگەیەکی قەرەباڵغ و پڕ لە ئامێر وبزوێنەردایت و لەپڕ بە یەکجار هەموو شت لەکار دەکەوێت و دەوەستێت، وەک بڵێی تەوژمی کارەبا بە یەکجار لەو کارگەیەدا دەپچڕێت، بێدەنگی زاڵ دەبێت و ڕووناکیەکان دەکوژێنەوە و ئارامی باڵ بەسەر شوێنەکدا دەکێشێت. ئەوە دیاردەیەکی هەستپێکراوە کە قورئانی پیرۆز لە دەروونەکاندا دروستی دەکات، زۆرێک لە خەڵکی بە زمانێکی پڕ لە حەیرانی و سەرسامیەوە باسیان لێوەکردووە.[1]