عەدێ و مەدێ 11
مەلا تەلقینی تەواو کرد و فاتیحەی لێدا، خەرک هەموو فاتیحەی خیند و عەدێ و مەدێ هەر لووشمە لووشمیان بوو لەسەر قەبری ژنەی، دوو سێ زەلام هاتن قۆریان گرتن و قیتیان کردنەوە، بەشەکی زۆری خەرکی سەرەخۆشی لە عەدێ و مەدێی دەکرد و وایان دەزانی ئەو دووە برای پشتی مردیەکەینە، وەختەکی زەلامەک گۆتی : کاکە خوا خێرتان بنووسی و گەردەنی ڕەحمەتی ئازا کەن، بەخۆتان دەزانن لەبەر ئەو وەزعەی ئەمە ناتانین تازیەی دانێین لۆیێ داوای لێبوردن دەکەین و خوا خێرتان بنووسی، داوای لێبوردنیش دەکەین کە خاری گەورەمان نەیتانی ئامادەی سەر قەبران بی، چونکە کۆبوونەوەکی گرنگی هەبوو، دەکرێ بە نامە سەرەخۆشی لۆ بنێرن !
عەدێ و مەدێ وەکی تەئکید بوون کابرای مەسوول نەهاتیە و هێدی هێدی هێور بوونەوە و وازیان لە گریان و بابە ڕۆیی هینا، کەس و کاری مردی لە لایەکی ڕاوەستا بوون و خوا حافیزیان لە خەرکی دەکرد، عەدێ و مەدێ چووبوون لە ڕێزی وان ڕاوەستا بوون و دەستیان برند دەکرد و خواحافیزیان لە خەرکی دەکرد، ئەمن خوا خوام بوو بڕۆم و نەجاتم بی، ئەوانیش زیاتر و زیاتر خۆیان تاخیر دەکرد !
وەختەکی بەس کەس و کاری مردی مانەوە، چوومە کن عەدێ و مەدێی و گۆتم : ئەرێ کاکە بەس نیە، نەڕۆین، قاتی شەوێ حەرەساتی لە قەبرەکەی ناگرن ! مەدێ سەری هینا پێش و گۆتی : ئێستا زۆر زۆر باش تێدەگەم کە ئەتوو تێناگەی، جارێ وەختی ڕۆیشتنێ نیە و سەبر بگرە ! خزمی مردیەکەی گۆتیان : دەی کاکە دەوجە با فاتیحەکیدی بخینین و بچینەوە مارێ، عەدێ یەک بە دەنگی هاواری کرد : ئەلفاتیعە ! خەرکەکە هەمووی ئاوڕی داوە، وەکی برێی گۆتیان : ئەو نێرکە کاردیە کێ یە وا فاتیحەی لێدەدا !
فاتیحەکە خیندرا و خەرکەکە هوردە هوردە خشی لۆلای تڕومبێلەکانیان، ئەمنیش لەگەر عەدێ و مەدێی چووم لۆلای تڕومبێلی، عەدێ گۆتیە مەدێی : دەزانی ئەو گریان و ڕۆڕۆیەمان بەلاش چوو ! مەدێ گۆتی : لۆ ؟ ئەویش گۆتی : ئێ کا، خۆ ئەو مەسوولە گەوادە نەهاتبووە سەر قەبران و بمانبینی چ شینەکمان کرد ! مەدێ گۆتی : بەلاش نەچووە، هەزار تەقریر نووس لەسە قەبران، بە دور و درێژی لۆی دەنووسن کێ شینی لۆ کردی ! عەدێ گۆتی : ڕاست دەکەی، دەوجە با بچینەوە ماری و لەوێ خۆ بەردەینەوە، بەشکو لێدەدەین لە برنج و ترشەکەی ! گۆتم : یەعنی ئەنگۆ بە تەمانە بچنەوە ماریان ؟ گۆتیان : تەبعەن، ئەدی خۆ بەلاش و حەلاش نایێینەوە مارێ ! گۆتم : دە گێ بدەنێ، نەک سێ تەراق، حەفتا تەراقیش بخۆن، ئەمن لەگەرتان نایێم، دەوجە ئەنگۆ هەر بڕۆن لەوێ هێسکی بڕنێننەوە، داوەشێن ئەرێوەڵلا کۆیلەینە، بێ خواحافیزی ڕاست بەجێم هێشتن، عەدێ دوو سێ جار هاواری کرد : مەڕۆ، کورە مەڕۆ ! مەدێ گۆتی : وازی لێبینە، چونکە ئەو کابرایە تێناگا و تێناگا !
مایتی.[1]