عەدێ و مەدێ 29
ئەمن وەکی چاوم بە مدیر شورتەی کەت وا لەبن دەست و پێی مەجۆی هەرەقۆزتەوە، زەندەقم چوو، گۆتم: ئەوها بڕوا خاری عەدێ و مەدێی کەس ناهێلیتەوە نەیداتە بەر شەق و پێلەقان! عەدێ و مەدێ غاریان دا مدیر شورتەیی و وەریگەڕانێ بە پێلەقان، هەر پێلەقەی لێیان دەدا هەندەیان برند و نوی دەکرد! لە دری خۆم گۆتم باشە ئەو گۆلکە ئەوەی دەینی ئەو هەموو خەرکەی لەسەر فەلاقە بکەی! قابیلە چێرەکەی بەنی ئیسرائیلی بی یان گۆلکی عوزێر پێغەمبەری بی! مەدێ تووند خینخینۆکی مدیر شورتەی گرتبوو، دەیگۆ پێم برێ چت لەو گۆلکەی کرد هەی لە گۆلکی کەمتر! چووم غارم دا و مدیر شورتەم لەبە دەستیان دەرینا و گۆتم: هێواش کاکە هێواش، ئاخر ئەگەر ڕێزی ئەو پیاوەش ناگرن، ڕێز لەو هەموو نەجمەو عامفەرینەی بنێن کەلەسەر شانیتی! عەدێ و مەدێ گۆتیان: بەس بزانین ئەتوو کەنگی تێدەگەی؟ بابە مەوزوع گۆلک نیە، مەوزوع خارە خار! فیل هەیە دەست لۆ چشتەکی ببا کە ناوی خاری لێهاتبی! دەتێبگە تێ! خار بەجواب هات و گۆتی: وازی لێبینن و بابێ دوو قسەی لەگەر بکەم، مدیر شورتەیان بردە پێش خاری، خار قیت بۆوە و بەینەکی تەماشای کرد، ئەوجە گۆتی: پێم برێ بزانم چت لەو گۆلکەی کرد؟ مدیر شورتە هەندیان لێدا بوو، هەموو دەم و چاوی سۆر ببۆوە، گۆتی: وەڵلاهی چت لێ بشارمەوە، لۆ وەکیل وەزیری ناوخۆم نارد! خار گۆتی: باشە کەس پیاوەتی بە ئاوی عەمامێ کردیە، ئەو گۆلکە مارەیی داکت بوو هەتا بە کەیفی خۆت هیشکە پیاوەتی پێ بکەیی و لۆ وەکیل وەزیرەکی تڕکەنی بنێری!
ئەمن خۆم پێ ڕانەگیرا و لە قریتەی پێکەنینێم دا، هەموو ئاوڕیان لۆلای من داوە، هەرچەند ویستم خۆم بگرم، خۆم پێ ڕانەگیرا، خار هەر دوو چاوی سۆر هەرگەڕا بوون، لە خەفەتی من دەماغی دەکورا، گۆتم: تەواو ئەوجارە تێکەتم، خوا ڕەحمی کرد عەدێ و مەدێ هاتن پارەکیان بە من وەنا و ئەمنیان دوور هێخستەوە، خاریش بە گۆپاران کەتە سەر مدیر شورتەیی و گۆتی: کەری کەرباب، بوویە ئەو پیاوە پیاوەتی بە گۆلکی من بکەی! لێدە و بووکتە، مەجۆ لەو سەری ڕاهات و وەکی ڤان دامی هەتا قووەتی هەبوو خۆی برند کرد و هەر دوو لاقی جۆت کرد و گۆتی: ئیوو هوووووو، هەر دووکی لە پشتەوە ڕا لە کەلاکەی مدیر شورتەی دا، مدیر شورتە بە تەقلە غلۆر بۆوە لۆ ناو مەسبەحی، لە بێ بەختی خۆشی چونکە مەلەوانی نەدەزانی، دەستی بە برقەبرقێ کرد و شۆڕ بۆوە لۆ بنی مەسبەحی!
مایتی.[1]