عەدێ و مەدێ 31
عەدێ گۆتی: ماشەڵلا خارم دەرێی شێرە، دەبینی چ بە وەکیل وەزیری دەرێ! مەدێ گۆتی: وەڵلا ئەگەر پیکابە گۆلکەک بێ، ئەمە سەر و گۆلکەکمان بەبەردەکەوی، مەعنای وەیە بەسافی دەچینەوە مارێ! خار گۆتیە مدیر شورتەی: گێبدە من ئەگەر وەکیل وەزیر پیکابە گۆلکەکەی نەهینا، ئەمە پارەی گۆلکیمان لەتوو دەوێ، ڕووی لە مەدێی کرد و گۆتی: پیرە سە، ئەو گۆلکەت بە چەندی کڕیبوو؟ مەدێ گۆتی: بە ملیۆن و نیوەکی خارە! خار گۆتی: برێ پێنج ملیۆن، ئەوە ئەمن پێنج ملیۆنم لەسەر مدیر شورتەی کردە مار، ئەوجە ئەگەر ئازایە خۆی بادەدا!
ئەمە چاوەڕێ بووین وەکیل وەزیر بە خۆ و بە پیکابەوە بێ، وەختەکی سێ چار بەند بێژ بە خۆ و بە تەپر و مۆسیقای بە دوو تەنیەکی هاتن! عەدێ و مەدێ گۆتیان: ئەوجە بەزم خۆش دەبی، وەڵلا وەڵلا دەبی هەند هەرپەڕین لەناو ئارەقەی غەرق بین، خۆ ئەمە لە ئاخیری هەر هەرپەڕین و قوون بادانەکەمان لۆ دەمینێتەوە! گۆتم: مادام وەیە ئەمن دەڕۆم و ئەنگۆش تێر هەرپەڕن، بەخوای ئەنگۆ بەس لۆ هەندێ باشن!
بەند بێژەکان لە دوو تەنی دابەزین و سەلامیان کرد، خار گۆتی: دەک بەخێر نێن، باشە ئەوە ئەمن سعاتەکە چاوەڕێتان دەکەم ئەنگۆ لۆ تاخیر بوون، ئەنگۆ بەس لە هەندێ ئازانە جیقەجیقەکی بکەن و ئاخیریش هەنکی یەک کەری بخۆن! ئێک لە بەند بێژەکان گۆتی: وەڵلاهی خارە دەبی قسووریمان عەفووکەی، تڕومبێلەکەمان لەرێیێ پەنچەر بوو، ئیدی هەتا تایەمان گۆڕی درەنگمان بەسەر داهات!
خار چ وەرامی نەدانەوە، مەجۆ چووە پێش و گۆتی: خارە پێت کووە بیاندەمە بەر شەق و پێلەقان و بڕەک قالبیان نەرم کەمەوە! عەدێ و مەدێ گۆتیان: وەڵلاهی خارە خۆ ئەوانە مستەهەقن، دەلێگەڕێ با عەفلەکیان لۆ بکەین! خار گۆتی: ناوەڵلا کووە فڕێیان دەینە ناو ئەو عەوزە ئاوەیی و بە دەردی مدیر شورتەیان ببەین و بڕەکیان پێ پێبکەنین! خار هێشتا قسەی تەواو نەکردبوو، مەجۆ پڕیدا بەندبێژەکی و وەکی شفتی برندی کرد و سەرا و سەر فڕێی دا ناو مەسبەحەکەی!
مایتی.[1]