ناونیشانی بابەت ڕێزمان چییە؟[1]
ڕێزمان بە چەندین شێوە لە لایەن زمانەوان و زمانناسانەوە ناسێنراوە و پێناسە کراوە، لەوانە:
ü ڕژێمێکە لە یاسا و پەرنسیپ.
ü پردی پێوەندییە لە نیوان دەنگ و واتادا.
ü کۆمەڵە یاسایەکە لە مێشکی مرۆڤدایە بۆ خستنەپاڵیەکی کەرەستەکان و دروستکردنی ڕستە کە گەورەترین دانەی زمانە...
باشترین ڕێزمانیش ئەو ڕێزمانەیە، کە یاساکانی گشتی بن و شازیی زۆر نەبێت. یاساکانی ڕێزمان ئەگەر ڕاست بوون و لەگەڵ سەلیقەی قسەپێکەرانی زمانەکەدا گونجان ئەوا دەچنە نێو مێشکیانەوە، دەنا بە پێچەوانەوە ناتوانن وەریان بگرن...
ئاشکرایە کە زمان دیاردەیەکی ئاڵۆز بە نێو یەکداچووە و شیکردنەوەی بە جارێک شتێکی ئاسان نییە، بۆ ئەم مەبەستەش زمانەوانان زمانیان کردووە بە چەند ئاستێک، بە جۆرێک بچووکترین و سادەترین کەرەستەی زمان ئەو دەنگانەن کە بەهۆی ئەندامەکانی ئاخاوتنەوە دروست دەکرێن، گەورەترین دانەش لە ڕێزمانی زماندا ڕستەیە...
پێوەندیی نێوان ئەم سادەترین و ئاڵۆزترین پێکهاتانە لەسەر پێڕەوێکی تەپۆلکەیی بنیات نراوە، کە ئەمەش یەکێکە لە دەستکەوتەکانی زمانەوانیی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم و بە ئاستەکانی شیکردنەوە ناسراوە...
لە لای زمانەوانە بونیادگەرەکان لە بچووکترین کەرەستەوە بۆ گەوەرترین کەرەستە دەچن، کە ئەمەش پێچەوانەی تەحویلییەکانە (چۆمسکی) چونکە ئەوان لە ڕستەوە بەرەو فۆنیم و دەنگ دەچن...
گرنگترین پڕۆسەش لە زماندا ئەم لێکدان و ڕیزبوونەیە، نەک ژمارەی دەنگ و وشەکان، چونکە ئەگەر مرۆڤ بە ژمارەیەکی کەمی دەنگ توانیبێتی ژمارەیەکی زۆر وشە دروست بکات، ئەوا بەم ژمارە وشەیە توانیویەتی ژمارەیەکی زۆرتری ڕستە دروست بکات...
دەبێت ئەوەش بزانین کە ئەم لێکدان و ڕیزبوونە و دروستکردنی ئەم پێکهاتانە لە خۆوە و هەڕەمەکی نییە بەڵکو بەپێی یاسا و ڕێسایە، بە جۆرێک کە فۆنیمەکان لە دەنگەکانەوە دەستنیشان دەکرێن و بە فۆنیمێک یان زیاتر مۆرفیمێک پێک دێنن و بە مۆرفیمێک یان زیاتر وشە و، بە وشەیەکی یان زیاتر فرێز پێک دێت، چەند فرێزێکیش ڕستە دروست دەکەن…
نیشاندانی جۆری پێوەندیی چۆنیەتی لە یەکدانی (دەنگ، فۆنیم، بڕگە، مۆرفیم، وشە، فرێز) لە نێو چوارچێوەی ڕستەدا ڕێزمانی زمانەکەیە …
ئامادەکردنی:
خۆشناو مامۆستا عەزیز قەڵادزەیی
خوێندکاری ماستەر لە زانکۆی کۆیە