جێگری بکەر چییە؟
جێگری بکەر:- ناوێک یاخود جێناوێکی سەربەخۆیە کە لە ڕستەدا ئەرک و شوێنی دەگۆڕدرێت لە بەرکارەوە بۆ جێگری بکەر و دەبێته هۆی دروستبوونی (ڕستەی بکەرنادیار).
واتە جێگری بکەر بەشی یەکەمی ڕستەی بکەرنادیارە و لە ڕستەی بکەردیاری تێپەڕ بنیات دەنرێت. ئەگەر کاری ڕستەکە تێنەپەڕ بوو، ئەوا پێویستە جۆری کارەکە لە تێنەپەڕەوە بگۆڕین بۆ کارێکی تێپەڕ و پاشان ڕستەی بکەرنادیاری لێ دروست بکەین.
$چۆنێتیی دروستکردنی ڕستەی بکەرنادیار$:-
1. لابردنی بکەر و ئه و جێناوە لکاوەی کە پەیوەستە بە بکەرەکەوە لە ڕستەکەدا. بۆ نموونە:
(ئازاد خواردنەکەی هێنا. __ خواردنەکە هێنا)
2. وەرگرتنی ڕەگی کاری ڕستەکە. پاشان ئەگەر کاتی کاری ڕستەکە ڕابردوو بوو ئەوا مۆرفێمی نادیار و کاتی ڕابردوو (را) دەخرێتە کۆتایی ڕەگی کارەکە، بۆ نموونە:
(هێنا – هێن = هێنرا --- خواردنەکە هێنرا.).
ئەگەر کاتی کارەکە ڕانەبردوو بوو ئەوا مۆرفێمی نادیار و کاتی ڕانەبردوو (رێ) دەخرێتە کۆتایی کارەکە، بۆ نموونە:
(دەهێنرێ --- خواردنەکە دەهێنرێ.)
3. جێگیرکردنی بەرکارەکە له جێگەی بکەر و پاشان زیادکردنی جێناوێکی لکاو بۆ کۆتاییی کارەکە بەپێی کەس و ژمارەی جێگری بکەرەکە. بۆنموونە:
(خواردنەکە خورا. خواردنەکە دەخورێت.)
4. جێگری بکەرەکە بەپێی کەس و ژمارەی خۆی جێناوێکی لکاو لەم جێناوەلکاوانە (م - ین، یت - ن، 0 - ێت، ن) وەردەگرێت و دەیخاتە کۆتاییی کارەکە. ئەوەی جێگەی سەرنجە لێرەدا ئەوەیە کە جێگری بکەر لە وەرگرتنی جێناوەلکاوەکاندا تایبەتمەندییەکی دیار بۆ خۆی دروست دەکات ئەویش بەهۆی ئەوەی کە جێناوی لکاو بۆ کەسی سێیەمی تاک (ات) لە دەمی ڕانەبردوودا وەرنارگرێت.
جێناوی لکاو بۆ کەسی سێیەمی تاک لە دەمی ڕابردوودا نییە، بەڵام بۆ دەمی ڕانەبردوو (ێت)ە.
5. جێگری بکەر (بەرکار)ەکە، کاتیک ناوێکی گشتی بوو ئەوا هەڵگری یەکێ یان زیاتر لە نیشانەکانی ناسراوی و نەناسراوی و تاک و کۆیە. بۆ نموونە:
(کوڕێک هێنرا. کوڕەکە هێنرا. کوڕەکان هێنران.)
6. ڕەگی ئه و کارانەی کە بە بزوێنی (ە) کۆتایییان هاتووە، لە کاتی زیادکردنی مۆرفێمی نادیاری و کاتدا، بزوێنەکەی لەناو دەچێت، بۆ نموونە:
(کردن = که، کرا، دەکرێ. بردن = بە، برا، دەبرێ)
7. ڕەگی ئه و کارانەی کە کۆتاییان بە (ر، ڕ) هاتووە (د) دەخرێتە نێوان مۆرفێمی نادیار و کۆتاییی ڕەگی کارەکە، بۆ ئاسانکاری لە دەربڕیندا. بۆ نموونه:
(ناردن = نێر، نێردرا، دەنێردرێ. بڕین = بڕ، بڕدرا، دەبڕدرێ).
8. ئەگەر کرداری ڕستەکە تێنەپەڕ بوو ئەوا کردارەکە دەگۆڕین بۆ کارێکی تێپەڕ. ئەویش له ڕێگەی (زیادکردنی پاشگری (اندن) بۆ سەر ڕەگی کارەکه، وەک:
(سووتان + اندن –— سووتاندن = نەسرین نانەکەی سووتاند. — نانەکە سووتێنرا). یاخود وەرگرتنی وشەی بەرامبەری لە کارە تێپەرەکاندا، وەک:
(کەوتن = خستن — شێرکۆ منداڵەکەی خست. — منداڵەکە خرا.).
لەم وتارەدا بەکورتی باسی چۆنێتیی گۆڕینی کاری تێنەپەڕ بۆ تێپەڕمان کردووە بۆ ئەوەی ناوەڕۆکی بابەتەکە لە ناونیشانی وتارەکە دوور نەخەینەوە.
$چەند نموونەیەک لە ڕستەی بکەردیار و بکەرنادیار$:
$ڕانەبردوو$
$ڕابردوو$
$بکەردیار$:
هەژار کوڕێک دەهێنێت.
هەژار کوڕێکی هێنا.
$بکەرنادیار$:
کوڕێک دەهێنرێت.
کوڕێک هێنرا.
$بکەردیار$:
هەژار نانەکە دەسووتێنێت.
هەژار نانەکەی سووتاند.
$بکەرنادیار$:
نانەکە دەسووتێت.
ناکەکە سووتێنرا.
$بکەردیار$:
ئێوە ئیمە دەهێنن.
ئێوە ئێمەتان هێنا.
$بکەرنادیار$:
ئێمە دەهێنرێین.
ئێمە هێنراین.
$بکەردیار$:
نانەکە دەسووتێت. (تێنەپەڕ)
نانەکە سووتا. (تێنەپەڕ)
بەفراو نانەکە دەسووتێنێت. (تێپەڕ)
بەفراو نانەکەی سووتاند. (تێپەڕ)
$بکەرنادیار$:
نانەکە دەسووتێنرێت.
نانەکە سووتێنرا.
$بکەردیار$:
ئێوە دەکەون. (تێنەپەڕ)
ئێوە کەوتن. (تێنەپەڕ)
ئازاد ئێوە دەخات. (تێپەڕ)
ئازاد ئێوەی خست. (تێپەڕ)
$بکەرنادیار$:
ئێوە دەخرێن.
ئێوە خران.
$بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودم لەم سەرچاوانە وەرگرتووە$:
1. ڕێزمانی ئاخاوتنی کوردی، بەپێی لێکۆڵینەوەی زمان و زانستەکانی لە کۆڕی زانیاریی کورد.[1]
2. ئاسۆیەکی تری زمانەوانی، پرۆفیسۆر د. وریا عومەر ئەمین.[2]
3. نەخشەی ڕۆنانی ڕێژەی کار، د. شێرکۆ بابن.
ئامادەکردنی: عەدنان ئەحمەد[3]