عەدێ و مەدێ 34
گۆتی: لەوانەیە پێم باوەڕ نەکەی، گۆتم: با پێت باوەڕ دەکەم، گۆتی: وەڵلاهی چت لێ بشارمەوە، هەناوی ئەو گۆلکەی پڕی تریاکە! گۆتم: چ چ؟ گۆتی: پڕی تریاکە، ئەو کابرایە خەریکی کڕین و فرۆشتنی تریاکیە، هەر جاری دە پازدە گۆلکەکی لۆ لەو دیووی پڕی تریاک دەکەن، دێتە ئێرە، لێرە لە هەناوی دەردەینی و دەیفرۆشی! گۆتم: ئەوجە لەکێ دەفرۆشی؟ گۆتی: هەتا بەسرەی دەڕوا، نەفەری هەیە دەیانداتێ و ئەوانیش دەیفرۆشنەوە! گۆتم: برێ لۆیێ ئەوها مشەوەش بووە! گۆتی: ئەدی، گۆتم: عەدێ و مەدێ بەو بەزمەی دەزانن؟ گۆتی: ئەوان کۆیلەنە، لەکنیان مهیم نیە بزانن یان نا، گۆلکی سەردەبڕن، ئەو تریاکەی تێیدایە دادەنێن، کابرایەک دێ لێیان وەردەگری، ئەوانیش گۆشتەکەی دەکەنە خێری خاری و بەخۆشیان تێری لێ دەخۆن!
هەتا گەیشتینە سەر جادەی هەر فکرم لەو قسانە دەکردەوە، باشە ئەو میللەتە فەقیرە لۆ ئەوهای بەسەهات، لۆ وەها ماری وێران بوو بەدەست ئەو نەوعە کەسانە! گەیشتینە سەر جادەیی و کابرا ڕایگرت، گۆتی: چاوەکەم لەکن کەس باس نەکەی، فکریش لەوەی نەکەیەوە شکایەت بکەی، وەڵلا وەبیللا لە دوڕ ماری خۆت دەتکوژن و کەسیش خۆت لێ ناکاتە ساحێب! گۆتم: کاکە مارت ئاوابی و مەمنونتم، خوات لەگەربی!
تەکسیەک هات و سوار بووم، سایەق تەکسی سیدیەکی خدر بێگەڵاسی ناسرای بە چاو مەست هەڵۆی کوردستانی هاویشتبووە سەرێ و هەموو دەنگی دابوێ، سەری لەگە دەلەقاند و ملی بادەدا! گۆتم: دیارە زۆر حەزت لەو دەنگەیە؟ گۆتی: ئەو خواردن و خەوی منە، چاومانە چاو مەست! گۆتم: مووەفەقی ئیشاڵلا! بڕیارم دا چیدی لەگەر نەرێم، ترسام ئەو سیدیەی بینتە خوارێ و سیدیەکی ئازۆ بێ منەتی باوێتە سەرێ!
گەیشتمەوە کۆرانێ، تەماشا دەکەم بەدیعە تەنگەستووری داکی عەدێ و مەدێی لە پێش دەرکەی لەسەر بلۆکەکی ڕەسیفی دانیشتیە و جغارەکی بە لا لێوی وەیە، قوومی لێدەدا و دووکەرەکەی لە کەپووی دەردەینی، هەر چاوی بەمن کەت گۆتی: کووڕەی چورچە معاون، ئەدێ کا عەدێ و مەدێ؟ گۆتم: دەی بزانە تیرەکم لێنادەی و وەرمگێڕی! گۆتی: زمانی چەند درێژە زمان، دەرێی کی....ە سەیە! بە تەلەفۆنەکی بزرت کەم!
مایتی.[1]