ئەم ڕۆژانە تێدەپەڕن
ساڵ ساڵی 988 1 بوو. برادەرەکەم لە بەشی ناوخۆیی لە لوتکەی نائومێدیدابوو. پێی وابوو سەرکەوتتنی ئەمجارەی بەعس جیایە لە جاران و سەرکەوتنێکی ڕەهایە؟! ئەنفال، کیمیاباران، وێرانکردنی هەزاران گوندو شارۆچکەی کوردستان ئومێدی لە دڵی زۆر کەس دزیبوو. ڕومتێکردو وتم: خۆشەویستم کورت بیردەکەیتەوە، تۆزێ بڵند سەیرکە، ڕۆژێک دێت لە کوردستاندا بۆ ژانەچاو بگەڕێی بەعسیەکی تیانامێنێت. بۆ برادەرەکەم و هاووێنەکانی لەو کاتەدا ئەم چەند دێڕەم نوسی:
ئەم ڕۆژانە تێدەپەڕن برای شیرین
ڕۆژێ دادێ کە وا دەبنە مێژووی دێرین
دەبا بۆ تۆ ببنە مێژووی هەوڵ و خەبات
ببنە توێشوی ڕوسوری بەردەمی خودات
ئەو دوکەڵە خەست و خۆڵەی تۆ دەیبینی
کە وا لەبەر چاوتا ماکە بۆ ڕەشبینی
ئەو گڕە هەردادەگیرسێت کە نەیهێڵێ
ئاسۆیەکی ڕون و بێگەرد بەجێبێڵێ
ئەمڕۆژانەی کەوا تەمەن پێکدەهێنن
ئەو پێنوسەن چارەنوست دەنەخشێنن
دەبا بازوی گەرمی بڕوا بیجوڵێنێ
نەڕوخانی بڕواو ورە بسەلمێنێ[1]