عەدێ و مەدێ 36
لەو قسانە دابووین، جێبەکی لاندرۆڤەری کەون، ئەوی وەختی خۆی سبەینان مامەستای دەبردە گوندان و لە هاتنەوەش پڕی مەنجەرە ماستی دەکرد و دەیهینا لە بازاڕی دەیفرۆشتن، لە پێش مارێ مەدێی ڕایگرت، هەر ڕاوەستا هەشت نۆ سەرکە و بنکەی لەناو دەپەڕی، وەکی کێشکەی بەسە دار و دیواری مارێ مە و مەدێی وەربوون، وەختەکی دوو ژنیش دابەزین، ئێکیان دەتگۆ فەردە ئاردی بایەعیە، هەند قەرەو بوو بەلاپەلاپ دەڕۆیی، ئەوی دیش دەتگۆ قەمیشە، فڕێت دابا دنگەی لێوە نەدەهات، زەعیفەکە دەستی مندارەکی گرتبوو، ئێکیشی لە باوشی بوو شیری دەدایێ، هەتا چەپەرۆک گرتی لەوەی دەستی دا و گۆتی: وەی سندان، وەختی یەعیە، تازە لەمارێ نەمگۆڕی، دەرێی قالۆچەی هەندەی دەڕی! قەرەوەکەش دەڕۆیی و دەلەنگی، گۆتی: کچێ سۆرێ دە دەستم بگرە هەتا بەرنەبوویمەوە، نازانم لۆ دوو ڕۆژە هەر سەرم دەسوڕێ، ناو سەرم دوو تەیارەی تێدایە و بیست و چار سعات گڕو هۆڕیتیان! پیاوەک هاتە خوارێ، سپانەکی لە دەستی بوو خاولەکیشی لە ملی کرد بوو، کراوەکی ڕەش و سپیشی لە سەرینا بوو، چوو لۆلای بۆنیتی جێبەکەیی و گۆتی: هەی داکی خێوت ب....م ئەرێوەڵلا، دیسان گەرمی کرد!
وەختەکی بەدە تەنگەستوور هاتە دەرێ و گۆتی: ئەیڕۆ ئەسکەندەر ئەوە ئەتووی؟ ئەسکەندەر گۆتی: ناوەڵلا دایە ئەمن نیمە ساعێب مووەلیدەکەی جیرانمانە، کۆمەرە سەیەک بە ژۆرێ کەتن و فڕینە سەر دار و دیواری، یەعنی نازانی هەمووی ئیمنن، دێی دەرێی ئەسکەندەر ئەوە ئەتووی! بەدە گۆتی: ئەتوو لەو قسانە هەر مەکەوە، هەی بە قوربانی دەلینگی خەسووت بی!
ئەمن و موختار بەو قسانە زانیمان ئەو تەیرە موبارەکە ناوی ئەسکەندەرە و برای عەدێ و مەدێیە و ساحێبی دوو ژنانیشە! موختار سەرەکی بادا و گۆتی: ئەگەر هەتا هێوارێ ئەو دارمێوەی حەوشەتان هەتا بە پەسیرەی ڕادەگا، پەلکەکی پێوەما، ئەمن واز لە موختاری دەینم و دەبمە زوڕناگێوو، گۆتم: لۆ ئەتووش ناچی عەلۆ و جەلۆیەکانی خۆت بینی و بە جارەکی بیکەیە مەیدانی حەیوانان! گۆتی: زوو فۆڕمەکەی پڕکەوە، سبەینێ دێم دەیبەمەوە! ئەسکەندەر سەری لەبن بۆنیتی دەرینا و گۆتیە من: ماندی نەبی! گۆتم: بەخۆت ماندی نەبی! گۆتی: دەبزانە مەسینە ئاوەکم لۆ ناینی و وەرە ئەو سەرە سەموونەش بە پلایسی بگرە بەشکوو بورغیەکەی تووند دەکەم! گۆتم: چایەکیشت لۆ نەینم؟ گۆتی: وەڵلا دیوەخان و خانەدانی هەر لەخۆت دێ! بەدە تەنگەستوور گۆتیە ئەسکەندەری: ئەسکەندەر زۆر ڕووی مەدە ئەو زەلامەی لە خۆمان نیە و دایم قسەی بە عیزبمان دەرێ!
مایتی.[1]