عەدێ و مەدێ 37
ئەسکەندەر بە تووندی تەماشای کردم و بەخۆ و بە سپانەوە لۆم هات، لێم نێزیک بۆوە و گۆتی: ئەوە چ کفرەکەت کردیە؟ گۆتم: داکت حەزی لە سوحبەتانە و ڕۆژ نیە تەشقەرەم پێنەکا! ئەسکەندەر دەتگۆ زەگەستۆرەیە و دارت لە کوونی وەردایە، ئاگری لە چاوی دەباری و سپانەی هەردەشەقاند، لەو دەمی عەدێ و مەدێ هاتنەوە، دەنگی ڕادیۆیان فوول کرد بوو، سەریان لەگەر بادەدا و مستیان لە دەشبوولی دەدا، بەوەی دریان وەها خۆشبوو، زانیم سەر و سۆراغێ گۆلکیان وەدەست کەتیە!
لە تڕومبێلی هاتنە خوارێ و گۆتیانە داکیان: کۆلکە دار هەلهەلەکی لێدە، گۆلکمان دیتەوە! بەدە تێی هەرکرد و دوو هەلهەلەی عەننابی لێدا، لەگەر ئەو هەرایەی ئەسکەندەر ئەمنی لە بیر کرد و گۆتیە عەدێ و مەدێی: ئەدی کا گۆلکەکە؟ مەدێ گۆتی: لە کن خاریە و ئەو تەرتیباتی خۆی لۆ دەکا، ئەسکەندەر گۆتی: ئەدی خار لەمنی نەپرسی؟ عەدێ گۆتی: بەرێوەڵلا، گۆتی: ئەوە ئەو سەیە لۆ دیار نیە! ئەسکەندەر لە خۆشیان وەختبوو بچتە عاسمانێ، گۆتیە عەدێی: توخوا خار بە زاری خۆی ئەوهای گۆ؟ مەدێ گۆتی: ئەرێوەڵلا، وەڵلا قسەکی دیشی کرد! ئەسکەندەر دەوی پڕی ئاو بوو، گۆتی: ئێ ئێ، خار چیدی گۆ؟ عەدێ گۆتی: وەڵلا کاکە گۆتی: غەریبی ئەو سەی خۆڕیەی دەکەم! ئەسکەندەر گۆتیە داکی: کۆلکەدار لێدە، چار هەلهەلان بە عاسمانێ وەنێ! بەدێ لە جێیوە دەستی بەدەوی وەنا و دایباراندە هەلهەلان، سۆرێی ژنی ئەسکەندەری هاتە دەرێ و بێ ئەوەی بزانی مەسەلە چیە، دەستی بە هەلهەلان کرد، وەکی لێبۆوە ئەوجە گۆتی: ئەرێ دەتێمبگەینن بزانم چبووە؟ ئەسکەندەر گۆتی: کچێ سۆرێ، خار بە لووتفی خۆی باسی منی کردیە، ئەوڕۆ ئەمن پاشامە پاشا، دە وەڵڵاهی لەوەپاش بێزم نایێ لەگەر ئی وەکینگۆ هەر دابنیشم! ئەمن ڕووم وەرگێڕا و چوومەوە مارێ، ئەوانیش لەپێش دەرکەی هەر خەریکی کەین و بەینی گۆلک و مۆلکی خاری بوون! وەختەکی ڕمبەکی زۆر گەورە هات و لە ماری مەدێی بووە هەرا!
مایتی.[1]