شەوی قەدر و چوار دینگە....
دینگەی یەکەم...
بڕیاری برام بە سەفەرێکی کۆمەڵایەتی سەردانی ماڵی خاڵم ئەکات لە دانیمارک، لەوێستگەیەکی قیتاردا ئەبینێت گەنجێکی شێتۆکە سوکایەتی بەپیاوێکی پیری بێ دەسەڵات ئەکات، گەنجەکە پاڵێک ئەنێت بەپیاوە پیرەکەوەو بەدەما ئەیخاتە چاڵێکەوە و ڕائەکات، بڕیاری براشم دوای ئەکەوێت هەتا ئەیگرێت و بەیەک شەقی کوردەواریانە حەقی لێ ئەکاتەوەو پێی ئەڵێ فاکیو جارێکی تر فێر نەبیت سوکایەتی بە پیر و ڕیش سپی بکەیت، ، ، بەمە ئەڵێن تۆڵەکردنەوە لەستەمکار و ڕێزگرتن و بەزەیی هاتنەوە بە پیر و بەتەمەنەکاندا، لەهەر کوێی ئەم دنیایەدا بویت هەڵوێست وەربگرە لەکاتی ڕودانی ستەمدا ئەوە لەیلەتول قەدرە....
دینگەی دووەم..
ئەم هەفتەیە لەگەڵ برایەکی ترم بەسەفەرێک چوینە تاران، هەرچەند لەسەفەردا بوین و ئەمانتوانی ڕۆژوو نەگرین بەڵام نەمانهێشت خێر و پیرۆزی ئەم دەشەوە تایبەتەی ڕەمەزانمان بەهەدەر بڕوات، لەو سەفەرەیا بینیم براکەم دەست ناگێڕێتەوە لەخێرکردن و پارە بەخشین بەسەر هەژار و کەم دەرامەتانی ئێرانی بەتایبەت کوردەکانی ئێران کە تەواو لەناڕەحەتی و ژیان قورسیدان، وتم ڕەشەگیان بۆ ئاوا بەچنگ ئەیبەخشیت ؟ وتی شێخەگیان یەکەم لەبەر خوا، دووەم بۆ دەفعی بەڵا، سێیەم پارە نەبەخشین خێر نایەتەوە ڕێمان، ، ، بەمەش ئەڵێن خوا لەیادبوون لەهەرشوێنێک، هاوکاری و بەزەیی هاتنەوە بەهەژاراندا و بەخشینی سەروەت و سامان لەیلەتول قەدرە....
دینگەی سێیەم...
ئەو شەوەی بۆ بەیانی سەفەرەکەمان ئەکرد بۆ تاران مامە ڕەزوان زەڵمی تێلی کرد وتی ئەمەوێ بتبینم، وتم کات زۆر درەنگە کە گەڕامەوە خۆم دێمە خزمەتت، وتی نانا هەر ئەمشەو ئەبێ بتبینم، لەنزیکی پارشێوا تەشریفی هێنا وتی ئەزانم پێویستت بەپارە نیە بەڵام ئەم ملیۆن و نیو تمەنەم بۆ هێناویت بۆ وردە مەسرەفی ڕێگای سەفەرەکە ڕەنگە سودی هەبێت، وتم نامەوێ مامەگیان خودا هەزار ئەوەندەی ترت پێ ببەخشێت، وتی بەخودا بۆتۆم هێناوەو لێم وەرنەگریت تەواو زویر ئەبم، ئێ وەڵڵا منیش وەک کابرای تەمسیلەکە سەتڵەکەی بەڕەجەب فرۆشت تمەنەکەم لێ وەرگرت و وتم ئەگەر سۆندت نەخواردبا هەرگیز لێم وەرنەدەگرتی، ، ،
بەمەش ئەڵێن هاوکاری و موحیبەتی نێوان دوو هاوڕێ،
خۆش ویستن و ڕێزگرتن بەبێ بەرژەوەندی لەنێوان دوو هاوڕێدا لەیلەتول قەدرە...
دینگەی چوارەم....
دووهەفتە لەمەوبەر لەستۆریەکەی خەلیل شەکرالی وێنەی سینیەک برمەی ناسک و جوان برژاوم بینی پۆستی کردبوو، بۆم نوسی بەشێوەیەک نەفسم چوەسەری ئەڵێی لەژیانما برمەم نەخواردوە، مەسجێکی نارد نوسی لەماڵەوەیت ؟
وتم بەڵێ، وتی واهاتم، سوێندم دا درەنگە کاتێکی تر وەرە جوابی نەدایەوە، دوای دەخولەک بەخۆی و قاپێک برمەوە گەیشتە بەردەرگای ئێمە، وتی گەردنم ئازادبکە کەمم هێناوە بەڵام وەعدبێت یەک سینیت بەتایبەتی بۆ دروست بکەم، ئەملاولایم ماچ کردو وتم وەڵڵا شەکرگیان هەڵوێست و هاتنەکەت لەهەزاران سینیە برمە تامی زیاترە، بۆچی بەم نیوەشەوە ئەزیەتت کێشا ؟ وتی مەسجەکەتم بینی نەمتوانی خۆم بگرم خۆشم نازانم چۆن ئاوا خێرا گەیشتمە لات، ، ،
بەمەش ئەڵێن بەخشین لەو چرکەیەدا کە بەرامبەرەکەت حەزو ویستی هەیە بۆی...
تێرکردنی حەزی شەرعی هەرکەسێک بەبێ مەسڵەحەت لەیلەتول قەدرە....
هاوکاری کردنی نەخۆشێک،
دڵخۆش کردنی بێ باوکێک،
ئاوڕدانەوە لەبێ نەوایەک،
تێرکردنی هەژارێک،
دەسگیرۆیی خوێندکارێک،
پۆشتەکردنی ڕەش و ڕوتێک،
خۆشکردنی دڵی دایکێک،
جێ بەجێ کردنی فەرمانی باوکێک،
بەدەمەوە چون و دڵدانەوەی بێوەژنێک،
لەغەریبیدا خوا لەبیر بونێک،
لەیلەتول قەدری حەقیقین،
حەجی ڕاستەقینەن... [1]