چاڤی لاند و چوار ڤینگە....
ڤینگە مەبەستم لەو ماتۆڕانەیە کە ئەدەن بەلاتا، یان جانتاو مۆبایلەکەت ئەڕفێنن، یان پەردەی گوێت خوار ئەکەن ڤییییینگگگگ....
ڤینگەی یەکەم.
خودا لەقورئانی پیرۆزا ئاماژەی بەوە یاوە هەرکەس مسقاڵە زەڕڕەیەک خێر و شەڕ بکات پاداشت و سزاکەی وەرئەگرێتەوە، ، ،
کاتێک داخڵی دەرگای یەکەمی چاڤی لاند ئەبیت لەسەر لەوحەیەک نوسراوە ئەم پڕۆژەیە بیرۆکەی ئەندازیار شاسوار عبدالواحیدە، پرۆژەکەو فیکرەی ئیشەکە هەتا دڵ حەزبکات کارێکی جوان و شارستانیە، پێویستە هەرکەس سوپاس و دەستخۆشی لە شاسوار عبدالواحیدبکات، ئەمما نرخی چونە ژورەوەو یاری و خواردەمەنیەکانی تا دواسنور ڕوح عەزاب ئەدات...
ڤینگەی دووەم..
وەرن بانمونەی نەوعی و زیندوی چاڤی لاندەکەی سەرۆک شاسوار و نرخەکانی وەربگرین و پاشان بەویژدانەوە بەراوردیان بکەین لەگەڵ چاڤی لاندەکانی ڕامسەر و نەمەک ئابرود لەشیمالی ئێران.
جەژنی ڕەمەزانی ئەمساڵ بەتەکلیفی زۆری مناڵەکان چومەوە بۆ چاڤی لاند لەسلێمانی، داخڵ بونی ئوتومبێل بەپارەیەو هەتا زیاتر بمێنیتەوە زیاترت لێ ئەسەنن،
چونە ژورەوە بۆناو پرۆژەکە بەپارەیەو کوڕی غەوزی گەیلانی بیت پارەت لێ ئەسەنن و مناڵی ساوای شیرەخۆرەش ئەژمار ئەکەن...
نرخی تەلەفریک بۆ هەر نەفەرێک 10 هەزار دینار، چومە پرسگەی بلیت بڕینەکە خانمێکی عەرەبی لێبوو، سوێند بەخوا ئەوەندە بلیتی بڕی بوو سەری بەگێژا ئەهات، وتم سڵاو خاتون شەش کەسین چوارمناڵ و من و خێزانم، وتی نەفەری دەهەزار، وتم دوانیان زۆر مناڵن دووساڵ و نیو و شەش ساڵ، بەبرژانگی چاو وەڵامی دامەوە و سەیرێکی نرخەکەی کرد کەلەسەر لەوحەیەک هەڵواسرابوو، وتم یانی بۆ ئەو مناڵانەش دەهەزار ؟ هەر بەچاو و سەر ئیشارەتی کرد، چاوی ڕشتبوو هەتا لای بن گوێی خواعەلیمە ئەتوت ژنی ئامن حۆتیبی چوارەمە، دوو برژانگی سناعی زلی دانابوو کەچاوی ئەنوقان و هەڵی ئەبڕیەوە بیلا مانا ڕێک لە فول ڕەماشی لێکزز ئەچوو، هاتمە ئەملاوە بەژن و مناڵەکانمم وت بۆ هەرشەشمان 60 هەزار دینار ئەکات !!!
مناڵەکانم بەو بچوکیەی خۆیانەوە وتیان سەرناکەوین بابەگیان، خۆ پارەت نەدزیوە، وتم باشە بابەگیان وەرن ئەچین بۆ چاوەکەی سلێمانی، کەچوین نرخی ئەویان نەفەری بە 5 هەزار بوو، یانی بۆ خێزانی ئێمە 30 هەزار دینار، وتیان سواری ئەمەش نابین، وتم وەرن بابچین سواری سکەتول مەوتەکە بین، ئەویش نەفەری بە 5 هەزار بوو،
هەموو ئەو یاریانە نیوسەعات کاتی پێ ئەچێت بۆ خێزانێکی شەش کەسی 120 هەزار دینار،
تەنها سێ یاری بە یەک گەڵا، نان خواردن لەسەر تەپڵەسەرەکەی چاڤی لاند لانی کەم 30 بۆ 40 هەزاردیناری پێویستە،
بەکوردی و بەکورتی سەردانێکی چاڤی لاند لەسلێمانی و کردنی تەنها سێ یاری و نان خواردنێکی ئاسایی بۆ خێزانێکی شەش کەسی 150 هەزار دیناری تێ ئەچێت...
ئەگەر نمونەی دوکاندارێکی لەفەفرۆش وەربگرین کە لەحەوتی بەیانیەوە ئیش ئەکات بۆ دوانزەی شەو و لەو ماوەیەدا دەغیلەکەی 200 هەزار دینار بێت 60 هەزاری خێرە، کەواتە دوو ڕۆژ و نیوی تاقەت پڕوکێنی حەڤدە سەعاتی کارکردن پێویستە بۆ یەک سەعاتی سەردان کردن بۆ چاڤی لاند...
ڤینگەی سێیەم...
ئەم نمونە زیندوەش وەرئەگرین کەخۆم تاقیم کردەوە لە شیمالی ئێران...
150 هەزار دینارم کرد بەتمەن یەک ملیۆن و پێنصەد هەزار تمەنی کرد، ماشێنێکی خسوسیم گرت لەتارانەوە بۆ شیمال بە 300 هەزار تمەن یانی 30 هەزاری خۆمان، چوینە بابل سرد، چالوس، نەمەک ئابرود، ڕامسەر، سوار تەلەفریک بوین نەفەری بە 30 هەزار تمەن یانی تەنیا 3 هەزاری خۆمان، مناڵ حساب ناکەن، چونە ژورەوە بەخۆڕاییە، پارکینگی ماشێن 5 هەزار تمەنە یانی تەنها 500 دیناری خۆمان،
یاری پیاکێشانی ئوتومبێل دووکەس بە هەشت هەزار تمەن یانی کەمتر لەهەزار دیناری خۆمان، ماتۆڕی کەنار دەریا 50 هەزار تمەن هەر شەشمان سوار بوین یانی پێنج هەزاری خۆمان، بەلەم بۆ قوڵایی دەریای قەزوین 50 هەزار تمەن بۆ تەواوی خانەوادە ئەویش هەر پێنج هەزار دیناری خۆمان، لەڕیستورانت چوار پیتزای دەبڵ بەگۆشت و قارچک، دوو چیزبەرگری دەبڵ، شەش نۆشابە 140 هەزار تمەن یانی چواردە هەزاری خۆمان،
یاری چوپ و ترامپۆلین نەفەری 5 هەزار تمەن یانی نیو هەزاری خۆمان، یاری VR ی نەست نەفەری 25 هەزار تمەن لەسەر تەپڵە سەری شاخی نەمەک ئابرود کە 4000 مەتر بەرزە لەئاستی دەریاوە، یانی دووهەزار و نیو، مناڵی بچوکیش بەخۆڕایی...
باوەڕبکەن بەو 150 هەزار دینارە کەئەیکەیت بە تمەن سێ چوار ئیمام زادەش ئەخەیتە باوەشتەوەو فڕیەکی ناو هەوریان پێ لێ ئەدەیت و دووسێ مەقامی چوارگاشیان پێ ئەڵێیت هێشتا تەواو نابێت...
ئەوە وڵاتی بێگانەو حەصار لەسەر، ئەوەش وڵاتی خۆمان و کوردی هاوزمان...
ڤینگەی چوارەم و کۆتایی....
خواو خەڵک شاهیدن خاوەنی چاڤی لاند سەرۆک شاسواری نەوەی نوێیە،
من زۆر خۆشحاڵم بەحیزبەکەی و چۆنیەتی ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵیەکانی دەسەڵات، زۆریش دەستخۆشی لێ ئەکەم بۆ جوڵاندنی وەزارەتەکان بۆ خزمەتکردنی شار و شەقام و بەنداو و تونێلەکان، چەپڵەبارانی ئەکەم کاتێک وەڵامی خەڵک ئەداتەوە لەکۆمێنت و ئەنوسێت
(من بۆ خۆش گوزەرانی ئێوە هەوڵ ئەدەم، من لەهیچم کەم نیەو ئەتوانم خۆشترین ژیانم هەبێت، من شەڕ بۆ خۆشکردنی ژیانی ئێوە ئەکەم)...
زۆرباشە خاڵۆگیان ئەوانە قسەی جوانن و هەموو سەرۆکێک بەئاسانترین شێوە ئەتوانێ دەری ببڕێت، بەڵام خۆ خەڵک لەزەمانی دەسکەوانی بەرد و ئەشکەوتا ناژی، چاوی خەڵک، عەقڵی خەڵک ڕۆژ بەڕۆژ کراوەتر ئەنوێنێت.
ئێمە هەستی پێ ئەکەین خاڵۆ گیان.
بەپرۆژەی چاڤی لاند گیرفانی ڕەش و ڕوت هەڵەتەکێنی، بەقسەش عەرشی دەسەڵات.
بەچاڤی لاند دڵی مناڵ ئەڕەنجێنیت لە دایک و باوک، بەقسەش خۆت لەمناڵ و نەوەی نوێ کردوە بە فریشتەی ڕزگاری.
بەچاڤی لاند دڵی هەزاران خانەوادەی هەژار و بێ ئیش تەنگ ئەکەیت کەناتوانن بەو نرخە گرانانە جەوێکی خۆش بگۆڕن، بەقسەش خۆت لەهەمان ئەو خەڵکە ڕەش و ڕوتە کردوە بە غاندی و ئارسەری ئازادی...
وانابێ خاڵۆ گیان وانابێت، ئێمە هەستی پێ ئەکەین.....
ئەڵێم، صەیارە کارەباییەکەط دیار نەبوو ؟؟
ئاخر دووصاڵە پاطری و شطی بۆ شەحن ئەکەینەوانێ...
وانابێ خاڵۆ گیان وانابێ.
بەرزان ئەیوب، بەردەم تەلەفریکەکانی نەمەک ئابرود
خوایە ئەم خۆشی و هەرزانیەی شیمالی ئێرانمان لێ تێک نەدەیت.....[1]