ڕۆژی ڕەشنووس
نووسەر: میران ئەبراهام
ئامادەکردن یان نووسینەوەی ئەم کتێبه، کۆمەڵەچیرۆکی ڕۆژی ڕەشنووس، که لە حەڤدە چیرۆک پێک هاتووه، کۆپیکردنی نیوەی دەفتەرێکی نووسراو یان ڕەشکراوەیه که لە ڕەشنووسی چیرۆک و یادەوەری پێک هاتووه، به پێویستم زانی لەگەڵ خوێنەرەکانمدا بەشیان بکەم. من وەکوو خوویەکم، تاوەکوو ئەمڕۆم هەر شتێک کاریگەریی لەسەر هەستەکانم هەبووبێت؛ دەربارەی نووسیومه، یان سکێچێکی سادە و ساکارم له و دەفتەرەمدا بۆ کردووه که ناوم لێ ناوه ڕۆژی ڕەشنووس و بووه به ناونیشانی کتێبەکەش، هەروەها ناونیشانی چیرۆکێکیشە. لەگەڵ هەموو چیرۆکێکدا سکێچێک یان دووان دەبینیت، هاوڕێی شێوەکارم هەڤاڵ نالی دوای خوێندنەوەی چیرۆکەکان ئه و ئەرکەی کێشاوه.
ئه و دەفتەرە چەند ساڵە لەبەر دە ستمدایه و نەمتوانیوه لەسەر مێزەکەم دووری بخەمەوه، هەردەم هەستم کردووه جۆرێک له پەیوەندیی ڕۆحی لەنێوان من و کا ڕەکتەری نێو ئەم چیرۆک و بەسەرهاتانەدا هەیه. دەتوانم بڵێم چیرۆکەکان شێوازێکی شەپۆلی هونەری ئیمپرشیۆنیسم (دەربڕینخوازی)یان هەیه، مەبەست ڕاگرتنی سەرنجه لەسەر ئەزموونکردنی ژیان خۆی، وەکوو ئەوەی چۆن بەرجەستە دەکرێت، ئەوسا یان ئەم ساته و داهاتوو ، هەڵبژاردنی تێما له ژیانی مرۆڤی ئاسایی مۆدێرندا، بەتایبەتی و بێ نهێنی و داپۆشین، بەڵام ئاماژەدان و تیشک خستنە سەر ڕەنگ و شێواز، که پێدەچێت لەنێو هونەری نووسینی چیرۆکدا کات و شوێن و کا ڕەکتەر بێت، یان پلۆت، هەروەکوو دیمەنی نێو ئەم چیرۆکانە، دیمەنێک لەنێو ژیانی کەسایەتییەکانەوه بێ هیچ پەیام و مەبەستێکی تایبەت.
کاریگەریی نووسینی هەندێک لەم چیرۆکانه پێدەچێت له بینینی وێنەیەک یان ڤیدیۆیەکەوه بووبێت، یان بیستنی چیرۆکی ئەوانی تره، یان قسەی شایەتحاڵی ڕووداوێک بووبێت، کەواتە سوپاس بۆ ئەوانەی چیرۆک و یادەوەرییەکانی خۆیان بۆ گێڕامەوه، منیش لە فۆرمێکی هونەری گێڕانەوەدا دامڕشتوونەتەوه، هونەرێک که دەتوانێت هەموو هونەرەکانی تر به هەموو فۆرم و شێوازێکەوه لە خۆیدا کۆ بکاتەوه.
دەتوانم بڵێم هەندێک له کارەکتەری نێو چیرۆکەکانم بینیوه یان ناویانم بیستووه، که وەکوو خۆیان ناوم هێناونەتەوه. هەندێک له چیرۆکەکان پێش ساڵی 2015 نووسراون و پاشان لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بە هۆڵەندی و کوردی بڵاو بوونەتەوه.
هەندێک لە چیرۆکەکان دەبووایه نۆڤلێت یان ڕۆمان بوونایه، خوێنەری بەسەلیقه هەستیان پێ دەکات، چونکه به نەفەسێکی درێژ نووسراون، وەکوو بڵێی پانتایی چیرۆک جێگای خە یاڵی منی تێدا نەبێتەوه، بەڵام لە کۆتاییدا بێجگە له هەڵەگری، دەستکاریم نەکردوون و له دەفتەری ڕەشنووسەکەمەوه گوێزراونەتەوه که وەکوو خۆیان لەم کتێبەدا دەیانخوێنیتەوه.[1]