عەدێ و مەدێ 40
چارەمان نەما، هەر چارمان دابەزین و دەستمان بە پاردانی جێبە قووتەی کرد، ئەسکەندەر جێبی دابووە بۆش، لۆ بەخت و نیووچەوانی مە، جێب ڕووی لە سەر هەورازی بوو، ئاخر کۆرانەکەی مە لایەکی لە لایەکی برند ترە، ئەسکەندەر هەر دەیگۆ قەیمتر، یاڵلا ئەوجارەش، وەلحاسر مندار و تاری کۆرانێمان لێ خڕبوونەوە، بە حسابان لەگەرەمە پاریان دەدا، ئێک دووەکیان هەند خۆڕی بوون، وەکی جێب دەجولا و دەڕۆیی خۆیان پێوە دەکرد! عەدێ بەناویان کەت بە شەق و پێلەقان، گۆتی: هەی سەگبابینە ئەنگۆ هاتینە پاردەن یان سوار بن! لەگەر ئەو قسەی عەدێ پێکەنینەکم گرت نەبیتەوە، ئاخر وەڵلاهی هەندە جار قسەی کوردیش مەعنای قۆڕ دەدا! عەدێ ئەعسابی لەمن نەمابوو، ئاوڕەکی داوە و گۆتی: بەس بزانم ئەتوو بەچ پێدەکەنی، وەختی هەندێیە، ئەمن وا لەناو ئارەقەی غەرق بوویمە! نەمتانی لە بەر پێکەنینێ چیدی جێبە قووتەی پاردەم، کشامەوە پاش و لەسەر چینچکان دانیشتم! عەدێ و دوو زەلامەکەی دی پاریان دەدا و ئەمنیش پێدەکەنیم، وەختەکی بەدە تەنگەستوور هاواری کرد و گۆتی: دەرێی عەبی(حەب) پێکەنینێت خواردیە وەها لە قریتەی دەدەی!
وەلحاسر دوو کۆرانمان کرد هەتا بە ئیش کەت، ئەسکەندەر گۆتی: یاڵلا سوار بن، بەئیش کەت! سواری جێبە قووتەی بووینەوە، عەدێ گۆتیە من وەڵلا وەبیللا هەق نیە ئەتوو بێی! بەس لە پێکەنینێت ئازا کرد بوو، ئەسکەندەر گۆتی: عەدێ واز بینە و زۆر لەسەر مەڕۆ! گۆتمە ئەسکەندەری چاوەکەمی ئاگات لە گێڕ و کلاجی بی نەکوژێتەوە، ئەوجارە هۆلاکۆش ڕایکێشی ئیش ناکاتەوە! عەدێ گۆتی: ئەرێ سوعالەک سوعال! گۆتم: برێ! گۆتی: ئەوە وەیە دەرێن هەولێر هۆلاکۆی بەزاندیە؟ گۆتم: ناوەڵلا ئەسل و ئەساسی نیە! گۆتی: ئەدی لۆ وەدەرێن؟ گۆتم: ئەدی کورد هەر ئەوها نیە، لە بنەوەش بی، دەرێ ئەمن لە سەرەوەمە! عەدێ گۆتی: ئەمن دەرێم وەیە و تەواو! گۆتم: ئەمن دەرێم وەنیە و تەواو، دەبڕۆ تاریخی بخینەوە! گۆتی: ئەمن تاریق و جوقرافیەی نازانم، بەران عیزب دەرێ وەیە و تەواو، وەڵلاهی عیزب برێ ماست ڕەشە، دەرێم ڕەشە!
گەیشتینە پێش دەرکەی خەستەخانەی، ئەمە لە پێشەوە و کۆستەر لە دوومە، کابرای بەر دەرکەی خەستەخانەی هاتە پێش و گۆتی: فەرموون! هەر ئەو گۆتی: فەرموون! لە ناو جێی بووە ڕمب و هۆری دۆر و زوڕنای! هەر زەندەقم چوو، دوو زەلامە ڕەشتارەکە توومەز دۆرچی و زوڕنا گێو بوون، ئەوجە کابرای ئەبوو زوڕنا ڕێک زوڕنایەکەی بەگێی من وەنابوو، هەر خوا ڕەحمی کرد مێشکم لە کوونە کەپووم نەهاتە دەرێ!
مایتی.[1]