عەدێ و مەدێ 42
لەبەر ماستاوچییان نەدەگەیشتمە بەڕێوەبەری و کێشەکەی تێبگەینم و برێم خێرت دەگاتێ مێلە ئیشەکە گەورەبی، کۆمەرەک لە پێشی ڕاوەستابوون، بەس هەردەپەڕین و قوونیان بادەدا، ئەولا و ئەولاشی کیژی ناسک و جوان بوون، بەڕێوەبەر لەبەر کیژەکان نە ئاگای لەخۆ بوو نە لەو هەموو ماستاوچییەی کە قوونیان لۆ بادەدا، لە هەمووی عەنتیکە تر سێ چارەکی چار شانەی سمێرەستووری پرچ لوول، بەس تەماشا خەرکەکەیان دەکرد بزانن کێ جوان هەردەپەڕی و کێ هەرناپەڕی، هەتا دوایێ ڕاپۆرتیان لەسەر بنووسن و لە گۆڕی بابیان ببەن! لەو هەراو هۆریای ئەوەم بە خەیاری داهات؛ ئەوەی ئەوڕۆ بە هانای من بێ ئەو دۆر و زوڕنایەی ناو جێبە قووتەیە، غارم دا دەرێ بیانبینمەوە و بیانبەمە ژۆری بەڕێوەبەری!
چوومەوە لای دەرکەی دیتم هەرایە، عەدێ و ئەسکەندەریان قۆربەست کردیە، بەدە و بووکەکانیشی ئاگری دەکەنەوە و ئەوەی دێتە بەر زاریان نایگێڕنەوە، گەڕام سوڕام هەردوو زەلامەکەم دیتەوە، دەبینم لەبن دیواری ڕاوەستاینە، هەر چاویان بەمن کەت، لۆلای من هاتن، گۆتیان: خاڵە بینە پارەکەی! گۆتم: پارەی چ؟ گۆتیان ئەو پارەی دۆر و زوڕنایمە، گۆتم: یەعنی ئەنگۆ لەبەر پارەکەی نەڕۆیشتینە؟ زوڕناگێوەکە گۆتی: ئەرێوەڵلا، ئەمە لە مارەیی داکمان خۆشبین، لەو پارەی خۆشنابین! گۆتم: دە لەدووم وەرن، هێشتا هەرپەڕین تەواو نەبووە، خەمی پارەشتان نەبی، ئەمن تەرتیبی دەکەم، هەر لەوێوە دەستیان بە دۆر کووتان و زوڕنا لێدانێ کردەوە!
بە دۆر و زوڕناوە چووینە ژۆرێ، دنیامان لێ خڕبۆوە، هەرکەس لە ڕاستەخۆ هەردەپەڕی، هەشبوو چاوی زەق ببۆوە و دەیگۆ: ئیلاهی، ئەو دۆر و زوڕنایە چ دەکا لێرە، ئێرە خەستەخانەیە یان جێی دگ و ڕەقسییە! نەخۆشەک لە سەر کورسیەکی بوو ژنی پاری دەدا، کۆمەرە سۆندەکی بە ناو گەری وەبوو، نەیدەتانی هەستیتەوە و هەرپەڕی، لە جێوە ملی بادەدا و خۆی دەسوڕاند، ژنی چەپەرۆکەکی لێدا و گۆتی: ئەتوو بەو نەخۆشیەش لە بەزمی خۆت مەکەوە، ئەدی لۆ شەوێ لە مارێ ئەوها ئازانی!
مایتی.[1]