عەدێ و مەدێ 45
سەت مەترەک ڕۆیشتین و شوفێری تەکسیەکەی ئاوڕەکی لای منی داوەو گۆتی: ئەوجە کێوە بچین؟ گۆتم: قەبرستان! گۆتی: کیهان قەبرستان؟ گۆتم: ناچمە قەبرستانی، بەران دوو جاری دی لەگەتوو سواربم، تەئکید دەچمە قەبرستانی! سەرەکی بادا و گۆتی: فشەیە فشەیە، ئەتوو ببینە ئەمن کوو نانی لە قوڕگی سەی دەردەینم! گۆتم: سە، یان شێر؟ گۆتی: باسی شێری مەکە لەو وراتەی، شێری چ و حاری چ، ببینە کوو بەنزین و غاز و نەفت فڕیە، شێر هەبایە، ئەو میللەتە ئەوهای لێدەکرا، تازە چوویمە غازی بکڕم، دەرێ پازدە هەزار، سێ سعاتە سڕەی بەنزینم گرتیە، ئەوجە شەش سەتیەکەم بەبەرکەتیە، لەسەر هەموو خەمان داکی مندارانیش تەلەفۆنی کردیە و دەرێ زوو غازەکەی بینەوە مەنجەرە دۆلمەکە حازرە و ماری خوشکم دەعوەت کردیە! بە ویزدانت ئەوە ژیانە، وەڵلا وەبیللا کافریش ئەوەی لەگەر ئەو میللەتەی ناکا! کابرا قسەی دەکرد و ئەمنیش تەماشا مۆبایل و تەسجیلەکەی تەکسیم کرد، گۆتم کێ دەرێ هەمووی تەسجیل ناکا! کابرا بەینەکی قسەی کرد و ئەوەی لە هەناوی بوو هەمووی هەرڕێشت، وەکی دیتی ئەمن هیچ قسان ناکەم، گۆتی: ئەرێ ئەتوو هیچ کۆمێنتت نیە لەسەر قسەی من؟ گۆتم: قسە هیچ لە وەزعەکەی ناگۆڕی، هەر ئەوەیە هەناوی خۆت بەتار دەکەی! بەینەکی بێدەنگ بوو، ئەوجە گۆتی: تەواوە، ئەو میللەتە بەس قسەی هەیە!
گەیشتمەوە لای مارێ و پارەم دایێ و دابەزیم، چوومەوە ژۆرێ و هەر فکرم لە قسەی کابرای دەکردەوە، تەئکیدم ئەویش فکری لە قسەی من کردتەوە و کوو ئەمن لەوی ترسام قسەکان تەسجیلکا، ئێستا ئەویش لەمن ترسایە قسەکانم تەسجیل کردبی، ئەمن لەو خەیارانە دابووم، کوڕەکەم هات و گۆتی: بابە، داکم دەرێ غازمان نەمایە! گۆتم: ئەوجە داکت چ ئەمر دەکا؟ گۆتی: بینە پازدە هەزارم بدێ بچم غازەکەی بگۆڕم، گۆتم: باشە کوڕم باشە، فەرموو ئەو پازدە هەزار!
وەختی هێوارێ گێم لە دەنگی دۆر و زوڕنای بوو، گۆتم: هەبی و نەبی مەدێیان هینایتەوە، چوومە پێش دەرکەی دیتم کۆستەر و جێبە قووتە ڕاوەستاینە، دۆر و زوڕناش دکرەکی دەکا ئەممان دکر، مندار و تاری بیست کۆرانی لە کۆرانیمە خڕ بووینە، بە دوو زەلامان مەدێیان هینا خوارێ، چووبوونە بن پاری، کورسیەکیان لۆ لە پێش دەرکەی داناو دایان نیشاند، دۆر و زوڕنا دەگەڕاو مندار و تاریش هەردەپەڕین، ئەسکەندەر چاوی بەمن کەت و هات، گۆتی: توخوا قەت عەیبت نەکرد ئەمەت بە جێهێشت و نەهاتی؟ گۆتم: هیچ ئیش و کارم نیە بێمە کن ئەو مەسوولە تڕڕووهاتەی! بە شەرەفت ڕووی دا مەدێی، پارە نانەکی دانگۆ، دوو دیناری دانێ لۆ مەسرەفی خەستەخانەی؟ ئەسکەندەر بڕەک داما و گۆتی: وەڵلاهی هەر ئاوڕی لێنەداینەوە، وەکی چووین لەگەر سێ چارەکان قووماری دەکرد، مێزە ئارەقەکیشی لە پێشبوو، گۆتمان خارە ئەوە مەدێمان هینایە، وا لە خەستەخانەی دەرچووە، گۆتی: ئەوجە هینایت و هەتا ئەمن دەرزی لە قوونی دەم، وەختی هەندێیە هاتینە، ئەمن یەک ملیۆن دۆلارم لە قوماری دۆڕاندیە، ئەتووش دەرێی مەدێی سەگسار لە خەستەخانەی دەرچووە!
مایتی.[1]