سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی لەبارەی ڕووداوی کوشتنی خێزانە کوردەکە لە بەغدا دەڵێ ئەمە تاوانێکی قێزەون و ترسناک و کۆستێکی گەورەیە کە بەسەر خێزانێکی کوردی عێراقی هاتووە لە بەغدا، تاوانێکی تیرۆرستیی نائەخلاقی، پیس و وەحشیگەرییە و لە دژی هەموو بەهاکانی مرۆڤایەتییە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە دەزگا ئەمنییەکانی عێراق و ئەنجومەنی باڵای دادوەری و سەرجەم لایەنە بەرپرسەکان کراوە هەموو ڕێوشوێنێکی یاسایی بگرنەبەر بۆ دەستگیکردنی سەرجەم تۆمەتباران، بەخێرایی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکەن و بیاندەنە دادگا بۆ ئەوەی سزا بدرێن.
بەرەبەیانی (سێشەممە، 15-9-2020) لە بەغدا، دارا ڕەئووف، عالیە نەجمی خێزانی و شیلانی کچیان لەنێو ماڵەکەی خۆیاندا لە گەڕەکی مەنسووری بەغدا کوژران، کە ئه و گەڕەکە بەوە ناسراوە ئەمنییەتێکی زۆری هەیە، ڕووداوەکە کاردانەوەیەکی زۆری لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراقیش هەبوو.
مەهدی حوسێن ناسر مەتەر، لە دایکبووی ساڵی 1984 و دانیشتووی بەغدا لە ناوچەی حەبیبيە، دوێنێ لە #هەولێر# لەلایەن دژەتیرۆی کوردستانەوە، دوای کەمتر لە 24 کاتژمێر لەسەر کۆمەڵکوژکردنی خێزانی دارا، دەستگیرکرا.
ئەمڕۆ تەرمی خێزانە کوردە کوژراوەکە گەڕێندراوەنە #سلێمانی# و بەخاک سپێردران. لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، محەمەد تارق، خوشکەزای دارا ڕەئووف سوپاسی هەموو لایەنە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی کرد، کە بەشداربوون لە دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە و گوتیشی ئێمە گومانمان لە کەس نییە، بەڵام تەنیا کەسێک ناتوانێت ئەو هەموو کارە بەتەنیا بکات.[1]