دەقی پەیامەکەی تەڤگەری ئازادیی بەمشێوەیەیە:
بار و دۆخی خراپی خەڵک و پاشەکشەی باشوری کوردستان و سەرجەم شکستەکان، بەرهەمی ڕیفراندۆم بوو
هاونیشتیمانیانی ئازیز..
سێ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەیەکی نەخوازراوی قبوڵنەکراوی وەک ڕیفراندۆم
ئێوە باش دەزانن هەر ئەوکات ئێمە وەک تەڤگەری ئازادیی بایکۆتی ئەو پڕۆسەیەمان کرد، چونکە دەمانزانی لە هیچ ڕویەکەوە ئامادەکاری بۆ ئەو پڕۆسەیە نەکراوە و هەموو ئەو پڕوپاگەندانەی کە(پ د ک) و خودی مەسعود بارزانی دەیانکرد دوور بوون لە ڕاستییەوە، بەوەی کە دەیانگوت زۆرێک لە وڵاتان بۆ ئەم پڕۆسەیە پشتگیریمان دەکەن.
ئێمە ئەوکات بە گشت لایەکمان ڕاگەیاند، کە مەبەستی (پ د ک) سەربەخۆیی نییە، ئەگەر نا ئێمە ئامادەین گیانمانی بۆ بدەین، ئەوەبوو دوای چەند ڕۆژێک لە ئەنجامدانی پڕۆسەکە، مەسعود بارزانی لە ڕاگەیاندنەکانەوە زۆر پەشیمانی دەردەبڕی و وەک شێوەی داوای لێبوردن و پاڕانەوە بە عێڕاقی گوت، ئێمە ڕیفراندۆممان بۆ سەربەخۆیی نەکردووە و دوای ڕیفراندۆمیش بە چەند ڕۆژێک بە تەلەفونێک لە پۆستی سەرۆکی هەرێم دووریان خستەوە، جێگەی ئاماژە پێکردنە جگە لە بایکۆتی ئێمە، گروپێکی دیکەش هەبوو گوتیان نەخێر بۆ ڕیفراندۆم.
لە ئەنجامدا خەڵکێکی زۆر بەدەم بانگەوازیەکەی ئێمەوە هاتن، بەڵام دەسەڵات بە تەزویرێکی بێ ئەندازە پڕۆسەکەی تێپەڕاند.
ئێمە وەک تەڤگەری ئازادیی دەمانزانی زۆرترین زیان بەر خەڵکی ناوچە کێشەلەسەرەکان دەکەوێت و بەڵایەکی گەورە بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە دروست دەبێت، هەر لەسەر ئەو بنەمایەش بوو بایکۆتکردنەکەمان لە شاری کەرکووک ڕاگەیاند، ئەمە جگە لەوەی شارو شارۆچکەکانی باشوری کوردستان دەگەڕاین و کۆڕو سیمینارمان ئەنجام دەدا و خەڵکیمان لەو مەترسیە ئاگادار دەکردەوە.
بە داخەوە هەر ئەوکات زۆربەی زۆری لایەنە سیاسیەکان کەوتنە دوای ئەو پڕۆژەیەی پارتی و درکیان بەو مەترسیانە نەدەکرد.
هەر ئەو کات جگە لەوەی بایکۆتی پڕۆسەکەمان کرد، وەک ئەڵتەرناتیڤ پڕۆژە پێشنیارێکمان بۆ چارەسەری دۆخی خراپی ئەو کات بۆ ڕای گشتی خستەڕوو، لەوێدا پێشنیاری عێراقێکی دیموکراتیک و سیستمی خۆبەڕێوەبەرییەکی دیموکراتیکمان بۆ هەرێمی کوردستان کرد، ئێستاش هەمان پێشنیار بۆ دۆخی ئێستا دەکەینەوە، وە پێمان وایە دەبێت کورد لە پڕۆسەی سیاسی عێراقدا ڕۆڵ بگێڕێ، بەو مەرجەی ڕۆڵێکی نەتەوەیی و نیشتمانی بێت و وەک ڕابردوو بیر لە بەرژەوەندی حیزبی و شەخسی نەکرێتەوە لە عێڕاقدا، بەڵکو نوێنەرانی کورد لە بغداد پێگەی کورد بەهێز بکەن و ڕێز لە هەموو پێکهاتەکانی دیکە بگرن لە عێراقدا.
هاونیشتیمانیانی ستەمدیدە.. لەم سێ ساڵەی دوای ڕیفراندۆم بەشێکی گەورەی خاکی باشوری کوردستانمان لە دەستدا، جگە لەوەی قورساییمان لە عێراقدا کەم بوەتەوە و وەک ڕابردوو حسابمان بۆ ناکرێ، لەدەرەوەی عێڕاقیشدا پەیوەندیە دیپلۆماسیەیکانی هەرێمی کوردستان بەرەو لاوازی دەچێت و بە جۆرێک لە جۆرەکان پشتیان تێکردووین، تەنانەت ئەو دەوڵەتانەی سەرکردایەتی کورد بە دۆستێکی باشی دەزانین و ئابوری ئەم هەرێمەی تەسلیم کردبوون، لە پێش هەموو جیهان دژایەتی خۆیان بۆ ڕاگەیاندین.
لێرەدا وەک تەڤگەری ئازادیی سەرمان سوڕماوە بە چ ڕوویەکەوە داوای پارە لە عێراق دەکەن بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران، هەر کە بڕێک پارەش دەنێردرێت دەستێکی ئەمین مامەڵە بە پارەکەوە ناکات.
هەر بۆیە لە ساڵیادی ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیەدا ڕایدەگەیەنین، کە بەشێکی زۆری ئەو کێشانەی کە بەرۆکی خەڵکی گرتوە وابەستەیە بە ڕیفراندۆمەوە و هەموو ئەو لایەنانەش لێی بەرپرسن کە بەشداریی پڕۆسەکە بوون، ئەگەر ئێستاش چەند هێز و لایەنێک جارجار باس لە گرنگی ئەو کارته سوقتاوە دەکەن لە گاڵتەجاڕی زیاتر شتێکی دیکە نییە.[1]