#مەسعود بارزانی# پەیامێکی سەبارەت بە هێرشەکەی شەوی ڕابردووی چەکدارانی داعش بۆ سەر ناوچەی سەرگەڕان و #قەرەچووغ# بڵاو کردەوە
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بە داخێکی زۆرەوە لە ئەنجامی پەلاماری وەحشیانەی تیرۆریستانی داعش لە شەوی ڕابردوو لە ناوچەی سەرگەڕان و #قەرەچوغ# ژمارەیەک هاووڵاتی مەدەنی و #پێشمەرگە# شەهید و بریندار بوون. پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی ئەو کردەوە تیرۆریستیە دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم. لە خودای مەزن داواکارم گیانی پاکی شەهیدەکانمان بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبر و دڵنەوایی بە کەسوکار و بنەماڵەکانیان ببەخشێت و هیوای شیفا و چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم.
سەرەخۆشی لەو شێرەژنە قارەمانە دەکەم کە سێ کوڕی لە ئەنجامی پەلاماری شەوی ڕابردووی تیرۆریستان گەییشتنە کاروانی نەمران و شەهیدبوون و، لە خودای گەورە داواکارم سەبر و ئارامی پێ ببەخشێت. گوتەکانی ئەو شێرەژنە بۆ هەموومان مایەی ورە و پێداگری و بەردەوامبوونە لەسەر ڕێباز و قەزییە باڵاکانی گەلەکەمان و، لە دڵەوە سوپاسی دەکەم.
ئەوەش ڕادەگەیێنم کە لەپێناو پاراستن و بەرگری لە خاک و نیشتیمانمان، پێویستە پێداچوونەوە و وردبینی زیاتر بە کاروباری هێزەکانی #پێشمەرگە# و هێڵە بەرگرییەکاندا بکرێت و ئیجرائاتی پێویستیش وەربگیرێت لە بەرانبەر هەر جۆرە کەمتەرخەمییەک. پێویستە بە زووترین کاتیش تۆڵەی خوێنی شەهیدەکانمان لە دوژمن بکرێتەوە.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی شەڕی دژی داعش و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی #کوردستان#.
#مەسعود بارزانی#[1]
3ی کانوونی یەکەمی 2021