دەشتەکان لە هەرێمی کوردستان
نووسینی: عەلی کەریم ئیسماعیل
دەشتەکان بەو ناوچە تۆپۆگرافیە نزمانە دەوترێت کە لە ناوچە چیاکان و بانەکان نزمترە لەئاستی ڕوی دەریاوە، دەشتەکان بەهۆی چەند خاسیەتێکەوە لەناوچەکانی تری سەر زەوی جیادەکرێتەوە چونکە دەشتەکانی بەشوێنی کۆبونەوەی دانیشتوان و بازرگانی و گواستنەوە و دامەزراندنی پیشەسازی دادەنرێت لەبەرئەوە دەتوانین لەم ناوچانەدا بەئاسانی پەیوەندی بکرێت بەیەکەوە لەنێوان ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی تر لە ماوەیەکی کەمدا.
دەشتەکانی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە لە (10) دەشتی گرنگ کەدابەش بون لەنێوان ناوچە نیمچە چیاکان و ناوچە چیاکان و گرنگی زۆریان بۆ هەرێم هەیە چ لەڕوی ئابوریەوە بێت یان بازرگانی یان گواستنەوە بێت ڕۆڵی خۆی دەبینێت لەپێشکەوتنی هەرێمی کوردستاندا، ئەم دەشتانەش بریتیە لە (شارەزوور، سلێمانی، ڕانیە، بازیان، هەریر، زاخۆ، حەمرین، دیبەگە، هەوڵێر، شەنگار)، ئەم دەشتانە جیاوازن لەدانەیەکەوە بۆ دانەیەکی تر بەهۆی هەڵکەوتە و باری ئاووهەوا......هتد، ئەمەش وادەکات سەرچاوەی گرنگیان جیاوازبێت بۆ هەرێمی کوردستان.
$گرنگیەکەی$
1- دەشتەکانی هەرێمی کوردستان چەندین سودی لێ وەردەگیرێت ئەویش بەهۆی ئەوەی کەئەم دەشتانە لەڕووی مرۆیی و ئابورییەوە گرنگترین بەشی تۆپوگرافیایی هەرێمی کوردستان پێک دێنن، بۆیە ئەم دەشتانە بەردەوام بایەخیان زیاد دەبێت چونکە بەگرنگترین ناوچە دادەنرێن بۆ کۆبونەوەی دانیشتوان تێیدا و گرنگترین مەڵبەندەکانی دانیشتوای هەرێمی تێدایە وەک شاری سلێمانی و هەولێر کەژمارەیەکی زۆر دانیشتوانێ تێدا کۆبۆتەوە بەهۆی ئاسانی هاتووچۆو گواستنەوە و پەیوەندی کردن.
2- ئەم دەشتانە بەگرنگترین مەڵبەندی گەشتیاری دادەنرێت چونکە شوێنی نیشتەجێ بوونی دانیشتوانە نزیک لە ناوچە گەشتوگوزارییەکانەوە هەروەها سەرچاوەیەکی سەرەکی گەشتیارانە کە سەردانی ئەو ناوچانە دەکەن بەمەش دەبنە مەڵبەندی داواکاری گەشتوگوزار.
3- دەشتەکانی هەرێمی کوردستان بەگرنگترین ناوچە دادەنرێت بۆ بەرهەمە جۆراوجۆرەکانی کشتوکاڵ، بەجۆرێک دەتوانین چەندین جۆر کشتوکاڵی تێدا بچێنرێت وەک دانەوێلە و سەوزە و میوە بەهەموو جۆرەکانیانەوە کە لادێنشینەکان بەشی خۆیان لێ دابین دەکەن و ئەوی تریشی دەنێرنە بازاری شارە گەورەکان، لەهەمان کاتدا ئەگەر ئەم بەرهەمانە زۆربوون ئەوا لێی دەنێریتە دەرەوە بۆ عێراق و وڵاتانی تری عەرەبی بۆ نمونە بەروومی هەنار بەهۆی زۆرییەوە کەساڵانە برێکی زۆری لێ بەرهەم دەهێنریت و دەنێردرێتە دەرەوە بۆ عێراق و کوێت و ئەردەن و سعودییە کە بەباشترین جۆری هەنار دادەنریت لەسەر ئاستی ناوچەکە، هۆکاری زۆری ئەم بەرهەمەش دەگەڕێتەوە بۆ زۆری ئاو و خاکی بەپیت لەم ناوچانەدا، هەروەها بەرهەمێکی زۆری گەنم و جۆ لەم دەشتانەدا.
دەشتەکانی ئەم ناوچەیە لەبارترین و گونجاوترین شوێنە بۆ سەرکەوتنی کشتوکاڵ، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کەتەختی زەوی کشتوکاڵی گرنگترێن مەرجە بۆ سەرکەوتنی پیشەی کشتوکاڵ، چونکە زەوی تەخت و دەشتایی بەکەمی توشی ڕاماڵین و داماڵین دەبێت، ئەمەش کاریگەری هەیە لەسەر تایبەتمەندی فیزیایی خاک و ئەستورییەکەی و توانای لەخۆ گرتنی ئاو و پیاڕۆیشتنی ڕەگەکانی ڕووەک بۆ ناو خاک ئاسانی بەکارهێنانی ئامێر و ئامڕازە کشتوکاڵیەکان گونجاوە بۆ دامەزراندنی سیستەمی ئاودێری باش، ڕوی زەوی تەنها بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری هەیە لەسەر خاک و ڕووەکی سروشتی و ڕێگاکانی هاتوچۆ، چونکە دەشتەکان بەهۆی تەختیانەوە ئاسانە بۆ هاتوچۆ، بەڵام ناوچە چیایەکان هەموو ئەو تایبەتمەندیانەی سەرەوەی تێدا کەمە و کۆسپە لەبەردەم کشتوکاڵ.
4- وەک باسمان کرد بەهۆی ئاسانی گواستنەوە و پەیوەندی کردن و گەیاندنی شمەک و کاڵا بازرگانیەکان، لەهەمان کاتیشدا گواستنەوەی بەنرخێکی کەم و لەکاتێکی کەمدا وای کردوە ببێتە مەڵبەندێکی گرنگی دانیشتوان، لەهەمان کاتیشدا ئاسانی و کەمی تێچون لەدروست کردنی خانو و ڕێگاوبان لەناوچە دەشتەکاندا هۆکارە بۆ بوونی زۆری دانیشتوان لەم ناوچانەدا، بۆیە جیاوازی زۆر لەڕوی ئابوری و کاتەوە هەیە لەنێوان خانویەک یان پرۆژەیەک یان ڕێگەیەک لەنێوان هەولێر و سلێمانیدا چونکە سلێمانی بەرزونزمی زیاترە وەک لەشاری هەولێر.
5- ناوچە دەشتاییەکانی هەرێمی کوردستان لەڕوی دەرامەتی ئاوەوە دەوڵەمەندن (دابارین، سەر زەوی، ژێر زەوی)، بویە کشتوکاڵی تێدا زۆر بەرهەم دێت، لەگەڵ ئەوەشدا بوونی دارستان بەدرێژایی کەناڵە ئاویەکان لەزۆربەی ناوچەکاندا، ئەمەش دیمەنێکی جوانی بەخشیەوە بەناوچەکە لەڕوی گەشتوگوزارەوە بونەتە هۆی ڕاکێشانی گەشتیاران بەلای خۆیاندا و بەسەربردنی چالاکیە گەشتوگوزارییەکاندا لەناوچەکەدا وەک هاوینەهەواری چەق چەق و زەڵم و سەرچنار و سەرای سوبحان ئاغا.
6- دەشتەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی نزیکیان لەناوچە شاخاوی و گەشتوگوزاریەکان کەڕوبەری زەویان کەمە، بۆ خزمەت گوزارییەکان ژێر خانی ئابووری، دەتوانرێت ئەو شارو و شارۆچکانەی نێوان ئەم دەشتانە بکرێتە مەڵبەندی پێش کەشکردنی خزمەتگوزارییە جۆربەجۆرەکان وەک شوێنی حەوانەوە و یاریگاکان و فرۆکەکان و چێشتخانەکان و گامپ و خزمەتگوزارییەکانی تر.
7- هەروەها بەهۆی دەشتەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەتوانێت بەئاسانی پەیوەندی لەنێوان ناوچە جیاوازەکانی هەرێمیدا بکەین، بۆ نمونە ناوەندی پارێزگای سلێمانی کەشاری سلێمانی خۆی دەکات و دەکەوێتە دەشتی سلێمانیەوە کەوتووەتە سەر ڕێگای سەرەکی بەستنەوەی پارێزگا بەهەرێم و بغداد لەلایەک و بەستنەوەی بەهندێک لەشارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەکی ترەوە وەک سنە و بانە و مەریوان و لەڕێگەی سلێمانی - چوارتا - پێنجوێنەوە بەکرماشان لە ڕێگەی سلێمانی - هەڵەبجە - کرماشان بەپێچەوانەوە.
8- بەهۆی ئەوەی ناوچە دەشتاییەکانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی تەخت و ڕوبەری زەویان زۆرە و ئاوی پێویستیان هەیە لەهەمان کاتیشدا گواستنەوە و گەیاندن و پەیوەندی کردنی تێیاندا ئاسانە و نرخی گواستنەوەشی کەمە لەگەڵ چەندین خاسیەتی تر وای کردووە ئەم دەشتانە گونجاو بن بۆ دروست کردنی چەندین پیشەسازی جۆراوجۆر، بەڵام بەداخەوە تائێستا بایەخی پێنەدراوە لەلایەن حکومەتەوە و بگرە ئەوانەشی لەسەردەمی ڕێژیمی بەعسدا دروست کراون لەناوچون وەک کارگەی پەتاتە لەناحیەی سیروان هەروەها چەندین کارگەی تر کەلایەنێکی ئابوری باشی هەبوو، لەگەل ئەوەشدا چەندین کارگەی تر دامەزراوە لەدەشتی سلێمانی لە کاتی ئێستادا کار دەکەن وەک کارگەی چیمەنتۆ و کارگەی ئاو..هتد.
9- هەروەها بەهۆی تەختی زەوی لەدەشتەکاندا وای کردووە گونجاوبێت بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ بۆ بەرهەمی سپیایی و گۆشت کەداهاتێکی بەهێزی چەندین وڵاتی وەک(ئوسترالیا، ئەرجەنتین، نیوزیلەندە) پێکدێنیت، هەرچەندە لەناوچە چیاکانیشدا دەکرێت، بەڵام بەخێوکردنی بۆ بەرهەمی سپایی یان بۆ گۆشت لەناوچە دەشتەکاندا زۆر گونجاوە چونکە ناوچە دەشتاییەکان سیفەتی زۆریان تێدایە وەک لەپێشتر ئاماژەمان بۆ کرد بۆیە حکومەت شوێنی تەخت و لەبار هەڵدەبژێریت، باشترین شوێنیش ناحیەیی سیروان لەدەشتی شارەزوور بەباشترین شوێن دادەنرێت بۆ بەخێوکردنی ئاژەل ئیتر بۆ هەر مەبەستێک بێت، چونکە خاسیەتەکانی دامەزراندنی کارگە و بەخێوکردنی ئاژەڵی تێدایە.
سەرچاوە:کتابی گرنگی دیاردە جوگرافیەکان[1]