شوێن بەگوێرەی ڕووبەرە ئاوییەکان
عیراق دەورە دراوە بە وشکانی، لەکۆی سنووری وشکانی کە (3500) کم تەنها (60 بۆ 65) کم لەسەر کەنداوی عەرەبیە، واتە بەوشکانی دەورە دراوە لە هەموو لایەک، بەڵام لەنزیکترین ڕووبەرە ئاوییەکان ئەوانەن (دەریای ڕەش، دەریای قەزوین، دەریای سوور، دەریای ناوەراست، کەنداوی عەرەبی) کاراترینیان دەریای ناوەراستە دواتر کەنداوی عەرەبی. ڕووبەرە ئاوییەکان سەرچاوەی سەرەکی شێ هەوان، چونکە تا لە ڕووبەرە ئاوییەکان نزیک بین شێ زیاد دەکات و بە پێچەوانەش ڕاستە. کاریگەری ڕووبەرە ئاوییەکان بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بەدووری ڕووبەرە ئاوییەکان و ڕێرەوی با باوەکان (سائدە) و جوڵەی هەوا و تۆپۆگرافیا دەبەستێت. لەتوێژینەوەی لەسەر شوێنی عیراق دەر دەکەوێت کە لەم ڕووەوە شوینی عیراق ناوەکییە، گەرچی دەڕوانێت بەسەر کەنداو کەچی زۆربەی بەشەکانی بەوشکانی دەورە دراوە،
کەنداوی عەرەبی و دەریای ناوەڕاست بەپلەی یەکەم کاریگەرییان هەیە لسەر عیراق، بەڵام دەریای سوور و دەریای ڕەش و دەریای قەزوین دوورن لە عیراق و کاریگەرییان زۆر کەمە بەهۆی
① دووری لەنێوان عیراق و ئەودەریایانەدا (سوور، ڕەش، قەزوین).
② بچووکی ڕووبەری ئەو دەریانە.
③ بەهۆی بوونی بەربەستی سروشتی وەک چیا و بان.
بۆیە دەبینین بەهۆی دوری ئەم ڕووبەرە ئاویانە کاریگەری ئەوتۆ ناکەنە سەر ئاووهەوای عیراق. کاریگەری دەریای ناوەراست بە پلەی یەکەم دێت دواتر کەنداوی عەرەبی بۆ سەر عیراق لەبەر ئەوەی بەربەستێکی ئەوتۆی لەبەر دەم ئەم دەریایانەدا نیە، هەرچی کەنداوی عەرەبییە ئەوا ڕاستەوخۆ بە عیراقەوە نووساوە، بەڵام دەریای ناوراست بەربەستێکی کەمی لە پێشە کە خۆی لە زنجیرە چیاکانی لوبنان دەبینیتەوە، هەر ئەوەش وادەکات کە گەردەلولەکان لە دەریای ناوەراستەوە بەرەو عیراقەوە بێن کە لە دەربەندەکانی چیای لوبنانی خۆرئاوا و خۆرهەڵات و بانی خۆرئاوا ببرێت بگات بە عیراق بە تایبەتی لە وەرزی زستاندا و لەو کاتانەدا هەوای گەرم و شێدار لە کەنداوی عەرەبی هەڵدەکات و هەور و بارانی زۆری لێدەکەوێتەوە و کاریگەرییەکەی هەتا هەرێمی کوردستانی عیراق دێت. بەڵام کاریگەری ئەو گەردەلولە نامینیت لەوەرزی هاوین دا بە شێوەیەکی گشتی، دووبارە بوونەوەی هاتنی تۆپەڵە هەوای گەرم و شێدار له کەنداوی عەرەبی بەرەو بەشی باشووری عیراق، هەندێک جار بەرەو باکووری عیراق دێت، ئەو هەوایەی کە گەرم و شێدارە بارودۆخێکی ناخۆش دروست دەکات بەهۆی هەبوونی گەرمی و شی بەیەکەوە بە تایبەتی بەشێ باشووری عیراق و دەوروبەری بەسرە.
نووسینی:عەلی کەریم ئیسماعیل
سەرچاوە:پەرتووکی جوگرافیای عیراق سروشتی.[1]