عەدێ و مەدێ 49
کابرای غاز فرۆش چوو لە ناو بتڵەکان مەترەقەکی گەورەی دەریناو گۆتی: تێرت لێدام، دەتەوێ سواری بابیشم بی، ئەمن چارەت دەکەم! چوومە بەرایی و گۆتم: دەزانی کێشەی توو چیە؟ گۆتی: چیە؟ گۆتم: ئەتوو نە تێدەگەی، نە دەتەوێ تێبگەی، نە کەسیش هەیە تێت بگەینی! کابرا بەینەکی تەماشای کردم و گۆتی: ماشەڵلا بەخۆت زۆر تێدەگەی، ئەوجە نۆبەتی منە! گۆتم: لۆ وەدەرێی؟ گۆتی: ئەو تڕڕووهاتێهێ پێش ئەوەی لێمبدا، گۆتی: ئەتووش وەکی ئەو زەلامە کراس شینەی ژۆرێ نە تێدەگەی، نە دەتەوێ تێبگەی، نەکەسیش هەیە تێت بگەینی، ئێ هەر ئەتووش کراسی شینت لەبەرە! گۆتم: وەڵلاهی برام بەگێی من دەکەی خۆت قورتار دەکەی، ئەتوو دەرەقەتی وانە نایێی و ڕجات لێدەکەم چیدی مۆسیقای خوایە وەتەن ئاواکەی لێنەدەی! گۆتی: لۆ لێنەدەم؟ ئاخر چ وەتەن هەیە هەتا خوا ئاوایکا، نیوەی لەبن دەستی ئێرانێیە، نیوەی تورکیا و نیوەکەی دی بەغدا، چیمایە ئاوابی، بەمن نارێی! گۆتی: وەڵلا خۆ ئەوەندەش وەیە و برادەرانی خۆشمان لەبەر تیجارەتی ئاگایان لە هیچ نەمایە!
کابرای غاز فرۆش ڕۆیی و سێ چار شاقاو لەمن دوورکەتەوە و مۆسیقاکەی هاویشتەوە سەرێ، ئاخر ئەویش ناهەقی نیە، ئەگەر مۆسیقاکەی ناوێتە سەرێ، کوو غازی بفرۆشی!
چوومەوە ژۆرێ و لەدری خۆم گۆتم: وەچاکە لەو گەڕەکەی بارکەم و چیدی خۆم تووشی کێشە و دۆخەی عەدێ و مەدێی نەکەم، ئاخر ئەمن سەرم نایێشی لۆ پەڕۆکی لێببەستم، لەو خەیارانە دابووم، تەلەفۆنەکم لۆهات، تەماشام کرد عەدێیە! گۆتم: وەچاکە وەرامی نەدەمەوە، پیاو لەوانە دووربی سەری سووکە، مۆبایلەکەم بێدەنگ کرد، عەدێ بە جارەک و دوو جاری وازی نەهینا، بیست و حەفت جار زەنگی لێدا، بەوەندەش ڕانەوەستا و وەرگەڕا دەرکەی حەوشێ بە پێلەقان، لە حەوشێ گۆتم: کێیە ئەوە؟ بەتووندی گۆتی: ئەمنم ئەفەندی، خۆت قوورتارکە! ترسەکم لێنیشت و گۆتم: خێر؟ گۆتی: لافاو هات!
مایتی.[1]