عەدێ و مەدێ 51
گۆتم: تەراقت ئەگەر وەکی جەڕەی سەر ڕێی کانی بشکێ و هوورد و هەڕا بی ئەمن نایێم، دەوجە هەرچی دەبی باببی! گۆتی: دەباش بزانە، هەندەم سووندە و هەندەم قورعانە، ئەگەر نێی چاردە گووللەی لەتەپلی سەرم دەدەم، ڕاست دەبانچەی دەریناو سواری کرد و لوولەی بەسەری خۆی وەنا، گۆتی: دەوجە ئەمن باخۆم بکوژم و سەگتۆپ بم، ئەتووش ببە سەبەبی قەتلی من و لەو دنیای جوابی خوای گەورە بدەوە! وەکی عەدێم بەو نەوعەی دیت، ڕەنگم زەرد هەرگەڕا، لە دری خۆم گۆتم: کورە خۆ ئەو زەلامە زۆر کەرە، وەڵلاهی لێیدێ پڕی سەرە بۆش و بەتارەکەی فیشەک بکا، خینیشی بەملە من دابێ، ئەوجە ئەمن لە بەدەستی مەدێ و ئەسکەندەری کێوە دەچم، ئەوە لافاویشی هاتە سەرێ!
گۆتم: ئەو دەبانچەی بینە خوارێ هەی هێستر، دەتەوێ بەو ئاخیری عومرەی ببیە قاتیلی نەفسی خۆت، دێم بابە دێم، ئیننا لیللا! وەکی وەمگۆ عەدێ پشیەکی هاتەوە بەرێ و گۆتی: دەوجە بڕۆ ڕانک و چۆغەرە کرەکەی لەبەرکە و خۆت تیف تیفەکە، هەونکە کاکە لافاوی خۆشەویست دەگاتە ئێرە، گێم لێبووە دەرێن کاکە شەپۆلیشی لەگەرە، گۆتم: شەپۆل کێیە؟ گۆتی: کاکە شەپۆلی برای، گۆتم: وابزانم لەگەر شەپۆل و لافاوی ئاو دەمانبا و لەپشت گەڕەکی زێڕینی فڕێمان دەدا! گۆتی: وەختی هەندێ نیە بڕۆ خۆت بگۆڕە، گۆتم: وەڵلا خۆم ناگۆڕم و هەر ئەوها دێم، ڕازی ئەهلەن وەسەهلەن، ڕازی نی هەرکەس لەماری خۆی! گۆتی: ڕەعمەت لە بابت پیاو ماقول کوو دەبی بە کابۆ و تیشێرتی بێ، دەبڕۆ ڕانک و چۆغەرەکی لەبەرکە، گۆتم: ئەمن پیاو ماقوولاتی ناکەم و تەواو!
لەو شەڕە سەیەی دابووین، وەختەکی لە کۆرانێ بووە ویقەویق، ئەمن دەرێم دە، ئەتوو برێ بیست لانگرۆزەر و میگزەمین بە کۆرانێ وەربوون، بووە هەرایەک ئەممان هەرا، بڕواتان هەبی سەگ ساحێبی خۆی نەدەناسیەوە، بەرن پێم عەنتیەکەبوو نازانم کامۆی ئەسکەندەری کوو ئەمەی ناسیەوە، لە دووریڕا هاواری کرد: مام عەدێ مام عەدێ، زوو وەرن زوو !
مایتی.[1]