عەدێ و مەدێ 52
عەدێ بە غاردان و قوون بادان خۆی گەیاندە لای تڕومبێلەکان، ئەسکەندەریش بەخۆو بە کۆمەرە مندارەکی هاتە دەرێ، ژنەکان بە هەلهەلە لێدان قەرەبارغییان دروست کرد، چەکدار و مەکدار خۆیان لە تڕومبێلی فڕێدا و پڕی کۆرانێ بوون، ئێک و عەینەگی ڕەشیان لە چاوی کردبوو، کلاشینکۆفیان بە سینگی خۆ وەنابوو، پەنجەی دۆشاو مژەشیان لەسەر پەلاپیتکەی دانا بوو، هەر ئێکی هەشت نۆ مەخزەنی بەستبوو، دوو سێ ڕوومانەشیان بە قایشی دا شۆڕ کردبۆوە، چار پێنجەکیان مایکەکی گچکەیان بە دەوویان وەنابوو، چرپەچرپیان بوو، وەڵڵا سەرۆکی کۆریای باکووریش بهاتبا هەر ئەو هۆسەی لۆ دروست دەکرا، ئەمن لێم بووە مەرەق، گۆتم باشە دەبی ئەو لافاوە چشتۆ زەلام بی، ئەو هەرایەی لۆ دروست کرابی، ئەمن لە مێشکی خۆم ڕەسمەکی وام کێشا، زەلامەکی چار شانەی قۆر و باسک ئەستووری سەر گەورە، جلکەکی مغاویری ڵەبەربی، کاسکێتەکی عەسکەری لەسەری بی و عەینەگەکی ڕەش ڕەشی لە چاوی بی، پۆستارەکی بۆری لە پێ بی و دەبانچەکی کلۆکی ئەمریکیشی بەستبی، دەستەوانەکی ڕەشیشی لە دەستی بی و جیهازەکی قسەکردنێشی بە لا شانی وەبی! ئەمن لەو خەیارانە دابووم، تەماشام کرد کۆران کەپس بووە، دەرزیت فڕێدابا نەدەکەتە عاردی، هەر بابایە و غار دەداو هەردەپەڕی، هەشت نۆ پیرەژن بە کنەکن هاتن و گۆتیانە من، کا دە ڕۆرە جێمان بکەوە با ئەو عەریزەی بدەینە کەفاو بەگی! گۆتم: دایە کەفاو نیەو لافاوە! ئێکیان گۆتی: هەرچیبی، مهیم محاشۆکەکی لۆمە ببڕتەوە! گۆتم: وەڵلاهی ئەنگۆش قسەتان خۆشە، بابە ئەوەی معاشی هەیە خواخوایتی نەبڕێ، ئەوجە ئەنگۆ بەتەمانە معاشتان لۆ ببڕێتەوە!
کەتمە ناو قەڕەپستانێ و پاردە و بڕۆی خەرکی، وەختەکی خۆم لە پێش تڕومبێلی لافاوی دیتەوە، هەشت نۆ چەکدار لە پێشم بوون، کەس لەبەوان نەیدەتانی بچتە پێش، عەدێ و ئەسکەندەر دەویان کەفی کردبوو هەندی هاوار کەن و هووتافی لێدەن، کامۆ لەوسەری ڕا بە خۆو بە بۆڕیەوە هات، حیمایەکان وەکی چاویان بە بۆڕیەکەی دەستی کەت، وایانزانی بەتەمای زەڕەکیە، هەر لە عاسمانێ گرتیان و لوولیان دا، ئەمن دەرێم سەت شاپ، ئەتوو برێ هەزار، نازانم کوو قوونی لێک و پێک نەبۆوە و هەرنەزڕا، لەبەر ئەو شاپانەی لێیان دەدا، کامۆ دەتگۆ تۆپی چووپەو لە عاسمانێ گەمەی دەکرد، هەتا ئەسکەندەر گۆتی: بکەن لە ڕاهی خوای ئەوە کامۆی کوڕمەو ئەندامی خۆمانە، کامۆ بووە جەنازە، وەلحاسر کامۆ تۆرەی ئەووەل و ئاخیری لێ بۆوە!
مایتی.[1]