عەدێ و مەدێ 53
چەکدارەکان بەوەندەی وازیان لە کامۆی نەهینا، لوولیان داو بە بۆڕیەوە فڕێیان دا پشتی مێگزەمینی، مێگزەمین بە تەناش هەستاو فڕی، هەرچەند ئەسکەندەر و عەدێ هاواریان کرد: کورە مەیبەن، لە ڕاهی خوای مەیبەن، وەڵلا کوڕی مەیە و ئەندامی عیزبەکەی خۆمانە، نەیخوارد، ئەسکەندەر دەیگۆ: بابە وەڵلا ئەندامی خۆتانە، بیللا لە هەربژاردنی پێشی، پێنج جار دەنگی دایە، دوو سعات لەدیار دۆر و زوڕنای هەرپەڕیەو قوونی بادایە! وەلحاسر کەس گێی نەدا حەپەو وەڕینی ئەسکەندەر و عەدێی، چەکدارەکان بە پارەسۆییان خەرکیان لە تڕومبێلەکەی لافاوی دوورهێخستەوە هەتا بێتە خوارێ، عەدێ و ئەسکەندەر هەر لە چۆکی خۆیان دەدا، لەبەر کامۆی بەریان وە لافاوی نەمابوو، قادرە پووخە لە تەنیشتە من ڕاوەستابوو، پشتی کوڕ کردبۆوە و باوەشینەکی حەسیری لە دەستی بوو، جار جار بەلای ڕاست و چەپ بایدەدا، چونکە هیچ ددانی لە دەوی نەمابوو، وەکی هەناسەی دەدا ڕوومەتی وەکی دەبدەبەی(میزەڵان) پڕی با دەبوو، وەکی هەناسەی دەداوە، ڕوومەتی فش دەبۆوە! ئەمن لەبەر پڕبوون و بەتار بوونی ڕوومەتی قادرە پووخەی ئاگام لە لافاوی نەمابوو، پووخە هەستی کرد ئەمن تەماشای دەکەم، لۆیێ ڕووی لەمن کرد و بە کوردیەکی پەتی گۆتی: بەڕای توو چارەنووشی(چارەنووس) کامۆی بە کێ دەگا؟ قادرە پووخە چونکە ماوەک بوو هات و چووی مقەڕی حیزبی دەکرد، هەندی گێدابووە درۆی مەسوولان، وەکی وان فێرە کوردی پەتی ببوو! گۆتم: وەڵلا برێم چ قادر، ئەتوو کووی تێدەگەی؟ قادر سەرەکی باداو گۆتی: بەکوردی و بە کورتی هەتا بەردەبی بە نۆ قەدان داکی دەگ...ن!
وەختەکی بووە هاتە هات و هەرا، زانیم لافاو دادەبەزی، عەدێ و ئەسکەندەر خۆیان حازر کردبوو هەر دابەزی پێی برێن: قوربان کامۆیان بە غەرەتی بردیە فریای کەوە!
ئەمن دەمزانی کێشەکە لافاو نیە و کامۆی بەردەدا، بەران کێشەکە لە چەکدارەکانە، هەتا کامۆ لەبەر دەستیان قوورتار دەبی لەگۆڕی ئەسکەندەری بابی دەبەن!
وەختەکی دەرکەی تڕومبێلی کراوە، دیتم لافاو دابەزی، تەماشام کرد ئێکی سیسی جیقنی پوزەی مل باریک بوو، شۆرتەکی هەتا سەر چۆکی لەبەر بوو، لایەکی ئارای ئەمریکای بوو، لایەکیش ڕسمی کیژەکی بوو خۆی داهینابۆوە و قوونی قووچ کردبۆوە، تیشێرتەکی پرتەقاریشی لەبەر بوو، هێدفۆنەکی لە گێی بوو، عەینەگی ڕەش ڕەشیشی لە چاوی بوو، کاسکێتەکی شینی لەسەری نابوو، مۆبایلەکی لە دەستی ڕاستی بوو، بنیشتی دەجووی و چاوی هەر لەسەر مۆبایلەکەی بوو، نەسەری برند کرد و نەسەلامی لەکەس کرد، وەختەکی بووە هووتاف لێدان: لافاو لافاو لافاوە، ئازایە مەردە پیاوە!
مایتی.[1]