عەدێ و مەدێ 54
گۆتمە قادرە پووخەی: چما ئەو قوون بەگووە لافاوە، ماخران خۆ بە گازی گۆشتی لێبکەیەوە کیلۆ گۆشتەکی پێوە نیە، چوورچەی پیس! قادرە پووخە گۆتی: لەو نەوعانە بترسێ، ئەوە هەموو قووەتی خۆی دایتە مێشکی، نابینی چاو و دەستی هەر لەسەر مۆبایلیە؟ گۆتم ئێ ئەوجە ئەوە چیە؟ گۆتی: کێشەکە ئەلێرەیە، ئەتوو نە تێدەگەی، نە دەتەوێ تێبگەی، نە کەس هەیە تێتگەینی! گۆتم: نۆبەتی تووە پووخە، ئەمن تێناگەم یان ئەنگۆ، ئیشاڵلا وەکی کامۆت لێدەکەن! سەرەکی بادا و گۆتی: دەزانی کاکە لافاو بەو مۆبایلەی قسەی لەگەر کێ دەکا؟ گۆتم: لەگەر کێ؟ گۆتی: لەگەر ڕەئیسی ئەمریکی، بڕوات هەبی ئەو ئەمریکایە وەکی چشتەکیان لێ عاسێ دەبی، فەوری پەیوەندی بە کاکە لافاوی دەکەن و ئەو بە دوو قسان لۆیان عەل دەکا! ئیسماعیل مریشک دز لە تەنیشتی لای چەپەم بوو، نەمزانی گێی دایتە قسەی مە، دیار بوو باوەڕی بە قسەکانی قادرە پووخەی کردبوو، لۆیێ ئێک بە دەنگی هاواری کرد: بژی ئەمریکا، بژی کاک لافاو! کۆمەرە پیرەژنەکەی بەخۆو بە عەریزەوە ڕاوەستابوون، تێکڕا دەیانگۆ: بژی بژی هەربژی! گۆتم: هێواش بابە هێواش مێشکی سەرم چوو! وەکی ئەمن ئەو قسەم کرد، ئیسماعیل مریشک دز بە جارەکی دەفع بوو، ئەوجارە قووەتی قوونیشی دایێ و هەتا هێزی تێدابوو هاواری کرد: کورد حاری زۆر فەوتاوە، بە بێ کاکە لافاوە، پیرەژنەکان تێکڕا دەیانگۆ: کورد کورد بژی کورد! گۆتم: وەڵلاهی وەچاکە بچمەوە مارێ و خۆم لەو گێلەوەژیەی قورتار بکەم باشە، کشامەوە پاش و بە دەردەسەری قورتارم بوو، ئەمن گەیشتمەوە دەرکەی ماری خۆمان و لافاویش تیژ ڕۆیی و چووە ماری مەدێی!
لە مارێ دانیشتبووم و خەمم لەو میللەتەی دەخوارد، کە کوو بوویتە کۆیلە و شانازیش بە کۆیلاتی دەکا، وەختەکی بەتووندی لە دەرکەی درا، گۆتم وەچاکە بەخۆم بچم بزانم کێیە؟ چووم دەرکەم کردەوە، دەبینم عەدێ و ئەسکەندەرن، قادرە پووخەش لە دووری وان ڕاوەستایە! گۆتم: ها چتان دەوێ؟ عەدێ گۆتی: زوو پێشمانکەوە دەی، ئەتوو لۆ خوت دزیەوە، ئەدی ئەمە نەمانگۆ ئەتوو پیاو ماقوولی و دەبی لە پێشوازی دابی، عەیبە وەرە دانیشە، دوو ئیستیفادەی بکە لە قسەکانی کاکە لافاوی، بەشکوو لە مەعنای ژیان تێدەگەیی! گۆتم: کورە دەبڕۆن عارەبانەکەتان ڕاکێشن، هەی فەقیر حارینە، ئەو دم ڕووتە چیە بێم لە دیاری دانیشم، ئەوە زروفەکە ئەوەی هینایتە پێش، دەنا وەڵلا وەبیللا ئی وەی نیە مەڕیشی پێ ئاو دەی! عەدێ و ئەسکەندەر تێکڕا گۆتیان: هەر شەش تەراقمان کەتبی دێی! قادرە پووخە لەوسەریڕا گۆتی: ئی منیش وەگەدەن با ببتە نۆ!
مایتی.[1]