عەدێ و مەدێ 57
بووە غەربەغەرب و هەرا، ئەسکەندەر و عەدێ یەکسەر خۆیان بەسەر لافاوی دادا و گۆتیان: ئەمە هەموو بە قوربانی تووبین، با ئەو فیشەکانە بە هەناوی مە بکەوی، چەکدارە پرچ گروازەکان عەدێ و ئەسکەندەر پار پێوەناو فڕێیان دان، گۆتیان: هێوەڕن بۆن بۆگەنینە، کاکە لافاوتان هێڕ کرد، زەلام هەیە کاکەی بکوژی، ئەدی ئەمە لۆ لێرەینە! مەدێ گۆتی: ئێ ئەوەنیە دەرێ کوژرام؟ لافاو سەری برند کرد و لەباتی برێتە مەدێی چادەبی ئیشاڵلا، گۆتی: کەرە لە پۆپجی کوژرام پۆپجی! مەدێ گۆتی: دەپێمانبرێ کێ ئەتوو کووشت، هەتا بچین گۆڕی بسووتێنین! لە خۆمەوە بە جواب هاتم و گۆتم: مەدێ کێشەی توو ئەوەیە، نە تێدەگەی، نە دەتەوێ تێبگەی، نە کەسیش هەیە تێت بگەینی! لافاو سەری برند کرد و تەماشایەکی منی کرد، گۆتیە ئێک لە پرچ گروازەکان دوایێ ئەوەم لۆ بینن ئیشم پێیتی! جەماعەت تێکڕا ئاوڕیان لۆلای من داوە، بەینی خۆمان ئەمنیش ڕەنگم زەرد هەرگەڕا، قادرە پووخەش لە باتی درم بداتەوە پەنجەکانی بە ملی داهینا و بە سەبری گۆتی: قوڕت بەسەری وەڵلا پخت دەکا، دەبخۆ دەی، ئەوەیە دەرێن زمان بەرای سەرە! ویستم بڕۆم و خۆم قورتارکەم، ئێک لە چەکدارەکان چاوی لێ زەق کردمەوە و هەر بە ئیشارەتی چاوی تێیگەیاندم بەس بجولێی دەتکەمە بێژینگ بە گووللان!
لافاو دەستی بە پۆپجی کردەوە، ئیشارەتی دا چەکدارەکی و پەنجەی خۆی لۆ درێژ کرد، وەکی تەلقەی نێرگلەکیان لە پێش دانا، ئەویش وەریگرت و بە هەموو قووەتی قوومەکی لێدا، هەند بەقووەت هەریمژی، دەتگۆ قووم لە قوونی سەی دەدا، وەختەکی هەرچی دووکەری هەناوی بوو هەمووی دەردا و ئەو ژۆرەی قانگ دا! قادرە پووخە چونکە ڕەبووی هەبوو دەستی بە کۆخەکۆخێ، چەکدارەکان پیلیان گرت و فڕێیان دا دەرێ، پووخە بە غلۆرە ڕۆیی لۆ حەوشێ، ویستم بەفێری وی بچمە دەرێ و خۆم قورتار کەم، ئێکەک گۆتی: کێوە؟ گۆتم: ئەو زەلامەی قیت دەکەمەوە، وابزانم ڕوحی لەبەر نما، کابرا گۆتی: لە جێی خۆت نەجولێی و هەقت بەوی دانەبی، وازی لێبینە با سەگتۆپ بی، لە دری خۆم گۆتم: ئەی قوڕم بەسەری، ئەوە ئەوها تەماشا ئەندامی خۆیان بکەن، دەبی کوو تەماشا خەرکیدی بکەن! لەو خەیارانە دابووم، لافاو گۆتی: عەدێ، ئەسکۆ، ئەو خەرکەی دەرکەنە دەرێ و با بێینە سەر مەسەلەی گۆلکەکان! مەدێ گۆتی: قوربان ئەو خەرکە عەزدەکەن بە لووتفی خۆت قسەکیان لۆبکە؟ لافاو گۆتی: قسەی چیان لۆ بکەم، خۆ ئەمن ڕایدۆن(ڕادیۆ) نیمە!
مایتی.[1]