عەدێ و مەدێ 59
گۆتیان: بڕۆ فریای خۆت کەوە، چیشت لە کامۆیە، کامۆ بەقوربانی پێراوی خارمان و کاکە لافاوی بی، گۆتم: باشە کاکە باشە، خوا خار و لێ نەستینی، پشتم تێکردن و چوومەوە لای مارێ، وەختەکی ئیسماعیل مریشک دز کەتە دووم، گۆتی: ڕاوەستە ڕا، با دوو قسانت لۆبکەم! گۆتم: دەوەرە دەی تەیری موبارەک، بەس لەتوومان کەمە، ئەتووش بڕەک سەرو درم بگرە! گۆتی: هاتیمە تەکبیرەکت لۆبکەم، گۆتم: دەبرێ بزانم! گۆتی: بەگێی من دەکەی هەرئێستا سواری سەگە تڕومبێلەکی دەبی و دەچیە ماری خاری، خۆ فڕێدە بن دەست و پێی کاکە لافاوی و برێ ئەمن کردم ئەنگۆ نەیکەین، ئەوە پشتی من و دارینگۆ! گۆتم: ئەو تەکبیرەت کوو لۆهات؟ گۆتی: ئەمن ئیسماحیل حەبقەریم پێ دەرێن، بەردی بووکشم ئاوی لێ دەینم! گۆتم: دەست نوێژت هەیە؟ گۆتی: ناوەڵلا، لۆ؟ گۆتم: چونکە هەونکە مەلا بانگ دەدا، لەباتی ئەو تەکبیرە موهیمانە بڕۆ نوێژەکەی بکە! ئیسماعیل مریشک دزم بەجێهێشت و چوومەوە مارێ.
پاش عەسرەکی درانگ لە دەرکەی درا، وەکی چوومە دەرێم دیتم مەجۆیە، ئەو مەجۆیەی مدیر شورتەو معاون شورتەی دەدا بەر پێلەقان لەمارێ خاری عەدێ و مەدێی! مەجۆ پیاوەکی بەسام بوو، سمێرەکی گەورەی پێوەبوو، دەتگۆ قیڕە، وەکی تەماشات دەگرت، واتدەزانی ڕەشۆرەی لەناو دەویە و بارەکانی هێشتا لە دەرێنە، مەجۆ لەناو تڕومبێلی دانەبەزیببوو، تەماشایەکی کردم و هەر بە ئیشارەت گۆتی: یاڵلا سواری تڕومبێلی بە، ئێکیدیش لەگەر مەجۆی بوو، لە پێشی تڕومبێلی دانیشتبوو، ئەویش لە مەجۆی کمتر دیاربوو، ئاوڕم لۆ ئەولا و ئەولا داوە، دیتم ماری عەدێ و مەدێ و ئەسکەندەری هەر هەموویان بە سافی لەپێش دەرکەی ڕاوەستاینە، هەموویان تەماشا منیان دەکرد، قادرە پووخەش لەولاتر ڕاوەستابوو، هەردوو دەستی لە تەنگەی قەیم کردبوو، زۆر بە خەفەتباری تەماشا منی دەکرد، ئەمن بە هیچ زەندەقم نەچوو، بەو تەماشاکردنەی قادرە پووخەی نەبی، ڕێک دەتگۆ وادەمبەن گوریسم لەملی دێخن و لە قنارەم دەدەن! منداری خۆشم هەموو هاتبوونە دەرێ و ڕەنگیان پەڕیبوو، ئاوڕەکم لێدانەوە و گۆتم: خەمتان نەبی بەسەلامەتی دێمەوە، سواری تڕومبێلی بووم و مەجۆ بە تەنناش هەستا!
مایتی، زۆریشی مایە.[1]