عەدێ و مەدێ 60
لەکۆرانێ ئاودیوو بووین، مەجۆ گۆتیە ئەو زەلامەی تەنیشتی: ئەرێ کەرەباب، شۆفەرەکە لە مەزرەحەی مایە؟ ئەویش گۆتی: لۆ دەپرسی؟ مەجۆ گۆتی: ئەدی نابی لەبن خۆرێی نێین، خۆ هەر ئەوها لێی ناگەڕێین! کەرەباب گۆتی: کورە بن عاردی لۆ چیە، لە کەندەکی فڕێی دەدەین و ئیللەڵلا و بڕایەوە! مەجۆ گۆتی: ئەتوو دەبا کەرەباب نەبای، بابەکەت لێکراباوە و کەرەکە بایی بەتەنێ! کەرەباب لە باتی توڕەبی و هەڵوێست بگری، یەک بە دەنگی پێکەنی و بە مستان وەرگەڕا دەشبولی تڕومبێلی، دوایێ پشتی کووشینەکەی لەسەر دانیشتبوو، لۆ پشتەوە نووشتاندەوە و لێی پارداوە و هەر دوو لاقیشی هاویشتە سەر دەشبوولی! ئەمنیش کەتمە ناو خەیاران، گۆتم: ئەوە هەبی و نەبی باسی منە و دەمکوژن و لەبن خۆرێم دەنێن، مادام هاتە سەر شۆفەری، تەواو، لەبن عاردیم دەنێن و خلاس و بڕاوە، دەستم لۆ یەددەی تڕومبێلی برد، بیکەمەوە و خۆ فڕێ دەم، گۆتم: مادام هەر دەمرم، با لەسەر جادەی بمرم، یان بەشکوو بەسەلامەتی دەرچم، بەران مەجۆ هەند بە تیژی دەیهاژووشت، بەس خۆم فڕێ دابا، پەنجا تەقلەم لێدەدا و لەو جادەش دەکەتمە ئەو دیووی جادەکەی دی، مەعنای دوو جار تڕومبێل بەسەرم دەکەت و دەبوومە شفتە! دوایێ گۆتم: ناوەڵلا لە تڕافیکی وەکی مەجۆ ڕایگرت، ڕاست دەرکەی دەکەمەوە و هەردێم! ئەوە لەهەمووی باشترە، قابیلە لە جادەی بکەونە دووم، بڕوا ناکەم، دوایێ بکەونە دووشم ئێک هەردەبی قورتارم کا لە دەستیان، خۆ کافرستانی نیە! وەلحاسر لەو فکرو خەیارانە دابووم، ئەمە دەگەیشتینە هەر تڕافیکەکی لەشەنسی من کەسک دەبوو، دەورە یەک کەللەی لە خۆت مەدە!
لە شاری چووینە دەرێ، نە ئەوان دەنگ و نە ئەمن دەنگ، تەماشام کرد، کەرەباب جەمەدانی هینایتە سەرچاوی و پرخەپرخیتی، گۆتم: ئەرێ دەبا قسەکی بکەم، خۆ دنیا خرانابی، بە قووەت گۆتم: ئحم ئحم! کەرەباب بەخەبەر هات و گۆتیە مەجۆی: وەی سندان، خۆ سەروپێت قوزەلقوورت نەکردیە قوڕگت ساف دەکەی، سەی خۆڕی! مەجۆ پسا هەنگی پێبکەنی و بە مستان وەرگەڕا سوکانی، گۆتی: کورە ئەمن نەبووم هەی کەرە! ئەو زەلامەی پشتەوە بوو! کەرەباب ئاوڕەکی لەمن داوە و بەینەکی تەماشای کردم، ئەمن هەر زەندەقم چوو، زیاتر لەچ ترسام، چاوی چەپەی سپی سپی بوو، ئەوەی ڕەشایی بی تێی دانەبوو! دوایێ گۆتیە من: ئەتوو بووی قوڕگت ساف کرد؟ نەمزانی چبرێم و بێدەنگ بووم! ئەوجارە تووندتر گۆتی: ئەتوو بووی یان نا؟ تینم دا بەرخۆم و گۆتم: وەڵلا کاک کەرەباب! هەر شێت بوو، گۆتی: کاک زەهری مار، هەر ئەتوو مابووی برێی کەرەباب، مەجۆ لەبەر پێکەنینان هەندەی نمابوو لە جامی پێشەوە خۆ فڕێدا، کەرەباب گۆتیە من: بەشەرەفت کەست دیتیە ناوی کەرەباب بی؟ گۆتم: ئەدی وەنیە ئەو برادەرە وەدەرێ! گۆتی: ئەتوو چیشت لەویە، ئەو هەرچی دەرێ ئازادە و برادەری منە، بەس ئەتوو چی منی هەتا ئەوها برێی ها! ئەمن چدەنگم نەکرد، کەرەباب تووندتری کرد و گۆتی: لەگەتووم نیە کورە، لۆ قسان ناکەی؟ خوا ڕەحمی کرد مۆبایلەکەی لێیدا و ئەمنی لەبیر کرد، هەریگرت و گۆتی: چت دەوێ کچێ، هەی عەرز و عروزت ب...م، لە واجبیش وازم لێ مەینە! ئەوجە چبکەم سۆراو و سپیاوت نەمایە، ملت بشکێنەو بڕۆ لەکن موخلیسۆکی بکڕە، خۆ ئەمنیش لۆت ناکڕم هەی کەر میللەت!
مایتی.[1]