عەدێ و مەدێ 64
دە ڕۆژەکی پێچوو، هوردە هوردە بەسە پێ کەتمەوە، ئەو زەلامە لە ژۆرێ هەر لەگەرم بوو، دوو کەسی دیشیان لە دەرێ دانابوو، ئەو وەختەی دختۆر ەکان پیاسەشیان پێدەکردم، کەلەپچەم هەر لە دەستی بوو، ڕۆژەکی دوو ئەفەندی بە مشەوەشی هاتنە ژۆرێ، چپەچپەکیان لەگەر ئەو زەلامەی ژۆرێ کرد و بڕەکیان تەماشای من کرد، ئیدی هەردووک هاتنە کنەمن و گۆتیان خۆت خڕکەوە دەتبەین لۆ جێیەکی دی! گۆتم: لۆ کێم دەبەن؟ گۆتیان ئەوە ئیشی توو نیە و مەپرسە!
لوولیان دام و فڕێیان دامە ناو تڕومبێلەکی جام ڕەش و بەڕێکەتین، خۆم تەسلیمی خوای گەورە کرد، وەختەکی چووینە ناو بینایەکی گەورە، بەوەی زانیم گەورەیە، جیڕەی دەرکەی هات وەکی کردیانەوە، وەختەکی تڕومبێلەکە ڕایگرت، ئەمنیان هینا خوارێ، ئێکەک دەستی ڕادەکێشام چونکە چاوم قەپات بوو، هیچم نەدەدیت، بەینەکی ڕۆیشتین، دوایێ دەرکەک کراوە و چووینە ژۆرێ، کابرای دەستی گرتبووم، دستی بەردام و چاوی کردمەوە، تەماشام کرد زەلامەک لە پشت مێزی دانیشتیە، ئێکیش لە پشتی ڕاوەستابوو، حەیزەرانەکی ئەستووری لە دەستی بوو، بەین بەین برندی دەکرد و نووکی لە عاردی دەکووتا، ئێکی ڕەشەی مل ئەستووری و لچ شۆڕ بوو، دەتگۆ تازە لە جهەنەمێ هاتتەوە، وەڵلا حەیزەرانی لە هەر ئێکەکی بدا دەبا ئەوەل چشت قەبرەکی لۆ لێدەن!
کابرای دانیشتبوو، فایلەکی لەپێش بوو، دەستی بە پرسیاران کرد، ناوت چیە، بابت کێیە، خارت کێیە، مامت کێیە، پلک و پلتورت، خارو خارۆژنت، مام و مامۆژنت، وەلحاسر ڕێ و پیکی دەرهینام، وەڵلا سی ئای ئەی ئەمریکیش بیگرتبام هەر ئەوەندە پرسیارەیان لێدەکردم، ئەوجە جغەرەکی باریکی دەریناو بە چەرخە مۆرەکەی پێشی پێی کرد و قوومەکی لێدا، گۆتی: لۆ ویستت ئەو دوو زەلامەی بکوژی؟ گۆتم: بەرێ؟ توڕەبوو، هەتا مست گرتی لە مێزەکەی دا، گۆتی: بەس ئەمن پریار دەکەم و ئەتووش وەرام دەدەیەوە، ئەمن یەک جاریش پرسیار دەکەم و دووبارەی ناکەمەوە، تێگەیشتی! ئەو زەلامەی لە پشتی بوو، گۆتی: گەورەم، دوو سێ حەیزەرانی لێدەم؟ ئەمن زەندەقم چوو، گۆتم: هەونکە بە دوو حەیزەرانان خلاسم دەکا، باشبوو ئەفەندیەکە گۆتی: ڕاوەستە جارێ، بزانین دەگەینە کێ! ئەوجە ڕووی لەمن کرد و گۆتی: دەی قسان بکە! گۆتم: ئەو دوو زەلامە ڕاست ناکەن و بووختانم پێدەکەن! گۆتی: یەعنی درۆی دەکەن؟ گۆتم: بەرێ درۆی دەکەن! گۆتی: زۆرباشە زۆر، یەعنی حوکمەت درۆی دەکا؟ گۆتم: ئەوجە حوکمەت چ پەیوەندی بەو ئیشەی هەیە، ئەتوو لۆ حوکمەتی دەینیە ناوێ؟ گۆتی: ئەو دووە پیاوی حوکمەتینە، ئێ ئەگەر ئەوان درۆی بکەن، مەعنای وەیە حوکمەتیش درۆی دەکا! گۆتم: وەڵلا ئەو ئیشە هیچ پەیوەندی بە حوکمەتی وەنیە، ئەوجە ئەو تۆمەتەشم لۆ هەرمەبەستن! کابرا گۆتی: بەگێی من دەکەی ئیعتراف دەکەی، وەبی حوکمەکی سووک بدرێی، ئەوەش ئیعترافەکەت لەو وەرەقەی نووسرایە، ئیمزایەکی لێدە و وەلسەلام! گۆتم: وەڵلاهی بشمکوژن قەت ئیمزای لێنادەم، دەتەوێ ئیمزا کەم و مارم بە قوڕێ بگیرێ! کابرای ملەستوری پشتی، گۆتی: گەورەم لێگەڕێ با دوو سێ حەیزەرانانی لێدەم! وەڵلا ئەوە مستەهەقە، ئەویش گۆتی: ڕاست دەکەی، لێیدە بیدە بەر حەیزەرانان!
مایتی.[1]