عەدێ و مەدێ 66
ئیدی کابرا ڕۆیی و ئەمن بە تەنێ مامەوە، بەین بەین تڕومبێلەکی سۆری تایە گەورەی بێ سەر، ئەوانەی لە چیای یان لە سەحرای داژۆن، بەلای من دا بە تووندی تێدەپەڕی و دەیگۆ: وزززززززز، ئێکەک دەیهاژووشت، کراوەکی گەورەی چینکۆی لەسەری نابوو، عەینەگەکی ڕەشیشی لە چاوی کردبوو، دەم و چاوی هیچ دیار نەبوو، ئەمنیش هەر چاوەڕێ بووم لافاو بێ، هوردە هوردە دەستم بە پیاسەی کرد، لە بەر سێبەری خانیەکەی دەهاتم و دەچووم، لە دور ڕا تەماشای ئەسکەندەرم دەکرد کوو ئەو سەیانە دەشوا، ماخران هەند بە جوانی دەیشووشتن و ئیسفەنجی بە پشتی دادەهینان، پیاو منداری خۆشی ئەوها ناشوا، عەدێ و مەدێش لەو سەری هەرخەریکی توو لێکردنەوەی بوون لۆ خاری، وەها هەناویان پسابوو، نەدەوێران سەر برند کەن و تەماشا منیش کەن، ئەسکەندەر جار جار بە تی چاوی تەماشای دەکردم، وەختەکی زەلامەک لە پشتەوە هەتا شاپ گرتی لە ئەسکەندەری دا، ئەسکەندەر بە قەلاقووچکە ڕۆیی لۆ ئەو سەری، کابرا پەقرەجە ئاوەکەی برند کرد و بە چڕو چاوی داکرد، چونکە دوور بوون گێم لە قسەیان نەبوو، بەران بەگێرەی شاپ تڕاندنەکەی، دیار بوو کابرا ڕای لە سە شووشتنەکەی نەبوو، عەدێ و مەدێ هەر نەدەوێران ئاوڕیش دەنەوە، ئەسکەندەر قیت بۆوە و ڕوو بووە دەستی کابرای ماچی بکا، کابرا نەیهێشت، دیاربوو هەر پەنجەی لێ هەردەشەقاند و جوونی پێدەدا، ئەسکەندەریش وەکی عەسکەری لە ئیستاعد ڕاوەستابوو، ماخران نەدەوێرا بشجولێتەوە، کە ئەو دیمەنەم دیت، ئەوجە زۆر بە جوانی لە مەعنای کۆیلایەتی گەیشتم!
ئەمن لەو فکرو خەیارو خەمانە دابووم، تڕومبێلە سۆرەکە وەکی زەنگەستۆرەی ڕاست لۆ من هات، یەکەم جار وامزانی لە نێزیکی من ڕادەگری، دوایێ دیتم ئەوە هەروا بەنزینی دەداتێ و بە هەموو تینی دەیەوێ بەسەرم کەوی، فرسەتم هیناو هەراتم، ئەوەی باشبوو بن هەیوانی خانیەکەی برند تر بوو لە پێش خانیەکەی، خۆم برند کردو بەسە کەتم لۆ هەیوانەکەی، تڕومبێلەکە گەیشتیە نێزیکی من و بە تووندی سووکانی بادا و ئیستاپی کرد، زیڕەی ئیستاپی ڕۆژە ڕێیەک ڕۆیی، تڕومبێلەکە ڕاوەستا و ئەمنیش پشیەکم هاتەوە بەرێ، گۆتم: خوایە زۆر شوکر چانەبوو هەراتم، دەنا ئەو سەگبابە دەیکردمە جیبلقاو، تڕومبێلەکە دەوریپێنج دەقەکەی بە ئیش کردن ڕاوەستا، ئەوجە سایەقەکە کوژاندیەوە و هاتە خوارێ، بڕەکی ڕاوەستا و پاشان کراوە چینکۆیەکەی سەری لابرد، وەکی تەماشا دەکەم دەبینم ئەوە لافاوی ماری کمە!
مایتی![1]