مام هەژار چی بۆ فرانسوا لۆڤا نووسیوە
#کاوە ئەمین#
دەمێک بوو چەند کتێبێکی فۆتۆگرافەر و کامێرامانی فەرەنسی فرانسوا لۆڤا سەرنجیان ڕاکێشابووم، ژمارەیەکی زۆر لە وێنەکانی فرنسوا بە بەرفروانی لە ڕاگەیاندنی کوردیدا بەکاردەهێنرێن بەبێ ئەوەی ناوی وێنەگرەکەی بڵاو بکرێتەوە. لەو ماوەی پێشودا لە ڕێگای هاورێیەکەوە لە هەولێر سەردانیم کرد و لەسەر ئەوە ڕێکەوتین پەنجەمۆرێکی لەگەڵ بکەین.
لە کاتی قسەو باسەکانماندا چەندین بەسەرهاتی سەفەرەکەی خۆی بۆ گێڕامەوە کە بۆ ماوەی چەند مانگێک لە ساڵی 1963 دا لە کوردستان ماوەتەوە. لەو ماوەیەدا وەکو خۆی دەلێت زیاتر لە هەزار وێنەی تایبەتی گرتووە، بەتایبەتیش هی پێشمەرگە و بەرپرسەکانی شۆڕش و شەخسی ژەنراڵ بارزانی. باسی یاری شەترەنجی نێوان خۆی و ژەنراڵ بارزانی و گەلێک بابەتی دیکە، هەندێکیان لە بەرنامەکەدا باس دەکات.
لە کاتی خاترخوازیمدا، گوتی بوەستە با کتێبێکی تایبەتت نیشان بدەم کە ئەویش مەم و زینی خانیە و مام هەژار کردوویەتی بە موکریانی (کوردی)، لەو کاتەوە لای خۆم پاراستوومە. مام هەژار چەند دێرێکی لەسەر بەرگی ناوەوەیی کتێبەکە نووسیوە، ڕەنگە پێشتر خەڵکی دیکە باسیان لێوە کردبێت و من ئاگام لێی نەبێت، وا منیش لێرەدا نووسینەکەی مام هەژار دەنووسمەوە کە بەخەتی خۆی پێشکەشی کاک فرانسوا لۆڤای کردووە:
کاکە فرانسوا
تا وەک ئێستا ڕوت و دەربەدەربی هاودەردی منی، بەڵام فەرقی من و تۆ ئەوەیە تۆ لە گەلێکی ئازادی و پەنایەکت هەیە بۆ ڕۆژی لێقەومان و تۆ دەوڵەتی فەرانسە شک ئەبەی. لە کاتێکدا من لە میلەتێکی ئەسیرم و هیچ پەنایەکم لە دنیادا نییە، جا ئەگەر دەتەوێ هەمیشە هاودەم و هاوماڵ و بین، کۆشش بکە بەڵکو منیش وەک تۆ و گەلی کوردیش وەک گەلی فرانسە ئازدبێ، خۆ ئەگەر هەروا مامەوە ئەوا تەنای لە کاتی خەمباریدا بڕاوانە ئەم کتێبە. زۆر ناخۆشە لای من تۆ لە ئازادیدا بی و دڵی خۆت بە هەژارێکەوە مەشغوڵ کەی کە نەتوانی هیچی بۆ بکەی.
برات
هەژار 19\5\963
گوندی سرێشمە[1]