ڕۆڵی ژن لەسەردەمە جیاوازەکاندا
#ڕەسوڵ بۆسکێنی#
بەتوێژینەوەی ورد لەڕۆژگاری ڕابردوو زۆر لایەنی شاراوەی مێژووی ڕووداوەکانمان بۆ دەردەکەوێ و ناوەرۆکی بابەتەکان زیاتر بۆمان ڕوون دەبێتەوە، یەکێک له و بابەتانەی دەمانەوێ ئاماژەی بۆ بکەین دەربارەی ژن و کێشەکانی بەپێی سەردەمەکان، ئه و قۆناغانەی ژن پێیدا تێپەڕیوە، تەنانەت ئەفسانەکانی پێوەندیدار به و بابەتانەوه پێویستە لێکۆڵینەوەی وردی لەسەربکرێ. دیارە سەردەمێک ژن هەم لەناو خێزان و هەم لەکۆمەڵگا دا پایەکی بەرزی هەبووه، تەنانەت لەسەردەمێکدا مرۆڤ بۆ تەفسیرکردنی دیاردەسروشتیەکان پەنای بۆ پەرستنی ژن بردووه و پەیکەری بۆ دروست کردووە، ئه و قۆناغە بە کەلتوری ژنسالاری ناسراوە، ژن خاوەنی ڕێز و پیرۆزی بووە، ئەمەش بەهۆی قۆناغی پێشتر، کەمرۆڤ لەئەشکەوت و ڕاوشکارەوە، گەشەی کردو هەنگاوینا بەره و شێوە ژیانی تازه و پێشکەوتوتر، وەکو چاندنی زەوی و کشتوکاڵکردن و ماڵیکردنی گیانداران و نیشتەجێبوونی لەشوێنێکی دیاریکراودا، ژن تێیدا ڕۆڵی سەرەکی و بەر چاوتری گێڕاوە، بەپێی لێکۆڵینەوەکان لەوه بەدواوە پێگەی ژنان لەپیاوان فراوانتربوو، چونکە لەئەرکی چاودێری و سەرپەرشتیکردن و بەڕێوەچوونی ژیان لەپیاوان لێهاتووتربوو، یان بابڵێم ئەرکی زیاتری کەوته سەرشان، بۆیە بەشێکی زۆر لەئەرک و بڕیارەکانی کۆمەڵگا یان گرتەدەست، سەرەڕای ئەوەی پیاو زۆربەی لایەنەکانی ژیانی بەرزەفت کردووە، بەڵام لەهەندێک سەردەم و کۆمەڵگا و ناوچەی جیاوازدا هەوڵ و چالاکی لەکاردابووە، بۆ سەلماندنی ڕۆڵ و پێگەی ژن لەکۆمەڵگادا، وەکو پێگەی خوا ژنی خۆشەویستی و جوانی (عەشتار)ی میسۆپۆتامیا و خاتو خواوەند (انانا)ی سومەری و (ئەفرۆدێت)ی یۆنانی کۆن و (ڤینۆس)ی ڕۆمانی و (ئاناهیتا)ی ئێرانی و...هتد، مەبەستیان بووە ژن بۆ ڕووناکی (نوری) خوداکان بگێڕنەوە و هەوڵیانداوە توانای ژن لەئافراندنی مرۆڤدا، وەک سەرچاوەی ژیان و زاوزێ نیشانبدەن و بیخەنە خزمەت بەهێزی پێگەی ژنانەوه.
ئەم قۆناغە سەدان ساڵ درێژەی کێشاوە، بەڵام بەهۆی گۆڕانی بارودۆخی کۆمەڵایەتیەوه، ژن نەیتوانی تاسەر پارێزگاری لەبەهاکانی پێگەی خۆی بکا و پلەکەی خۆی لەدەست داوه، بەهۆی مامەڵەی خۆویستی پیاوان و سوودبینین لەبەهێزی جەستەیان، بەهۆی خوداوەندی دەستکرد و ئایینە ئاسمانییەکان، جێگا یان بەژنان لەقکرد و دەسەڵاتی پیاو زیادی کرد، نەریتی پیاوسالاری بەدەرکەوت و ژن پلەیەک کەوتنە دوای پیاوانەوە، ئیتر قۆناخ بەقۆناخ پێگەی کۆمەڵایەتی ژن هەم لەکۆمەڵگا و هەم لەخێزان و بنەماڵە دابەزی.
قۆناغی دواتر ڕەوتی گۆڕانکارییه کۆمەڵایەتیەکان بەقازانجی پیاو بووه و لەکۆمەڵگادا پلەی بەرزی بەدەست هێناوە، لەبەرامبەردا پێگەی ژن دابەزی و کەوتە دوای پیاوانەوە، دواتر گەیشتە قۆناغی چەوساندنەوە و سووکایەتی و زیندەبەچاڵ کردن. ئەم قۆناغە بۆ ماوەی هەزاران ساڵ بەردەوام بووه و پیاوان پارێزگاریان لەپلەی خۆیان کردووه و تائێساش لەسەر هەمان ڕێچکە بەردەوامی هەیە. لەڕاستیدا ئەم بارودۆخە بۆ هیچ لایەنێک جێگای شانازی و سەرکەوتن نییە، چونکە مرۆڤ بونەوەرێکی کۆمەڵایەتیە و بەتێکەڵاوی پێکەوە دەژین و تەواوکەری یەکترن، هەرچەند لەباری فیسیۆلۆژی و سایکۆلۆژییەوە لەیەکتری جیاوازبن، بەڵام لەکۆتاییدا هەردووکیان دوولایەنی بنیاتنەری مرۆڤایەتین.
گۆڕانکاریه کۆمەڵایەتیەکان لەبەردەوامی ڕۆژگاری ڕابردوو لەپێگەی ژندا ڕۆڵی بەرچاوی گێڕاوە، چیرۆکە ئەفسانەییەکان کەتاڕادەیەکی زۆر لەشێوەی ژیانی ڕاستەقینەی ئادەمیزاد نزیک بوون، بەرهەمی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتیەکان و بارودۆ خی ژیانی ڕابردوو بەهەندێک زیادوکەم بەچینی داهاتووی سپاردووە، بێگومان ئەفسانەکان لەناوچەیەکەوه بۆ ناوچەیەکی دیکه جیاوازه، سەرەڕای ئەوەش داستانە قارەمانێتیەکان و چیرۆکه ڕاستەقینە و ئەوینداریەکانی مرۆڤ، هەر کامیان پله و پێگەی ژن لەسەردەمی خۆیدا دیاری دەکات.
پێگەی ژن و ئایین
ئایینەکان بەگشتی و ئایینە ئاسمانییەکان بەتایبەتی زۆرترین جەماوەر و شوێنکەوتویان هەیە، دەربارەی مرۆڤ بەگشتی و ژن بەتایبەتی تێڕوانینی جیاوازیان هەیە، هەڵوێستی هەموو ئاینەکان سەبارەت به ژن تاڕادەیەک وەکو یەک بووە، سەبارەت بەوەی تاکو ئێستاش لەچاخی پیاوسالاری داین، ئایینەکان ڕۆڵی بەرچاویان لە هێز و دەسەڵاتی پیاو گرێداوە بە هێزێکی میتافیزیکی خواییەوە.
ئاینی ئیسلام لەهەموو ئاینەکانی دیکه زیاتر ئاوڕی لەژن داوەتەوە، بێگومان لەسەردەمی خۆیدا ئاینی ئیسلام گەورەترین چاکسازی له وڵاتی عەرەب و هەندێ لە وڵاتانی ئیسلامی کردووە، ئاینی ئیسلام یاساکانی چەندان ژنی بۆیەک پیاو قەدەغەن کرد و دایبەزاندە ئاستی چوار ژنی و گەورەترین گۆڕانکاری ئاینی، کومەڵایەتی... هتد پێکهێنا. بەڵام هەروەک دینەکانی دیکە لەسەرەتاوه پشتیوانی بەهێزی له و سیستمه کۆمەڵایەتیەی پێش خۆی کرد، وەک: پێکهێنانی خێزان و ژیانی ژن و مێردایەتی، خاوەنداریەتی و کاروباری ئابوری هتد... بۆ پێاوان دیاری کردووە.
هەڵبەت دەبێ ئەوە لەبەرچاوبگرین سنوردارکردنی هەڵسوکەوتی مرۆڤ لەئاینەکاندا نەک بۆ ژنان، بەڵکو بۆ پیاوانیش لەزۆرێک له و بوارانەی دیاریکراون، وەکو ژنان ئەوانیش دەگرێتەوە، چونکە بەبڕوای ئایینەکان لەناوئازادی ڕەهاو بێ سنور دا مرۆڤ بەهاوئاکاری شیاوی خۆی له دەست دەدات.
ئایینەکانی دیکه لەدوای ڕینسانس لەبەرنامەی خۆیاندا چاکسازی دینیان ئەنجامداوە. ئاینی ئیسلام هەرچەندە ڕیفۆرمخوازە ئیسلامیەکان هەندێک گۆڕانکاریان دەربارەی کێشەی ژن کردووە، لەمەسەلەی تەڵاق و دەنگدان و هەندێک بواری تر، بەڵام سەبارەت بەحیجاب و میرات و هەندێ بواری تر نەگۆڕاوه و وەکو خۆی ماوەتەوە، لەلایەکی تر ئایینی ئیسلام ئەرک و بەڕێوەبردنی خێزانی بۆ پیاو وەکو ڕێز و بەرزی کەسایەتی ژن داناوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێ ژن هەمان ئەرک و بەڕێوەبەری هەبێ، ئایینی ئیسلام سەبارەت بەمافی ژنان بۆچوونی تایبەتی هەیە، دیارە ئەمەش بەپێی لێکدانەوەی هزری مرۆڤی ئەم سەردەمە ژن زیانی لەم مامەڵەیه بەرکەوتووە، ئەوەش پێویستی زیاتر بەڕوون کردنەوە هەیه، بۆ زیاتر ئاشناکردنی خەڵک بەکێشەی ژن و گەیشتن بەزیاتری مافەکانیان.
رزگارکردنی ژن لەلایەن ئیسلامەوە
ئایینی ئیسلام وەک ئاماژەمان پێدا لەسەرەتای هاتنیدا گۆڕانگاری و چاکسازی زۆری لەکێشەی ژنداکردووە، ئەوەی جێگای سەرنجە ئایینی ئیسلام جەختی لەسەر دەکاتەوە پێش پەیدابوونی ئیسلام ژنان زیندەبەچاڵ دەکران، بەڵام ئیسلام هات و ئەو دیاردەیەی نەهێشت، لەڕاستیدا ناکرێ ئەم دیاردەیە گشتی بووبێت، دەشێت ئه و مامەڵە توندوتیژ و زیندەبەچاڵ کردنە، نەریتی تایبەتی کۆمەڵگای عەرەب یابەشێکی بووبێت، ئەگینا هیچ ڕێی تێناچێت کۆمەڵگایەک هەموو ژنەکانیان بکوژن و تەنیا پیاو بمێنێتەوە، ئەی کەوایە لەدایک بوون و بەردەوامی ڕەچەڵەکی مرۆڤ لەکام سەرچاوەبووە، بەتایبەت لەسەرەتای هاتنی ئیسلام ڕووبەری دەسەڵاتی ئیسلام لەسنوورێکی کەم دابووە و تەنیا شاری مەککە و مەدینەی دەگرتەوە، له و سەردەمەشدا (تاڵانکاری) و (الغزو) پێکهێنەری کەلتوری عەرەبی بووە و مرۆڤی عەرەبی بەسروشتی خۆی تاڵانکاری بەڕێگایەکی ڕەوا و سەربەرزانە بۆ ڕزق و بژێوی زانیوە و دەستکەوتەکانیشی لە زیندە و مردە بەڕەوا زانیوە.
لەلایەکی تر پێش ئەو سەردەمەی ئیسلام ناوی ناوە (سەردەمی جاهیلی و زیندەبەچاڵ کردنی ژن)، بەزیاتر لەهەزارساڵ پێش ئیسلام لەسەردەمی فیرعەونەکاندا لەمیسر خاتوو(نەفرتیتی) بەهێزترین و ناودارترین ئافرەتی ئەو سەردەمە، فیرعەونی میسر لەژێر کاریگەری ئەودا ئایینی یەکتاپەرستی ڕاگەیاند، ئەمەش بەوەرچەرخانێکی گرنگ دادەنرێت، ژنێک بتوانێ بەدی بێنێ، هەروەها لە یەمەنی پاڵ مەککە و مەدینەش بەلقیس شاژنێکی بەهێزبووە و ئێستاش پاشماوە شوێنەوارییەکانی شارستانیەتی شانشینەکەی نیشانەی بەهێزی ئه و دەر دەخات.
سەرەڕای ئەوەش هەزارساڵ پیش ئیسلام، لەبابل نەبوخەزنەسر لەبەرخاتری ژنە خۆشەویستەکەی سەرسوڕهینترین باخچەی دروستکردووە، کەتائێستاش بەباخچە هەلواسرەواکانی بابل ناسراون.
بێگومان دەبێت ئیسلام مەبەستی لەجاهل خێڵە عەرەبەکانی مەککەو مەدینە بووبێت، ئەگینا چۆن دەگونجێت بەبنیاتنەرانی ئەهرامەکان و تەختی بەڵقیس و باخچە هەڵواسراوەکانی بابل و چەندانی تر، بڵێ جاهیل و بەسەردەمی تاڵانکاری و شەڕوشۆڕ و کوشتارەکانی عەرەب بڵێ سەردەمی پێشکەوتن و شارستانیەت. [1]