- ناساندنی سەنتەرەکە:
سەنتەری ڕاهێنانی فێرکاری منداڵان، سەنتەرێکە بۆ چارەسەر و ڕاهێنانەوەی سروشتی و دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ منداڵانی کەم توانا لەتەمەنی یەک ڕۆژیەوە هەتا 12 ساڵی.
ئەم سەنتەرە لەڕۆژی دامەزراندنیەوە، هەتا ئێستا توانیویەتی 30 هەزار و922 منداڵ لای خۆی تۆمار بکات و بەشێوەیەکی بەردەوام خزمەتگوزاریان پێشکەش بکات. لەبەر ئەوەی لەم سەنتەرە نەخۆشەکان بەشێوەیەکی کاتی دەمێننەوە، بۆیە لەکاتی ئێستادا قەرەوێڵەی نیە بۆ مانەوەی نەخۆش.
ئەم سەنتەرە لە 21/8/1993 دامەزراوە و بەپێی گەشەکردنی بەشەکان و فراوانبوونی خزمەتگوزاریەکان لەساڵانی (1995، 1997، 1998) لەسەر ئەرکی ڕێکخراوی ئەکۆرن چەند جارێک نۆژەن کراوەتەوە، خزمەتگوزاریەکانی دانیشتوانی ناو شاری #سلێمانی# دەگرتەوە، بەڵام لەگەڵ گەشەکردنی تواناکان و بەرە و پێشچوونی ئاستی خزمەتگوزاریەکان، هەموو سنوری پارێزگای سلێمانی گرتەوە هەروەها لەگەڵ زۆر بوونی ژمارەی نەخۆشەکانی، ئەم سەنتەرە چەندین یەکەی نوێی لە ناو قەزاو ناحیەکانی پارێزگاکەدا کردەوە، وەکو یەکەکانی ناو شارۆچکەکانی (کەلار، چەمچەماڵ، ڕانیە، چوارقوڕنە، قەڵادزێ ، هەڵەبجەی تازە، هەڵەبجەی شەهید، سید سادق، پێنجوێن، دەربەندیخان، پیرەمەگرون، چوارتا) کە ڕاستەوخۆ لەلایەن سەنتەرەکەوە لەڕووەکانی لۆجستی و زانستیەوە ئیدارە دەکرێن.
لەگەڵ ئەوەشدا بە مەبەستی پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ زۆرترین نەخۆش، ئەم سەنتەرە هەستاوە بەکردنەوەی چەندین ناوەندی ناردنی نەخۆش واتە (احالە)، لەناو چەندین سەنتەرو مەڵبەندو نەخۆشخانەکانەوە کەژمارەیان دەگاتە(44) ناوەند.
-دیدگای سەنتەرەکە :
خستنەوە کاری هەموو ئەو هۆبانەی بەهۆکارە جیاجیاکان لەماوەی ڕابردوودا لەکار وەستێنراوون، وەک یەکەکانی (میوزیک تیراپی – هایدرۆتیراپی – قاوشی خەواندنی نەخۆش بۆ چاودێری و ڕاهێنانی بەردەوام و چارەسەری منداڵ).
کردنەوەی بەشێکی چارەسەری سروشتی بەهەمان تایبەتمەندی و خزمەتگوزاریەکانی بەشی منداڵان، بۆ نەخۆشە کەم تواناکانی تەمەن سەرو (12) ساڵ (چونکە وەک پێشتر باسمان کردن کەسەنتەرەکەی ئێمە توانای خزمەتگوزاری گەیاندنی تەنها بەهەتا تەمەنی 12 ساڵ هەیە)، ئەو نەخۆشانەی لای ئێمەوە دەرچوون لەدوای گەیشتنیان بەو تەمەنە، بەداخەوە هیچ شوێنێکی تر نییە کەبیانگرێتە خۆ بۆ بەردەوام بوونی چارەسەر و هێشتنەوەیان بەتەندروستی.
برەودان بە پێشکەش کردنی خزمەتگوزاریەکان لەدوای دەوامی فەرمی، ئەویش بەکردنەوەی سەنتەرێکی ڕاوێژکاری بەکرێیەکی ڕەمزی (نرخی تێچون) بۆ هەموو نەخۆشەکان.
خستنەوەگەڕی بەرنامەی سەردانی ماڵی نەخۆش (Home Visits) وەک بەشێکی تەواو کاری لەپرۆسێسی چارەسەری ڕاهێنانەوەی سروشتی.
کردنەوەی یەکەی فێرکردنی بەردەوام بۆ کارمەندان.
-ئامانجی سەنتەرەکە:
1-پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری ڕاهێنانەوە و چارەسەرکردنی تایبەت بەمنداڵی کەم توانا لەڕووی: چارەسەری سروشتی، پێدانی کەرەستەو پاڵپشت، چاودێری گەشە و تەندروستی مناڵان، دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی نەخۆشی کەم توانایی، پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری دەروونی و کۆمەڵایەتی، تۆمارکردنی نەخۆش و دروستکردنی فایلی تایبەت بۆیان و پاراستنیان)
2- هەڵسەنگاندنی ساڵانەی هاتن و تۆمارکردنی نەخۆش بۆ بەدەست هێنانی زانیاری لەسەر بەشێک لە هۆکارەکانی کەم توانابوون لە منداڵاندا.
3-ڕاهێنان و فێرکردنی بەر دەوامی کارمەندانی بواری چارەسەری سروشتی.
4- ڕاهێنان و فێرکردنی خوێندکارانی پەیمانگای بەشی چارەسەری سروشتی.
5-برەودان بە بەرزکردنەوەی کوالێتی خزمەتگوزاری دەستنیشانکردنی نەخۆشی و چارەسەر کردنی.
6. دروست کردن و فەراهەمکردنی ژینگەیەکی لە بار بۆ کارکردن بۆ کارمەندان و نەخۆش.
7. سود وەرگرتن لە توانا و هەماهەنگیکردن لەگەڵ ڕێکخراوەNGO یەکان و حکومیەکانی تایبەت بەم بوارە بۆ برەودان بە ئاستی خزمەتگوزاری ڕاهێنانەوە.
- سەرچاوە مرۆییەکانی سەنتەرەکە :
لەم سەنتەرە 2 پزیشکی گشتی کاردەکەن کە بڕوانامەی زانکۆیان هەیە، یەک دەرمانسازیش هەیە کە بروانامەی پەیمانگای هەیە، لەم سەنتەرە پزیشکی ددان نیە، 2 پزیشکی منداڵانیش لەم سەنتەرە هەیە کە بروانامەی ماستەریان هەیە، هەر لەم سەنتەرە 15 پەرستیار کار دەکەن کە 7 یان بڕوانامەی خوار پەیمانگایان هەیە و 9 پەرستیاریش بڕوانامەی پەیمانگایان هەیە.
ژمارەی کارمەندانی کارگێرش بریتیە لە 49 کارمەند کە 40 یان بروانامەی خوار پەیمانگایان هەیە و 2 یان بروانامەی پەیمانگا و 7 یان بروانامەی زانکۆیان هەیە، کارمەندانی تەکنیکیش ژمارەیان 10 کارمەندە 7 یان بروانامەی خوار پەیمانگایان هەیە و 3 یان بروانامەی پەیمانگایان هەیە، هەروەها لەم سەنتەرە 3 پاسەوان هەیە لەگەڵ 25 چارەسەرکاری سروشتی کە بروانامەی پەیمانگایان هەیە.
ڕۆژانە یەک پزیشکی پسپۆڕی ڕاوێژکاری شکاوی سەردانی سەنتەرەکە دەکات، هەروەها یەک پزیشکی منداڵانیش بە پێی خشتەی فەرمی کاری خۆیان سەردانی مەڵبەندەکە دەکەن.
- جۆری خزمەتگوزاری (پزیشکی تاقیگەیی):
چارەسەری هەناوی: چارەسەر کردنی حاڵەتە جۆر بەجۆرەکانی کەم توانایی منداڵانی وەک (ئیفلیجی مێشک، دەرچونی سمت، شێواوی پەلەکانی سەرەوە، شێواوی پەلەکانی خوارەوە، ئاوبەندی سەر، پێ قرژانگ، بڕبڕەی دووفاق، خواری مل، پوکانەوەی ماسولکە، دواکەوتنی گەشە، کۆنیشانەکانی داون، ئفلیجی بازوو، کێشەکانی ڕەفتار، کەمتوانایی لەفێربوون).
چارەسەری پزیشکی: دەست نیشان کردنی جۆری نەخۆشی کەمتوانایی - تۆمارکردنی زانیاری پزیشکی لەسەر فایلی نەخۆش بۆ بەدواداچونی درێژخایەن - بەدواداچونی نەخۆش لە ڕووی تەندروستی بەر ەو پێشچونی تەندروستی - ڕەوانەکردنی بۆ یەکەکانی ڕاوێژکاری بۆ چارەسەری پێویست چ لە ناوە یان دەرەوەی سەنتەرەکە - پێشکەشکردنی ئامۆژگاری و زانیاری پێویست لەسەر نەخۆشیەکان.
چارەسەری سروشتی: دەستنیشان کردنی جۆری کەموکوڕی نەخۆشەکە - پێشکەشکردنی چارەسەری سروشتی لە ڕاهێنانەوەی سروشتی و وەرزشی تایبەت بەنەخۆشەکانی ناوشارو دەرەوەی شار - پێدانی سپلنت - ئامۆژگاری دایکی نەخۆش و ڕێنمایی کردنی تایبەت - بەدواداچونی بەردەوام بۆ بەرەوپێشچونی چارەسەرەکان و هەڵسەنگاندنیان.
خزمەتگوزاری وەرشەی ئۆرتۆپییدیک: دروست کردنی پاڵپشتی قایش بۆ دەرچونی سمت - دروست کردنی پاڵپشت - دروست کردنی کەرەستەی پاڵپشتی نەخۆش لەئاسن و تەختە - دروستکردنی پێڵاوی تایبەت - دووبارە چاکردنەوە ی کەرەستەو پاڵپشتەکان.
خزمەتگوزاری تیشک وسۆنار: تەنها تیشکی ئێکسی ئاسای دەگرین بۆ مناڵان، سۆنەر لە داهاتوویەکی نزیدا دەکرێتەوە.
چارەسەری نەشتەرگەری: ڕاوێژکاری نەشتەرگەری ئێسک و شکاوی، و ئەنجامدانی نەشتەرگەریە پێویستیەکانیش لە دەرەوەی سەنتەرەکە ئەنجام دەدرێت.
چارەسەری تاقیگە: لەم کاتەدا پێویست نییە.
خزمەتگوزاری بەشی تۆماری فایل: دروست کردنی فایل بۆ نەخۆش و پاراستنیان و ئەرشیف کردنیان بۆ مەبەستی بەدواداچونی بەردەوام.
- چۆنیەتی پەیوەندی کردن بە سەنتەرەکەوە :
ناونیشانی و شوێنی جوگرافی:
سلێمانی- #چوارباخ# - نەخۆشخانەی نەشتەرگەری چوارباخی کۆن.
ژمارەی تەلەفۆن: 3207164
ئیمەیڵ: TCRCSULI@yahoo.com
[1]