سکرتێرە 30
لەگەر ئەو قسەی کابتنی بووە قوون بادان و هەلهەلە لێدان، ئەمنیان ڕاکێشا بمبەنەوە جێی خۆم، ئارەقەکی زۆرم کردبوو، چونکە زۆر هەرپەڕیبووم، کە لەژۆری کابتنی هاتمە دەرێ و چوومە ناو جەماعەتی، دیتم هەرایەکە نەبیتەوە، هەر بابایەو هەر دەپەڕی و چەپرەی لێدەداو قوون بادەدا، لەهەمووی سەیرتر دیتم پیرەژنەکە بەخەبەر هاتبوو، لەگەر سەرۆک جاشەکەی دەستی ئێکدیان گرتبوو و هەر دەپەڕین، پیرەژن هەلهەلەی لێدەداو سەرۆک جاشەکەش سەری بادەداو دەیگۆ : ئیوو ئیوو..! وەزیرەکان لەهەمووان خراتربوون، بەپشتی کورسیەکان دمبکیان لێدەداو گۆرانی شیرن ئەوڕۆ بەهارەی عوسمان حوسێنیان بەکۆرس دەگۆتەوە، گەیشتمە وان و گۆتم : بابە دەشوکری خوای بکەن تایە بۆوە، ئەنگۆ ئەو قوون بادانەت لەچیە ئەی هاوار..! وەزیری گەشت و گوزار بەرەو ڕووم هات و گۆتی : جەنابی وەزیر دەست بدە من با پێکەوە بڕەقسین..! گۆتم : وەڵلا بابە ئەمن ناڕەقسم و تاقەتی ڕەقسینم نیە، گۆتی : ئێ ئەتوو چەپرەی لێدەو برێ چس چس، ئەمنیش قوون بادەدەم و هەردەپەڕم..! وەرامم نەداوەو چووم لەجێی خۆم دانیشتم، کابتن قسەی کردو گۆتی : تکایە دانیشن و قایشی پشتتان ببەستن، چونکە دەنیششینەوە، کەس گێی نەدەدایێ و هەر بابەیە هەردەپەڕی، هەر چەند کیژەکان هاتن و تکایان کرد سوودی نەبوو، لۆیێ کابتن گۆتی : ئەگەر دانەنیشن، ئەوا هەر لەعاسمانێ دەسوڕێمەوەو نانیشم.! باشبوو لەگەر ئەو قسەی خەرکەکە هێور بۆوەو هوردە هوردە دانیشتن..!
هەندەی نەبرد تەیارە گەیشتە سەر فڕۆکەخانەی و هوردە هوردە نووی بوو، ئیدی تایەکانی گەیشتنە سەر عاردی و دوو سێ تەکانی دا، جەماعەت هەمووی زەندەقیان چوو و گۆتیان : بەقورعان قەوما، خوایە هاوارە فریامان کەوی، دیسان یا ئەڵلا یا ئەڵلا دەستی پێکردەوە، کیژەکە گۆتی : ترسی ناوێ، تەیارە کە دەنیشی ئەو تەکانەی هەیە، ئیدی جەماعەت دەستیان بەدریان وەناو گۆتیان : زۆر شوکر ئەلحەمدولیللا، مەمنونین بەتەکانی..! تەیارەکە بەینەکی باش لەسەر عاردی ڕۆیی، دوایێ هوردە هوردە هێوری کردەوە، هێشتا ڕانەوەستابوو، قاندرمەشی نەکردبۆوە، هەر بابایە قیت دەبۆوەو جانتای لە چەکمەزەکان دەردەهیناو لۆلای دەرکەی دەڕۆیی، بووە قەڕە پستانێیەک نەبیتەوە، کیژەکە هەر دەیگۆ : تکایە جارێ دانیشن، تکایە پەلەی مەکەن..! کەس گێی نەدەدایێ و دانەدەنیشتەوە..!
وەختەکی تەیارەکە ڕاوەستا، پاشان دەرکەی کردەوەو گۆتی : فەرموون دابەزن، ئیدی ئەمەش هەستاینەوەو هوردە هوردە بەڕێکەتین، وەزیری شارەوانی گۆتی : با زوو غاردەین و بچینە سڕەی ڤیزە لێدانێ، دەنا تاخیر دەبین و بەبەرمان ناکەوی، گۆتم : کورە دەخێر برێ ڕەحمەت لەبابت، ئەمە ڤی ئای پینەو حسابی تایبەتیمان لۆ دەکرێ ! گۆتی : برێ بەخوای ! گۆتم : سووندی ناوێ و تەئکیدم..! گەیشتینە دەرکەی تەیارەیی و کابتن و تاقمەکەی بەزەردەخەنەوە بەڕێیان دەکردین، کابتن : ڕووی لەمن کردو گۆتی : ئەتوو باشی ؟ گۆتم : سوپاس لۆخوای ! گۆتی : دەزانی هەندە جار شێتی پیاوی ڕزگار دەکا، ئەو شێت بوونەی توو خێری داوە لۆ هەمووان، سەرکەوتوبی..! سوپاسم کردن و خواحافیزیم لێکردن..!
بەلوولەی دابەزینی دا ڕۆیشتین و گەیشتینە لای دەرکەکی، دیاربوو چار پێنج کیژو کوڕی ناسکۆکە چاوەڕێی مەیان دەکردو دەیانزانی وەفدەکەینە، بەخێراتنیان کردین و جانتایەکانیان لێ وەرگرتین، ئەوان لەپێشەمە دەڕۆیشتن و ئەمەش لەدوویان بووین، وەزیری کارەبای هەنیشکەکی لێدام و گۆتی : تەماشای قوونی ئەو کیژەی بکە لە پێشەو کوو دێت و دەچی، ماخران وەکی عەسکەری یەس یەمی دەکا..! گۆتم : بەشەرەفت وەختی هەندێیە، ئەمە تازە لە مردنەکی مسۆگەر قورتارمان بووە ! گۆتی : ئاوایکە جانم..!
ئەمەیان بردە ژۆرەکی بەتەرتیب و فەرمووی دانیشتنیان لێکردین، پاسەپۆرتەکانیان لێ وەرگرتین هەتا ببەن ڤیزەی لێدەن، دەم و دەست قاوە و ئاویان لۆ هیناین، سەر سنیەکەی شوکولاتەی ڕەشی لەسەربوو، کچەکە گۆتی : فەرموون بیخۆن، سروشتیەو شەکری تێدانیە، سێ چار وەزیر چار پێنجەکیان هەرگرت، ئێکیان خواردو ئەویدیشیان هاویشتە بەڕکی چاکەتی، ئیدی ژیان ئەوهایەو پیاوی نەدیتکە بە ئاسانی ناگۆڕێ..!
پشووەکمان داو لەگەر سەرۆکی دەستەی پێشوازی هەندەک باسی بارودۆخی لوبنان و کوردستانمان کرد، هەر وەزیرەو خۆی لێببووە ئەڕستۆ، بە پێم وایەو بەڕای من و هەڵبەتەو بەڕاشکاوی لە هەقیقەتدا، قسەی گەورە گەورەیان دەکرد، بەزۆری زۆرداری دەیانوویست بەو برادەرانە برێن : ئەمە زۆر ڕۆشنبیرو دنیا دیدەینە.! ئەوانیش بەزۆری زۆرداری دەیانوویست لەمە بگەینن کەوا ئەوان پارە دارن و حەزدەکەن لەهەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن، دیاربوو بیستبوویان لەوڵاتیمە سیاسیەکانمان ئەوەندەی خەریکی بازرگانی و تێکەو لێکەنە نیو ئەوەندە خۆیان بەسیاسەت مەشغول ناکەن، ئێکەکیان گۆتی : پێم باشە گرنگی بەگەشت و گوزار بدەن، ئەمە دەتوانین هاوکاریتان بکەین، ئەمنیش هەرم دایێ و گۆتم : هاوکاری کوو ؟ گۆتی : ئەنگۆ ئەگەر کۆمەڵگای گەشتیاری بکەنەوە، ئەمە دەتوانین بەگۆرانی بێژو سەماکەرو هونەرمەندانی شەو هاوکاریەکی باشتان بکەین ! گۆتم : ناوت بەخێر ؟ گۆتی : شڕبل، نووسینگەی گەشت و گوزاری و شێلانم هەیە و لە سی چل وڵاتی دنیایێ نووسینگەی تایبەتمان هەیە، ئەوانەی لەگەرەمە ئیش دەکەن تەمەنیان لە هەژدە هەتا بیست و پێنج ساریەو کارتی تەندروستیان هەیەو زۆر شارەزاشن لەو بوارەی..! کۆمەرە وەزیرەک داوای کارت و ژمارەو ناونیشانی نووسینگەکەیان لێکرد، ئەویش کارتی دانێ و گۆتی : هەموو زانیاریەکی لەسەرە..!
ئێکەکیدی گۆتی : کامەتان وەزیری پەروەردەیە ؟ وەزیری پەروەردە گۆتی : ئەمن ! کابرا گۆتی : پڕۆگرامی خیندنتان چیە ؟ وەزیر گۆتی : تێکەرە، هەندەکی کەونەو هەندەکیش تازە زیادمان کردیە ! کابرا گۆتی : وەڵلا پێویست دەکا ئەو پڕۆگرامەی بگۆڕن و پڕۆگرامی ئەوڕوپی بخینن، زۆر پێشکەوتووە، ئەمە لێرە چاپخانەی گەورەمان هەیە دەکرێ تەنسیق بکەین و چتان بوێ لۆتان بکەین و تەئکید سوودی جەنابتیشی تێدایە، پاشان کارتەکی دا وەزیری پەروەردەیی و گۆتی : هیوادارم قەناعەت بەحکومەتی خۆت بکەی سیستەمی خیندن بگۆڕن، چونکە سوودی لۆ هەردوو لامان دەبی..!
پاش بەینەکی باش ئێکەکیان تەماشا منی کردو گۆتی : جەنابت وەزیری چی ؟ گۆتم : وەزیری کاروباری ژنان ! کابرا سەری سوڕماو گۆتی : شو ؟ یەعنی چ ؟ گۆتم وزیر شٶون النساء..! زۆر پێکەنی و گۆتی : احلی وزارە..! احلی شی التعامل مع الصبایا..! یەعنی خۆشترین وەزارەتە، خۆشترین شت مامەڵەکردنە لەگەر ژنان..! کابرا فەوری کارتەکی دامێ و گۆتی : ئەمن قامووسی ژنانم لەلوبنان، هەرچیت دەوێ حازرم..!
ئیدی ئەوهای لێهاتیە، ئەوڕۆ سیاسەت و پارەو سێکس بوویتە سێکوچکەی ڕووتاندنەوەی میللەتی هەژارو داماو، لەو ڕەشهەراتی ناوەڕاستە سەخیفەی نە سیاسەتمان سیاسەتەو نەبازرگانیمان بازرگانیە، هەمووی تێکەر کرایەو دەچیتە قوڕگی چەند کەسەکی، لەو داڵغانە دابووم کچەکی فستگلاس سەرو پەرداخە شەربەتەکی لیمۆی لەپێش داناین، وەزیری کارەبای سەری لەبن گێی نام و گۆتی : وەڵلا ئەو ناسکە نانە لە خورینی دەخورێ، ئەڵلا لەکچی لوبنانی، دەرێی بە قەرەمی دروست کراینە، کورە وەڵلا هەقی وەیە ئەو خولەی مە درێژ بکرێتەوە لۆ مانگەکی، ئاخرحەفتەک چیە بە ویزدانت..! گۆتم : کورە وریای خۆت بە تەلەکت لۆ دانەنێنەوەو پێوەبی، وەڵلا دوایێ فلیمت وەها دەسووتێنن، بەسابوونی ڕەققیش ناشورێتەوە..!
شەربەتەکەمان خواردەوەو پاسەپۆرتەکەمان هاتەوە، شڕبلە فەندی گۆتی : فەرموون با بەڕێبکەوین لۆ ئوتێل و جێی حەسانەوەتان، ئەمە هەستاین و ئەوانیش جانتایەکانی مەیان وەرگرت و بە پێشمان کەتن، ئەمەش کەتینە دوویان، چووینە دەرێ و چاوەڕێمان کرد تڕومبێل بێن و سوارمان کەن، دیتم کەونە سەرۆک جاشە بەدەرکەت، هاتە کنەمن و گۆتی : وەزعت کوە ؟ گۆتم : وەڵلا باشم ئەتوو کوی ؟ گۆتی : ئەمن زۆر کەیفم بەتوودێ، وەڵلا تەمسیلەکانت زۆر خۆشن، گۆتم : مەمنونم بژی ! گۆتی : ئەمن زوو زوو دێمە ئێرەو کوون بەکوون شارەزامە، هەر چشتەک پێویست بوو لەخزمەت دامە، ژمارەی مۆبایلم بنووسە، ژمارەکەی لوبنانی دامێ و لەکنەخۆم خەزنم کرد، ئەمنیش ژمارەی خۆم دایێ، گۆتم : ئەوە ئی هەولێرێیە، هێشتا سیم کارتی لوبنانیم نەکڕیە، گۆتی : کێشە نیە، هەرکڕیت نووکەکم لۆ لێدە ؟ گۆتم : خێرە دێیە ئێرە خۆ نەخۆش نی ؟ گۆتی : ناوەڵلا نەخۆشی چ، ئەلحەملای باشم، ئەمن لەگەر مەسوولەکی گەورەی کوردستان تێکەرم و سەرپەرشتی ئیش و کاری بازرگانی لۆ دەکەم لێرە، بەکورتی و بەکوردی سەرکارم..! گۆتم : سەرکەوتووبی و هەربژی..! خواحافیزی کردو ڕۆیی، لەبنی درمەوە برینداربووم، کەوا ئەوڕۆ ڕۆژ ڕۆژی ئەو نەوعانەیە..!
کابرا خواحافیزی کردو ڕۆیی، تڕومبێلەکان ئامادەکران و بەڕێکەتین بچین سواربین، لەڕێیێ گەیشتمە پیرەژنەکەی ناو تەیارەی، گۆتم : بازاڕت کووە ؟ پێکەنی و گۆتی : فشەیە فشە، خوا ڕەحمی کرد ئەوجارەش نەجاتمان بوو، گۆتم : وەڵلا خوا ڕەحمی کرد ئەو کابرایەی ناو تەیارەی دەستی نەگەیشتە توو، دەنا چینەکی باشی لێدەدای ! گۆتی : ماشەڵلا مارەکی قەرپ بوو، وەڵلا ئەوە پێنەدەچوو کەللەی سەری مێشکی تێدابی ! گۆتم : ئەدی چی تێدابوو ؟ گۆتی : فانیلەی عەللاگەی..! بەو قسەی زۆر پێکەنیم، گۆتم : باشە ئەتوو چدەکەی هاتیە لوبنان ؟ گۆتی : وەڵلا کوڕەکم ماری لێرەیەو چەند سارە لێرە دەژی، بەین بەین دێم سەرەکی لێدەدەم، گۆتم : زۆر باشە خوا بتپارێزی، ئێک لەوەزیرەکان بانگی کردم و گۆتی : ئەرێ دەوەرە بابڕۆین، چیە ئەوەندەی لەگەر ئەو پیرەژنە قۆرتڕەی دەرێی..! پیرەژن ئەعسابی نەماو گۆتیە وەزیرەکەی : بەقوربانی سەرکم بی، پیرەسە، داکت پیرەژنی قۆرتڕە..!
سواری تڕومبێلەکان بووین و بەڕێکەتین، لە فڕۆکەخانەی چووینە دەرێ و بەرەو ئوتێلی بەڕێکەتین، هەستم کرد لەڕێیێ بەو جێیانەمان دادەبەن کە بینای برندی لێیەو پڕی باخچەو داروباری جوانە، ئەو عادەتی هەموو وراتەکیە، بە ئی خۆشمانەوە، کە وەفدەک دێ دەیبەنە شەقامی پان و بەرین و باخچەی گەورەو بینای بەرزو برند، دەیانەوێ کابرای هەرخەرەتێنن و برێن ورات ئاوەدانەو خەرک لەو پەڕی خۆشی دەژی، ئێ قابیلە بیانبەنە بەستەپیازەو گێمەدێی..!
گەیشتینە پێشدەرکەی ئوتێلی و دابەزین، تاقمی پێشوازی پێشمان کەتن و ئەمەش کەتینە دوویان، ئەمەیان بردە ئوتێلی بیست نهۆمی و حەفت ئەستێرە، هەتا برێی پاک و خاوین و بەتەرتیب بوو، ئەمەیان لە پێشوازی داناو پاسەپۆرتەکانیان بردە پێشوازی هەتا ناومان تۆمار بکەن و کلیلی ژۆرەکانمان لۆ بینن، هەتا ئەوان ئیشەکەیان تەواو کرد سەرو شەربەتی پرتەقاریان داینێ، هەتتا برێی ساردو بەتام بوو، وەزیری بازرگانی لەتەنیشتە من دانیشتبوو، گۆتی : ئەگەر ئەمە ئازابین و قۆری خۆمانی لێهەرکەین، بەو چار سارەی دەتانین هەرئێکەو سێ چار ئوتێلی ئەوها بکڕین ! گۆتم : وەڵلا بابە ئەوەی ئەتوو دەرێی قەت بە معاشی وەزیری تەرتیب نابی ! گۆتی : ئەوجە کێ باسی معاشی کردیە ؟ گۆتم : ئەدی ؟ گۆتی : بدەبەرێ جانم، فرسەتەکەو یەکجار لەهەموو تەمەنت لۆت دێ، لەسەر پازنەدەی و زوو گۆلی خۆت بکە..! گۆتم : وەڵلاهی ئەوە بەحەیاتی بەمن ناکرێ و نایکەم، ئاسان نیە پارەی ئەو میللەتە قوڕ بەسەرەی بدزم و لەقوڕگی مندارەکانمی بکەم و حەرامیان دەرخوارد دەم، گۆتی : بەویزدانت مۆدیلی حەرام و حەراری مایە، کورە لرفیکە لرف..!!
تاقمەکە هاتنەوە گۆتیان : فەرموون بابچینە ژۆرەکانتان و هەمووتان لەیەک نهۆمی جێگای تایبەتتان لۆ گیرایە، گۆتم : نهۆمی چەندەمە ؟ گۆتی : هەژدەم ! گۆتم : لۆ ئەوها برند ؟ گۆتی : هەتا پەنجەرەی بکەنەوەو هەموو بەیروتتان لێ دیاربی، بەتایبەتی دەریا، لەبرندی تەماشای دەریای بکەی شتەکی زۆر جوانە، سێ مەسعەدیان کردەوەو دابەش بووین و چووینە ناو مەسعەدی، مەسعەدەکە یەک پارچە شووشە بوو، هەرچەند برند دەبوو شاری بەیرووتت زیاتر دەبینی، گەیشتینە نهۆمی هەژدەم و هاتینە دەرێ، دیتم وەزیری ئاوقاف لەسە پشتێ کەتیەو پێدەکەنی، گۆتم : خێرە ئەوە ؟ گۆتی : وەڵلا وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی زەندەقی بردین، گۆتم : کوو ؟ گۆتی : وەڵلا دەرێ : باشە ئەگەر ئەو مەسعەدە ڕانەوەستاو ڕاست هەتا ئاخیری ڕۆیی و برند بوو، وەڵلا دەچتە تاقی عاسمانێ و هەموومان دەفڕین و دوایێ سەراو سەر دێینە خوارێ و سەگتۆپ دەبین..! گۆتم : کورە بابە فڕینی چ و حاری، بەڕاستی ئەنگۆ فکری قۆڕ قۆڕتان لۆدێ..!
سەرو کارتیان داینێ و گۆتیان : ئەوە لەباتی کلیلیەو شەحن کرایە، بەناو ئەو جیهازەی دابینن دەرکە یەکسەر دەبتەوە، وەزیری ئاوەدان کردنەوە گۆتی : پەکوو، وەڵلا ئەوە چشتەکی عەنتیکەیە، دەرکە کوو بەکارتی دەبتەوە، وەزیری کشت وکاڵ گۆتی : دەبتەوەو تەواو، ئەوجە درێژەی مەدێ..!
ئەمەیان دابەشی سەر ژۆرەکان کرد و هەر نەفەرەی ژۆرەکی بەتەنێی لۆ گیرابوو، جانتایەکانیان داینێ و هەرکەسە دەرکەی خۆی کردەوە، شڕبل گۆتی : ئاوەکی بەخۆتان داکەن و پشووەکی بدەن، دەوری سعاتەکی دی، یەعنی پاش مەغریبێ دێینەوە دووتان، دەتانبەینە ڕەوشەی و لەوێ لەسەر دەریای نانی هێوارێ دەخۆین، هەموو جۆرە خواردن و خواردنەوەکی لێیەو کاتەکی خۆش بەسەر دەبەین، جێی تایبەتیش هەیە لۆ دانس و سەمای ڕۆژهەراتی، هەرچی گۆرانیبێژیشە لەوێیە، ئەو شۆ ئەنگۆ لە وراتیمە خۆشترین شەوەکانی ژیانتان بەڕێدەکەن..!
چوومە ژۆرەکەی خۆم و جانتایەکەم دانا، تەماشا کوون و قوژبنی ژۆرەکەم کرد بزانم کامیرای لێ داندرایە یان نا، زۆر بە هوردی تەماشام کردو هەستم بەهیچ نەکرد، ئاوەکم بەخۆم داکرد و جلکم گۆڕی و پشووەکم دا، لە ڤایبەری نامەکم لۆ داکی ئەحمەدی ناردو نووسیم : بەسەلامەتی گەیشتم، وەرامی دامەوەو نووسیبووی : زۆڕ باش، بەس نەکەی ئەو گوناح، دوایی عەزاب زۆڕ زۆڕ..! گۆتم : خەمت نەبی، ئیشاڵلا خوای مەزن دەمانپارێزی..! پاشان نامەم لۆ جەعۆش ناردو لۆم نووسی باشم و ڕێزو سەلامم بگەینە بەهەمووان، بەتایبەتی مام عەوڵا، وەرامی دامەوەو لۆی نووسیم : لەبیر نەکەی سەردانەکی مەیدانی کۆتران بکەی، ئەگەر بەدەستت کەت، جۆتە بەبەغایەکی سوودانیم لۆ بینە، دەرێن زوو فێرە کوردی دەبن..! لەدری خۆم گۆتم : کەر لەکێ کەتیەو کوندە لەکێ دڕایە..!
مەلای مەغریبێ بانگی داو دوو گردەکەم ڕاهێخێست و بە ئاراستەی قیبلەی، کەلەسەر دیواری ئیشارەتی لۆ کرابوو، نوێژی مەغریب و عیشایێم بە قەسرو جەمع کرد، پاشان لەسەر سیسەمەکەی بڕەکی درێژ بووم تەماشا سەتەلایتم کرد، وەختەکی لەدەرکەی درا، چووم کردمەوە دیتم کیژەکی لوبنانی بوو، خۆی پێناساندم و گۆتی : ئەمن جەماعەتی شڕبلیمە، تکایە جلکت بگۆڕەو وەرە خوارێ، دەچینە ڕەوشەی، گۆتم : باشە ئێستا دێم، گۆتی : یارمەتیت بدەم لە جلک گۆڕینێ !؟ گۆتم : ناوەڵلا مارت ئاوابی پێویستم بە یارمەتی نیە، باشبوو نەهاتە ژۆرێ، زەردەخەنەکی کردو ڕۆیی، دەرکەم پێوەداوەو جلکم گۆڕی و چوومە خوارێ، وەکی تەماشا دەکەم دوو سێ وەزیر دابەزینەو شڕبلیشیان لەگەرە، دوویان سەریان لەبن گێی شڕبلی نابوو، بەین بەین لە قریتەی پێکەنینێیان دەدا، گەیشتمە کنیان و سەلامم لێکردن، وەرامیان دامەوەو گۆتیان : دەوەرە مەلا وەرە دانیشە..! شڕبل لەبەرم هەستاوەو گۆتی : اهلین بمعالي الوزير..!گۆتم : اهلا بک یاشربل، هەر دانیشتم کیژەکی ناسکۆکە هات و گۆتی : چدەخۆیەوە ؟ گۆتم : مەمنون هیچ ناخۆمەوە..!
هەندەی نەبرد هەموو وەزیرەکان هاتن، ئێک دووەکیان بە تیشێرت و شۆرت و کالەی هاتبوون، گۆتم : ئەوەچیە بابە، خۆئەمە ناچینە غاردانێ ! گۆتیان ئەوها خۆشترە، دوایێ لێرە کێ ئەمە دەناسی..! چووینە دەرێ سواری پاسەکی بووین و بەڕێکەتین لۆ ڕەوشەی، شوفێری پاساکەی گۆرانیەکی فەیرۆزی پێکردبوو، گەیشتینە ڕەوشەی و لەپاسی دابەزین، چووینە لێواری دەریای سپی ناوەڕاست و تێر تێر تەماشا دەریامان کرد، دەریا ئەوەندەی جوانە دەهەندەش ترسناکە، تەماشا ئەو کەرتە بەردە گەورەم کرد کەناوەندی کوونەکی گەورەی تێدابوو، بەلەمی گچکە بەناوی دا دەڕۆیی، کاتی خۆی عەبدولحەلیم حافز گۆرانیەکی لەوێ وێنە گرتیە، شۆڕبووینەوەو چووین لە ڕێستۆرانتەکی گەورەو خۆش دانیشتین، جێیکی زۆر پاک و خاوین و سەرنج ڕاکێش بوو، مۆسیقەکی هێمنیان هاویشتبووە سەرێ و تێکەری شەپۆلەکانی دەریا دەبوو، کەتەماشا دەریام دەکرد، ئەو یادگاریانەم بەبیر هاتەوە کەکاتی لەگەر کچەکی ڕێککەتبووم ئەگەر لۆ یەک بووین، لۆ مانگی هەنگینی بچینە لوبنان..!
ئێه، با واز لەمانگی هەنگینی بینین و بێینەوە سەر دانیشتنەکەی خۆمان، شڕبل بە پەنجەی ئیشارەتی دا کابتنی ڕێستۆرانتەکەی ئەویش وەکی گووللەی هات، بەزەردەخەنە بەخێراتنی کردین و شڕبل گۆتی : زوو مێزمان لۆ بڕازێنەوە بە جۆرەها موقەبیللاتی، پاشان مینیۆمان لۆبینەو بابزانین برادەران چ دەخۆنە و دەخۆنەوە، هەندەی نەبرد موقەبیللات ڕێز کرا، ویستمان دەست پێبکەین، شڕبل گۆتی : لیش مافي ڕاس عصافیر ؟ یەعنی لۆ سەرکە کێشەت نەهینایە، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی گۆتی : وەڵلا هەر لەسەرکە کێشکەمان کەمبوو، بابێ سەرکە کێشکەش بێ بزانین کووە، دەستمان بە موقەبیلات خواردنێ کرد وەختەکی سەرکە کێشکەیان هینا، ئەمە وامانزانی بەڕاستی سەرکە کێشکەیە، بەران وەکی تەماشامان کرد قیمەبوو، وەکی کەلابەردی خڕکرابوو و سۆر کرابۆوە، وەزیری پەروەردەی گۆتیە من : کووە داوای سەرکە سەی بکەین بزانین نیتیان !؟ گۆتم : ناوەڵڵا داوای سەرکە تاژی بکە ممکینە ئەو بەتامتربی..!
موقەبیلاتمان خواردو داوای خواردنمان کرد، هەریەکەی داوای شتەکی کرد، ئەمن داوای ماسیم کرد، وەکی داواکردنی خواردنی تەواو بوو، شربل گۆتی : مەشڕوب چ دەخۆنەوە، دەتوانن داوای بکەن، وەزیری ئاوقاف گۆتی : قوربانت بم دەوەبرێ ! گۆتم : ئەگەر داوابکەن ئەمن نانەکەی ناخۆم و دەڕۆم ! شڕبل بەینەکی تەماشای کردم، وەزیری کارەبای سەری لەبن گێی ناو چپەچپەکی لەگەر کرد، دیاربوو شڕبل لەمەسەلەکەی گەیی و چدەنگی نەکرد..
نانمان لۆ هات و خواردمان، جۆرەها شەربەتیان لۆ هیناین، هەتتا برێی خواردنەکی بەلەزەت و بەتام بوو، سەرو قاپەک ماستیشیان لەگەر دانابوو، وەزیری ئاوەدان کردنەوە، دوو شیشە تکەی لەناو ماستەکەی کرد، پاشان تێکی داو بەمراکی کەتە سەرێ، گۆتم : ئەوە کوو دەخورێ ؟ گۆتی : یەک دوو پەرداخ ویسکی لەسەکەی ئەوجە دەزانی تامەکەی کووە ؟
پاش نان خواردنێ، چایەیان لۆ هیناین و هەریەکەی دووسێ چایەمان لەسەر کرد، جەماعەت دەیانوویست بخۆنەوەو شربلیش هانی دەدان و دەیگۆ ئەو عارەقەی لێرەهەیە لە هیچ وراتەکی نیە، ئەوەی یەک جار بخواتەوە هەموو سارێ یەک دووجار بەدوو دادێتەوە، گۆتم : کاکە مەخۆنەوە، با سەرخۆش نەبن و تووشی بەزمەکی بن، دوایێ خراپ لەسەرمان دەکەوی..! وەزیرەکان کردیانە پرتەپرت و گۆتیان : ئەتوو ئیللا دەبی گووی لەوەزعەکەی بکەی، ئێ بابە نەهاتبای، لۆ دەهاتی..!؟ هەستامەوەو گۆتم : کاکە ئەوە ئەمن ڕۆیشتم و خواحافیز..!
شڕبل و ئێک دووەکی دی کەتنە دووم و تکایان لێکردم بگەڕێمەوە، گۆتم : بڕوا بکەن ناگەڕێمەوە، تازە کەلکی منی نەما، شڕبل بە ئێکەکی گۆ : تەکسیەکی بگرەو لەگەری بڕۆوە ئوتێلی، با بەتەنێ نەچتەوە، ئەویش گۆتی : حاضر سيدي..! واته بەسەرچاو بەڕێزم، ئەمن ڕۆیشتم و کابراش کەتە دووم، گەیشتینە سەر جادەی و تەکسیەکی ڕاگرت، سوار بووین و بەڕێکەتین، شوفێری تەکسیەکەی تەمەنی لەبەینی شێست و حەفتای دەبوو، کراوەکی سپی لەسەری نابوو، لەگەر ئەو کوڕەی لەگەرم هات کەتە قسە، هوردە هوردە دری خۆی کردەوەو دابەزیە سەر حکومەتی خۆیان، دەردەکی بەو حکومەتەی کرد عارەب بە حوشتری نەکردبی، هەرچی جوونە هاتە بەر دەوی و نەیگێڕاوە، دەیگۆ : ئەوە ژیان نیە، وەزعەکیان دروست کردیە، پیاو ئەگەر گەوادی نەکا ناژی، خوشک و مریشکی حکومەتی سووتاند..! لە نەینۆکی تڕومبێلی تەماشایەکی منی کردو گۆتی : لۆ قسەکی ناکەی، خۆ پشیلە زمانی نەخواردی ؟ دەترسێم ئەمن و ئیستخبارات بی و سەر بە حکومەتی بی، بەڕاپۆرتەکی لە بەحرێم کەی !؟ زەردەخەنەکم لۆ کردو چ دەنگم نەکرد، ڕێک شوفێرەکانی وراتی خۆم بەبیر هاتەوە، هەر سواری تڕومبێلی بووی تاریخ و جوغرافیای خۆی و مارو مندارو عەشیرەت و سەرۆک عەشیرەتەکەیت لۆ دەردەینی، وەکی گەیشتە ترافیک لایتی و سۆر پێبوو، ئەوەی ئەعساب بی نایمینێ، ئەوجە حکومەت خۆت بگرە کوو لەبەر سەت ڕوو دەکا..!
ئەو گەنجەی لەگەرم هاتبوو بە شوفێرەکەی گۆ : ئەوە خەرکی ئێرە نیەو ئێراقیە، سەر بە هەرێمی کوردستانە، کابرای شوفێر وەکی گێی لەو قسەی بوو، بەگەرمی سەلامی لێکردم و گۆتی : ببورە نەمزانی گەشتیاری، ئەدی وەزعت کوە، مالیکی کووە، عەبادی چدەرێ، موقتەدا چی بەسەرهات، ئەرێ ئەنگۆ نەفتتان تەسلیمی بەغدای کرد یان نا ؟ دەوەرە تاقەتت هەبی وەرامی ئەو هەموو پرسیارەی بدەوە، وامزانی لە مێزگردەکی تەلەفزیۆنی دانیشتیمە، ویستم خۆم فش بکەمەوە وەتەنیاتی خۆمی لۆ هەرڕێژم..! باشبوو ئەو گەنجەی لەگەرم دابوو گۆتیە شوفێرەکەی : بابە واز لەسیاسەت بینەو ئەو ڕادیۆیەی پێکە با گێمان لەگۆرانیەکی خۆشبی ! کابراش بەنابەدری دوگمەی ڕادیۆیەکەی باداو هاویشتیە سەر کەناڵەکی لوبنانی و دیاربوو نەجوا کەرەم گەرمی کردبوو، هەردوو زەلامەکە لەپێشەوە دەستیان بە چەپرە لێدان و شان هەرتەکاندن و قوون بادانێ کرد، لەوێ لۆم بەدەرکەت گەلی لوبنانیش وەکی ئەو کوردەی بۆرەی خۆمان مەرەقی جرت و چەقەنەیە..!
گەیشتینەوە پێش ئوتێلی و دابەزیم، کابرای شوفێر بانگی کردم، لێی چوومە پێش و گۆتی : ئوستاز ئەوە کارتی من، ژمارەی مۆبایلی منی لەسەرە، هەر ئیشەکت بوو حازرم، شووققەی تایبەتم هەیە و کووت بوێ ئەوها خزمەتت دەکەین، شەوەکی وەرە و ببینە سەهرەی لوبنانیان کووە، وەڵلا ئاگرت تێبەردەدەین..! لەدری خۆم گۆتم : دەفەرموو، لە ئارەق خواردنەوەی نەجاتم بوو نۆبەتی قە...پە خانەیە..! گۆتم : نا سوپاس پێویست بەو ئەزیەتەی ناکا، کابرا تێگەیی ئەمن پیاوی ئەو حارەی نیمە، لۆیێ بەتووندی گێڕی تڕومبێلەکەی گۆڕی و بەتەناش هەستا، هەتا تڕومبێلەکە ئاوابوو، هەر تەماشا کراوە سپیەکەی سەری کابرام دەکرد، کراوەکە لەو نەوعانە بوو، کە حاجی لەمەککەو مەدینەی دەیهینن و بەدیاری دەدەنە خەرکی..!
چوومەوە ئوتێلی و ڕوخسەتم لەگەنجەکەی وەرگرت و بەسەکەتم لۆ ژۆری خۆم، دەرکەم کردەوە چوومە ژۆرێ، ویستم جلکم بگۆڕم دیتم نامەکم لۆ هات لە مۆبایلی، کردمەوە دەبینم جەعۆ ناردیتی، نووسیبووی : ئەرێ چوویە مەیدانی کۆتران یان نا، بەبەغایە سوودانیەکان لەبیر نەکەی ها ! وەرامم داوەو نووسیم : هەی کەرە ئەتوو وەتێدەگەی ئەمن چوویمە ئوستڕالیای لەکنەنگۆ شەوبی و لێرەش ڕۆژبی، هەتا بچمە مەیدانی کەران و ماکەرەکت لۆ بکڕم، ئەو پەڕی فەرقی هەولێرێ و بەیروتی نیو سعات، یان سعاتەک بی، ڕەنگە وەکی ئێکیش بی..!
جلکم گۆڕی و پارم داوە، چونکە ماندی بووم، زوو خەوم لێکەت، وەختەکی لەگەر دەنگە دەنگی دەرێ بەخەبەر هاتم، تەماشا سعاتیم کرد، دەوری دوو و نیوی شەوێ بوو، گۆتم دەبی چببی ! هەستام و نێزیک بوومەوە لە دەرکەی، دیتم جەماعەتی خۆمن وا گەڕاینەوە، دەرکەم کردەوە، دیتم هەر هەموویان فوول سەر خۆشن، بەلادادێن و خۆ بە دیواری دەگرنەوە، ئەوەی هۆشبی لەسەریان نەمابوو، وەزیری پەروەردەی چاوی بەمن کەت و گۆتی : وەستا گەرمی کە ؟ گۆتم : چ گەرم کەم ؟ گۆتی : بەدەنگە ناسکەکەت هەتا هێزت تێدایە ئەی ڕەقیبی برێ، چونکە ئەوەی ئەمە دەیخۆین، ئەوە بەرهەمی ئەی ڕەقیبەکەی دڵداری شاعیرە..!
مایتی[1]