سکرتێرە 31
وەزیری بازرگانیش هەندی خواردبۆوە، سێ مەتر دەچووە پاش و سێ مەتریش دەهاتە پێش، هەرچەند دەیوویست بگاتە دەرکەی ژۆرەکەی خۆی نەدەگەیشتێ، هەموویان ببوونە عارەبانە، ئەوەی لەهەمووی سەیرتربوو، شڕبل و ئەو دووسێ گەنجەی لەگەری بوون زۆر ئاسایی بوون و هیچ چشتەکیان پێوە دیار نەبوو کەوا سەرخۆشبن، وەزیری کاروباری ژینگە دەستی برند کردبووە عاسمانێ و دەیگۆ : وەرە با بەو شەوەی بفڕین، بڕۆین بەرەو دورگەکانی ئەوین، بتوێینەوە لەکەنارەکانی زەردەخەنەو شەڕابی ژیان بنۆشین..! شڕبل ئێک ئێک قۆری دەگرتن و دەیبردنە لای ژۆرەکەیان و کارتەکەی لێ وەردەگرتن و دەیبردنە ژۆرێ..!
چوومەوە ژۆرێ و درم کووشرا، ئەتوو وەرە میللەت بەو قوڕ بەسەریەو هیلاکی و خین ڕێژیەی گەیشتە ئەو ڕۆژەی، ئەوڕۆش ئەوانە نوێنەری بن و تەخشان و پەخشانی مورک و سامانی بکەن و پێکی لەچاوی شڕبلی هەردەن، گلۆپەکەم کوژاندەوەو پارم داوە، باشبوو زوو خەوم لێکەت..!
بەیانی سعات هەشت هەستام و جلکم گۆڕی و چوومە خوارێ، چوومە ئەو هۆرە گەورەی نانی بەیانیانی لێدەخورا، تەماشام کرد ئەمن یەکەم کەسم دادەبەزم و هێشتا کەسیان نەهاتینە، شڕبل بەرەو لای من هات و بەیانی باشی لێکردم، گۆتی : جەماعەت هەر دانەبەزین ! گۆتم : وەهات سەرخۆش نەکردینە بتانن دابازن، دوعای بکە دوو سعاتی دیش هەستن، گۆتی : ئاخر نابی، سعات نۆ خولەکەمان دەست پێدەکا، گۆتم : وەڵلا ئەگەر بەخۆت بچی لەخەوێیان ڕاپەڕێنی، دەنا وەها بەئاسانی هەرناستن، شڕبل گۆتی : کوە ئەتوو پشتت لە دنیاو بەزم و ڕەزمی کردیە، گۆتم : وەڵلا ئەمن لەهەر لەگەنجیەوە لەو شتانە دوورم، لەخوای بەزیادبی، هیچ کێشەم نیەو لۆ ئەو چشتانەش نەهاتیمە، هاتیمە خولەکەی ببینم و بگەڕێمەوە، خۆ دەزانم هەرچی بیکەم و بیخۆم و بیخۆمەوە پارەکە هەمووی دەدرێ و لەگیرفانی من نیە، بەران گوناحە پارەی ئەو میللەتەی لە ئارەق و شتی دی سەرف بکرێ..! شڕبل هیچی نەگۆو گۆتی : دەڕۆم دەچم گازی جەماعەتی دەکەم، بزانم لەخەوێیان هەرناستێنم، ئەو ڕۆیشت و ئەمنیش دەستم دا قاپەکی و چووم هەندەک خواردنی تێبکەم و بیخۆم..
نانی بەیانیم خواردو دانیشتم لەلای پەنجەرەی، تەماشای دارو بارەکانی ناو حەوشەی ئوتێلیم دەکرد، دیمەنەکی جوانیان پیشان دەدا، بەینەکی باشی پێچوو، شڕبل هاتەوەو گۆتی : بەدەردەسەری ئێک دووەکم هەستاندو ئەوانیش کەلکی هاتنە خولەکەیان نیە، پێم باشە تەئجیلی کەین لۆ پاش نیوڕانێ، گۆتم : مهیم ئەمن ئامادەمەو کێشەم نیە، شڕبل چووە ئەو هۆرەی خولەکەی لێ دەکراو بڕەکی پێچوو هاتەوە، گۆتی : لەگەر مامەستایەکان قسەم کردو ڕازی بوون لۆ پاش نیوڕانێ، گۆتم : مادام وەبی، تازە ئەمن نانوومەوەو حەزدەکەم پیاسەکی بازاڕی بکەم و سەرەکیش لەمەیدانی تەیرو تارو کۆتران بدەم ئەگەر هەبی ! گۆتی : بەرێ بەرێ هەیە، حەز دەکەی ئێستا ئێکەکت لەگەر دەنێرم با لەگەرت بی، گۆتم : وەڵلا مەمنونیش دەبم، شڕبل گازی گەنجەکی کردو گۆتی : لەگەر جەنابی وەزیری بەو چی دەوێ لۆی جێبەجێ بکە، ئەویش گۆتی : بەسەرچاوان و لەخزمەتی دامە، ئیدی سوپاسی شڕبلم کردو لەگەر گەنجەکەی لەئوتێلی چووینە دەرێ و دەستمان لەتەکسیەکی ڕاگرت، سواری تەکسی بووین و بەڕێکەتین، شوفێری تەکسیەکەی ئاوڕی داوەو گۆتی : ئەهلێن ئوستاز کیف حالک..! یەعنی ئەهلەن ئوستاز وەزعت کووە ؟ سەرم برند کرد و دیتم هەمان شوفێری تەکسیەکەی شەوێیە، گەمبۆزەکەی کراوە سپیەکەی لەسەری بوو..!
گۆتم : ئۆه ئەوە ئەتووی ؟ گۆتی : ئەرێوەڵلا، ئەمن بەزۆری لە دەوروبەری ئەو ئوتێلەی ئیش دەکەم، ئێرە ئیشی باشە و دایم مەسولی گەورەی دێتێ، گۆتم : موەفەقی ئیشاڵلا، گۆتی : ئەمن ئەتووم زۆر کەتیتە بەردری، دەبی هێوارەکی ئیللاو بیللا لەماری من دەعوەتبی، ببینە خواردنی ژنی لوبنانی چ تامەکی هەیە و کوو دەست و پەنجەی خۆتی لەگەر دەخۆی، گۆتم : سوپاس، پێویست بەو ئەزیەتەی ناکا، گۆتی : ئەوە مەعنای وایە ئەگەر ئەمن هاتمە وراتینگۆ ئەتوو دەعوەتم ناکەی و لێم ناپێچیەوە..! هەر چەند لەگەر ئەو شوفێرە گەمبۆزەی خەریک بووم فایدەی نەبوو، بەناچاری گۆتم : خوا کەریمە..! گۆتی : ئێ تەواو دەبی لەو یەک دوو ڕۆژەی بێیە مارم و گەورەمان بکەی و لەگەر مارو منداریشم ئێکدی بناسن، ئەمن پێنج کیژو کوڕەکم هەیە، کوڕەکەم چوویتە دوبەی لەوێ ئیش دەکا، کیژەکانیشم دوویان مێردیان کردیەو سێیان ماینەو نسیبیان هەرنەستایە، هەر سێکیان کولیەیان تەواو کردیە و ئیشی فاشیۆنی دەکەن، ها ئەوە ڕەسمەکانیان بیان بینە، مۆبایلی کردەوەو هاویشتیە سەر ستۆدیۆی و دایە دەستم، گۆتم : پێویست ناکا بیانبینم، ئەگەر هاتمە مارتان لەوێ ئێکدی دەناسین، لەدری خۆم گۆتم : یاڕەببی خوایە ئەو دنیایە لۆ ئەوهای لێهاتیە، ژیان وا سەخت کرایە، خەرک ناچار بووە بازرگانی بە کیژەکانی خۆی بکا..!
ڕووم لە پیرەمێردی وەرگێڕاو لە پەنجەرەی تڕومبێلی تەماشا دوکان و بازاڕەکانی بەیرووتم دەکرد، شارەکی پاک و خاوین و جوان بوو، سەوزایی زۆر بوو، خەرکەکەی زۆربەی چاوشین و پرچ زەردن، پێدەچی ئەوانە پاشماوەی ڕۆمەکان بن و لەوێ مابنەوە، ئەو کوڕەی لەگەرم هاتبوو، گۆتی : جەنابی وەزیر دەکرێ دوو دەققە بچینە ماری برادەرەکی لەسەر ڕێی خۆمان ئەمانەتەکی لێ وەردەگرم و دەڕۆین لۆ مەیدانی کۆتران ؟ هەرچەندە ترسەکم هەبوو بیانەوێ دەگگەکم لێدەن، چونکە گومانی ئەوەم دەبرد ئەو پیرەمێردەش تاقمی شڕبلی بی و ئیش و کاریان تەلە دانانەوەبی، بەران زۆر گێم نەدایێ و گۆتم : زۆر باشە بابڕۆین، تەکسیەکە یەکسەر سوڕاوەو چووە جادەکی بەرین، ماوەکی باش ڕۆیی و خەریکبوو دەچووە چۆلاتی و لەشاری دەردەچوو، گۆتم : ڕاگرن ! پیرەمێردەکە یەکسەر ڕایگرت، گۆتی : خێر هیچ بووە لۆ ڕابگرین ؟ گۆتم : ئەنگۆ بەتەمای کێندەرێنە ؟ کوڕەکە گۆتی : مەترسێ جەنابی وەزیر ئەوە گەیشتین، هەها ئەو خانیە هەوە، گۆتم : دەبڕۆ..!
لەخانیەکەی نێزیک بووینەوە، دیتم ئەوە خانیەکی سادە نیە، بەرکو وەکو مەزرەعەی وایە و گەورەیە لەژۆرێ، لەدەرکەکەی چووینە ژۆرێ و تڕومبێلەکە بەینەکی ڕۆیی، بەجادەکی داچووین ئەوبەرو ئەوبەری داروبار بوو، هەتا برێی جێیەکی جوان ڕەنگین بوو، ویستم برێم ڕاگرەو دێمە خوارێ، بەران گۆتم : با سەبرەکی بگرم بزانم چدەبی، تڕومبێلەکە ڕۆیی هەتا گەیشتە خانیەکەی، خانیەکی گەورەو جوان بوو، پێشی هەمووی باخچەو فریز بوو، لەولاتریش مەسبەحەکی زۆر گەورەی تێدابوو، دیتم سێ چار کیژو یەک دوو کوڕ بەجلکی مەلەوانی مەلەوانیان دەکرد، گۆتم : ئیتێکەتبم ئەو جارەیە، ئاخر برێ ئەمن لۆ هاتمە ئێرە، یاڕەببی خوایە زۆر شوکر..!
کوڕەکە ڕوخسەتی وەرگرت و هاتە خوارێ، چووە ژۆرێ و ئەمن و شوفێرە گەمبۆزەکە پێکەوە ماینەوە، کاکی شوفێر گۆتی : ئەتوو مەزرەعەی ئەوهات نیە لەهەولێرێ ؟ گۆتم : ناوەڵلا ! گۆتی : سەیرە، مەسوولەکانینگۆ هەمووی خاوەن مەزرەعەی گەورەو جێی ڕابواردنی خۆشن ! گۆتم : کوو دەزانی ؟ گۆتی : کچەکانم لۆیان باس کردیمە ! گۆتم : لۆ کچەکانی توو چووینە هەولێرێ ؟ گۆتی : ئەدی، زوو زوو دەچن، کاری بزنس و فاشیۆنی دەکەن، گۆتم : مادام کیژەکانت وەزعیان واباشەو لەگەر مەسوولەکانیمە دەستیان تێکەرە، ئەو تەکسیە چیە داژۆی ؟ گۆتی : نانیمە لەو تەکسیەیە، ئەو تەکسیە نەبا کیژەکانی من نەدەگەیشتنە هیچ جێیەکی..!
بەینەکی چاوەڕێی کوڕەکەمان کرد، وەختەکی هاتەوە، ژنەک و کوڕەکی لوسکەرەی لەگەربوو، ژنەکە تەمەنی بەینی پەنجاو شێستی بوو، پرچی زەردی ئاوریشمی بوو، تەنوورەکەی لەپشت چۆکی بوو، ئێکی کەرەگەتی باریک بوو، کوڕە لووسکەکەی لەگەری دابوو، لووس و پووس بوو، پرچەکی خاوی هەبوو، لا تیتکەکی زەرد کردبوو، ئەویدیش ڕەشی قەترانی بوو، کوڕەکە بەناز دەڕۆیی وەکی کچان، کە شاقاوی دەهاویشت وەکی کیژان قوونی دەهیناو دەبرد، بەکوردی و بەکورتی ئەو کوڕە لەو نەوعانەبوو کە ئەمە پێیان دەرێین : تەنتە..!
هەر سێکیان بەرەو لای من هاتن، ژنەکە بەگەرمی بەخێراتنی کردم و هەردوو دەستی کردەوە باوەشم پێبکا، ئەمن دەستم بەسینگم وەناو تێمگەیاند کەوا پێویست بەباوەشی ناکا، تەنتەکە هەر تەماشای دەکردم و بنیشتی دەجووی و سەری دەلەقاند، ئەعسابم لێی نەمابوو، بەدەنگەکی ناسک گۆتیە من : های..! وەرامم نەداوەو ڕووم لەکوڕەکەی کرد کە ئەمنی هینابووە ئێرە، گۆتم : ئەتوو لۆ ئەمنت هینایتە ئێرە ؟ یاڵلا پێشم کەوە بابگەڕێینەوە ئوتێلی ! گۆتی : ئەتوو لۆ خۆت مشەوەش کردیە، ئەتوو بەخۆت نەتگۆ بمبە مەیدانی کۆتران ! گۆتم : ئەوجە ئێرە مەیدانی کۆترانە یان قەحپەخانەیە..!؟ تەنتەکە گۆتی : حەیاتم ئەو کۆترو بولبولەی لێرە هەیە لەهیچ جێیەکی نیە، نێرو مێمان هەیەو، بڕوابکە نێرەکان لەمێیەکان ناسکترن، گۆتم : دەوت تێکدەنێی یان بەمستەکی هەر سی و دوو ددانت بفڕێنمە عاسمانێ..! ژنەکە بڕەک مشەوەش بوو، گۆتی : ئوستاز خۆت مشەوەش مەکە، لەکنەمە بەو جێیە خۆشەی دەرێن مەیدانی کۆتران، لۆیێ ئەو کوڕە ئەتووی هینایتە ئێرە، ئێستاش نەچووە بچی، فەرموو وەرە ژۆرێ ئیسراحەتەکی بکەو چایەک قاوەکی بخۆوە، لۆخۆشت چاو بگێڕەو بە ئارەزوی خۆت بگەڕێ، چت بەدری بوو ئی تووە، ئەوڕۆ شەنسەکی باشیشت هەیە دیسکاونتمان کردیە..!
لەدری خۆم گۆتم : ئەی گوو بەگۆڕت بی جەعۆ، دەبینی ئەمنت تووشی چ کرد، سندان لەخۆت و لە بەبەغا سوودانیەکانت بدا..! گەمبۆزە سەر بەکراوکە گۆتی : دەفەرموو ئوستاز فەرموو، ئەو هەموو گورە جوانەی لە دەست خۆت مەدە..!
پشتم تێکردن و بەپێیان بەڕێکەتم و لۆلای دەرکەی دەرێ چووم، هەرچەند گازیان کردم جوابم نەدانەوە، کەزانیان فایدەی نیەو دەڕۆم، کوڕەکەو پیرەمێردەکە سواری تەکسیەکەی بوون و کەتنە دووم، گەیشتنە من و تڕومبێلیان ڕاگرت، گۆتیان : ئوستاز سواربە با بچینەوە ئوتێلی، گۆتم : وازم لێبینن و لەگەرەنگۆ نایێم، بەتەکسیەکی دەڕۆمەوە، زۆر شەریفترە..! وەلحاسل وازیان لێنەهینام و زۆر ڕجایان کرد، گۆتم : دەچینەوە ئوتێلی و تەواو، گۆتیان : وەی بەچاوان، بەس ئەتوو سواربە، ئیدی سواری تڕومبێلی بووم و بەڕێکەتین بەرەو ئوتێلی، هەتا گەیشتینەوە ئوتێلی، نە ئەوان دەنگ و نەئەمن دەنگ..!
چوومەوە ئوتێلی و لەکافیتیریایەکەی دانیشتم، داوای قاوەکم کردو لۆیان هینام، فڕەکم لە قاوەی داو شڕبل هات، داوای لێبوردنی کرد لەو شتەی ڕوویدا، گۆتم : گێبدە من، ئەمن پیاوی ئەو حارەی نیمەو وازم لێبینن، هاتیمە ئەو خولەی ببینم و بگەڕێمەوە، گۆتی : بەسەرچاو، دووبارە نابیتەوە..! ئەمنیش بڕیارم دا واز لە بەبەغایە سوودانیەکانی جەعۆی ماری کم بینم و چیدی لێی نەپێچمەوە، لەو داڵغانە دابووم، نامەکم لۆهات، تەماشام کرد جەعۆیە و نووسیتی : ڕسمەکی بەبەغایەکانم لۆ بنێرە بزانم ئەسلیە یان عادی، دەترسێم فێرت لێبکەن، چونکە ئەتوو لە ئیشەکەی نازانی..! نامەکم لۆ ناردو نووسیم دەزانی ئەتوو زۆر کەری..!
وەختی نیوڕانێ داهات و نانیان دانا، نان خواردنەکە بۆفیە بوو، دەبا بەخۆت تێبکەی، چووم تەماشام کرد دیتم هەموو جۆرە خواردنەکیان دانایە، خواردنی دەریایی زۆر زۆر بوو هەر لەماسی بگرە، هەتا ڕۆبیان و قڕژار و ئەستەکۆزەو مەحار و هەتا دوایی، قاپەکم دەست دایێ و پڕی سەلاتەم کرد و چووم لەجێیەکی دانیشتم و خەریکی سەلاتە خواردنێ بووم، وەختەکی برادەرەکانم هاتن، دیاربوو بەریدابوون، لۆلای من هاتن و سەلامیان کرد و گۆتیان : کوو ئەو بەزمە خۆشەی دونێ شەوێت لەدەستە خۆدا ! گۆتم : پیرۆزی خۆتان بی، لێی پەشیمان نیمە، سەلاتەیان هیناو دەستیان بەخواردنی کرد، پاشان هەستاین چووین خواردنەکەمان هینا، ئەمن زیاتر خواردنی دەریاییم هینا، جەماعەتیش هەریەکە و جۆرە خواردنەکیان هینا، نانمان خواردو یەک دوو چایەمان لەسەر کرد، پاشان بەرەو ئەو هۆرەی چووین کە خولەکەی لێ دەکرا..
چووینە ژۆرێ، دیاربوو ئەوەی موحازەرەکەی دەگۆتەوە، ئێکی زرپەستووری سەرگەورەی سوورەبوو، تەمەنی لەبن پەنجا ساریبوو، زانیم ئەوڕوپیە، بەران نەمزانی ئی چ وراتەکیە، هەموومان لەدەوری مێزەکی درێژی قاوەیی دانیشتین، دەوری چل کورسی لەسەر دەبوو، سەرو جانتایەکی گچکەیان داینێ، چەند پەڕە قاقەزەک و قەرەمەکی تێدابوو، کابرای زرپەستوور بەگەرمی بەخێراتنی کردین و گۆتی : خۆمتان پێدەناسێنم، ئەمن ناوم پیتەرەو خەرکی بەریتانیایمە، ڕەنگە بەلاتان غەریب بی، ئەمن ئەوڕوپیمەو ئەوها قەرەوم، ئەوی ڕاستی بی هۆیەکەی ئەوەیە : ئەمن زۆر مەرەقم چپسەو لەمنداریەوە دەیخۆم، دیارە چپسیش بنیادەمی قەرەو دەکا..!
پیتەر بە ئینگلیزی قسەی دەکردو ئێکەک لۆی وەردەگێڕاین، گۆتی : بەڕێزان ئەنگۆ ئێستا لەپۆستی بەرزی دەورەتدانە، دەبی بزانن سەرکردەنە، سەرکردە لەوراتی مە ئەوەنیە بیست تڕومبێلی لەدوو بیت و دووسەت سێسەت پاسەوانی هەبی، لەخانیەکی بژی نەسەری دیاربی نەبن، سەرکردە ئەوەنیە سبەینان لەسەر سفرەکی پڕ دانیشی و نەزانی دەست لۆ چبباو چ بخوا، میللەتەکەشی دینارەکی لەبەڕکی نەبی بە دوو نانی گەرمی بدا لۆ مندارەکانی، لەوراتی مە سەرکردە لە شووققەکی ئاسایی دەژی و بەپاس و میترۆو شەمەندەفەری دێ و دەچی و کەس لەبەری هەرناستی و کەسیش دست لەسەر سینگ لۆی ڕاناوەستی، سەرکردە لەوراتی مە کەقەیران دروست بوو، وەتەنیات نافرۆشی و خەرک قەردارباری خاک و نیشتمان ناکا، سەر کردە لەوراتیمە هەتا قیامەتێ ڕایناکێشی و مارومنداری لەپاشە خۆی نابنە زێرو هەتا بەقوڕگی میللەتی وەبنووسێن، سەرکردە لە وراتی مە ئەگەر خزمەت نەکا ڕۆژنامەو گۆڤارو تەلەفزیۆن شان و شکۆی دەشکێنن، فەیس بووک ئاگر لەژیانی سیاسی بەردەداو میللەتیش دەیگۆڕی و دەیداتە دادگا، سەرکردە لەوراتی مە کاری خزمەتە نەک گیرفان پڕکردن، هەموو ڕۆژێ بە جادەکان دا دەسوڕێتەوەو لەسەر جادەی ڕۆژنامەو کتێبی دەکڕی و لەسەرەی بەنزینی ڕادەوەستی، سەرکردە لە وراتی مە ئەگەر نەخۆش کەت هەر لەخەستەخانەکانی خۆمان چارەسەر دەکرێ و کەمردیش کەس خۆی لۆ قوڕو خمی نانێ و کەسیش ناچیتە سەر قەبری فرمێسکی دوو ڕوویی بڕێژی..!
پیتەر هەناسەکی هەرکێشاو دەستی لۆ بتلە ئاوەکەی پێشی بردو برندی کردو بەدەوی وەنا، گۆتمە وەزیری تەندروستی : وەڵلا پیتەر سەرکردەکانی مەی لە قوونی سەی نا..! وەزیری تەندروستی گۆتی : کورە بابڕوا، سەرکردەکانی وان وەکی ئیمە چیاو چۆل و سەرماو گەرمایان نەدیتیە، قوڕبەسەری ودەربەدەریان نەدیتیە..! گۆتم : ئەوجە ئەوەی ئەو چشتانە ببینی دەبی ڕاست و چەپ بداتە بەرێ..!؟ وەزیری تەندروستی تەماشایەکی کردم و داما، وەکی برێی گۆتی : بابگەڕێینەوە بزانە چشتۆ ڕاپۆرتت لەسە دەنووسم و دەیدەمە سەرۆک وەزیرانی، ئەوجە دەبینی کوو پۆخت دەسووتێنم..!
پیتەر دەستی بەقسان کردەوەو گۆتی : ئەنگۆ ئەگەر دەتانەوێ سەرکردە بن، دەبی وەکی ئەوانەی مە وابن، ئەگەرنا ئەوە پێتان نارێن سەرکردە، پێتان دەرێن گەندەڵ و دز، ئەمن پێم سەیرە لەو وراتانەینگۆ سەرکردە هەیە بە دەیان ملیار دۆلاری هەیەو شەوو ڕۆژ خەریکی بازرگانیە، قووت و خینی میللەتی لەسەر خۆی و مارو منداری تاپۆ کردیە ! تەماشام کرد وەزیرەکانی مە هەموویان ڕەنگیان تێکچووە و ئاقریان جەووەکەی ناگری، میزاجیان سەراو قوون بووەو نازانن چبرێن و چبکەن..! لۆیێ خۆیان بە قاقەزو قەرەمی مەشغول دەکرد، هەندەکیان خەریکی ڕسم دروست کردنی بوون و کاتیان بەڕێ دەکرد..! پیتەر کەدیتی جەماعەت گێ ناگرن و خەریکی قەرەم و قاقەزینە، لەسەرمان سوڕا بزانی ڕسمی چمان کردیە ؟ چووە لای وەزیری پەروەردەی و گۆتی : ئەو ڕسمە چیە دروستت کردیە ؟ وەزیری پەروەردەی دەوی تێک ئاراو گۆتی : بەلەمە ؟ پیتەر گۆتی : باشە ئەنگۆ دەریاتان هەیە هەتا بەلەمی دروست کەی ؟ وەزیر ڕەنگی تێکچوو، گۆتی : ناوەڵلا..! پیتەر گۆتی : ئەنگۆ بیر کردنەوەشتان لەگەر وراتی خۆتان ناگونجێ..! پاشان ئێک ئێک بەڕسمەکان داهات و هەر ئێکەی پەلارەکی تێگرت..! دوایێ چۆوە جێی خۆی و گۆتی : دەی ئەوجە نۆرەینگۆیە پێم برێن سەرکردە لە وراتینگۆ کووە ؟ کاکە هەر بابایەو قسەی دەکردو بەشان و باری سەرکردەکانی خۆمانی داهەردەدا، چشتی وایان دەگۆ لەهیچ قامووسەکی دنیاو قیامەتێ جێی نەدەبۆوە، ماشەڵلا درۆیان کردو فۆرتەیان هاویشت، ئەمن دەمزانی لۆ ئەو قسانە دەکەن، چونکە کە گەڕاینەوە دەبی هەر ئێکەی ڕاپۆرتەکی دورو درێژ بداتە سەرۆک وەزیرانی، ئێ ئەگەر قسەی نەکەن و بەرگری لەسەرکردەکانی ورات نەکەن ئەوە بەگوونی هەریان دەواسن..!
پیتەر گێی لەهەمووان گرت و هیچ قسەی نەدەکرد، جار جار تێبینی دەنووسی و هەندە جاریش بەهوردی تەماشای هەموومانی دەکرد، ئەمن چووبوومە ناو لیتاوی درۆو دەلەسەی جەماعەتی، پیتەر تەماشایەکی منی کردو گۆتی : دە ئەتووش پێم برێ سەرکردە لە وراتینگۆ کووە ؟ هەستامەوەو گۆتم : وەڵلا هەرچی ئەتوو گۆتت هەمووی عەکس کەوە، ئەوە سەرکردەی مەیە..!!
وەکی ئەو قسەم کرد بووە غەربەغەربەک و هەرایەک نەبیتەوە، هەموویان بەجارەکی لێم قیت بوونەوە، بەدەست و زمان و سەر و لاقی هاواریان دەکردو دەهەژان، پیتەر گۆتی : دانیشن بابە دانیشن، عەیبە وامەکەن، ئەنگۆ دەبی باوەڕتان بە ئازادی ڕادەربڕینی هەبی، گۆتیان : سەرکردەکانی مە بەقەدەر تەمەنی وەی چیاو چۆل و دەربەدەریان دیتیە، ئەوە چیە هەتا ئەو قسانە بکا، ئێستا دەبی پەشیمان ببیتەوە، ئەمە ئەو قسەی قبور ناکەین، سەر کردەکانی مە دەبی پێراوی پێشیان زێڕبی، ئەوان نەبن ئەمە چینە، ئەو وەزعەی لە وراتی مە دروست بووە لەسایەی سەری ئەو سەرکردانەیە..! پیتەر گۆتی : برادەرینە ئەو پیاوە پەشیمان بیتەوە یان نا، ئەمن ئەو شتانە هەمووی دەزانم، نەک هەر ئەوە بەرکوو بەداتا لەبەر دەستمانە کە ئەو سەرکردانە چیان کردیەو چیان بردیەو چەندیان هەیە، وەتێمەگەن ئەو زانیاریە لۆمن تازەیە، نەک هەر سەرکردەکانینگۆ هەموو سەرکردەکانی ڕۆژهەراتی ناوەڕاست ئەوهانە، خاک و نیشتمان و میللەت و نەفت و داهاتی سەر عاردی و بن عاردی بەکار دەینن لۆ چەسپاندنی کورسی خۆیان و پێگەیاندنی مارو منداریان، پێویست ناکا خۆ مشەوەش بکەن، چیدیش وەتەنیات بەسەر ئەو پیاوەی مەفرۆشن و پێویست ناکا بەخائین و جاشی لەقەرەم بدەن..!
باشبوو لەگەر ئەو قسانەی پیتەری وەزعەکە هێور بۆوە، بەران بەلاچاوەکی هەر تەماشا منیان دەکردو وەکی برێی دەیانگۆ : دەردت لەگیانی مە، بابچینەوە هەولێرێ خۆت دەبینیەوە، ئەمنیش بێ ئەوەی خۆم تێکدەم گۆتمە جاحێرەکی لەوێ ڕاوەستابوو خزمەتی مەی دەکرد : پەرداخە شەربەتەکم لۆ بینە خێرت دەگاتێ ! وەڵلا کابرا وەکی تەلقەی دەرپەڕی و چوو هینای، مەمنونی بووم و پەرداخم بەدەوم وەناو نیوەم کرد..! پیتەر گۆتی : دەی بابێینەوە سەر باسەکەی خۆمان، ڕووی لەمن کردو گۆتی : ئەتوو ئێستاش سووری لەسەر قسەی خۆت، گۆتم : ئەرێوەڵلا، ئەوە واقیعەو ناتانین بیشارینەوە، وەزیری بازرگانی گۆتیە پیتەری : ئەو بابەتەی نەگۆڕی، ئەمە هەموومان دەچینە دەرێ ! پیتەر زۆر بێمنەتانە گۆتی : دەرکە کرایتەوە و دەتوانن بچنە دەرێ..! وەڵلا جەماعەت تێکڕا هەستانەوە و هەموویان چوونە دەرێ، ئەمن و مام پیتەر بە تاقی تەنێ ماینەوە..! پیتەر بەینەکی تەماشا منی کرد، ئەمنیش هەستامەوەو گۆتم : مستەر ئەمنیش بچمە دەرێ باشە، دەنا وەڵلا وەبیللا دەرێن ئەو خائینە جاسووسی بەریتانیایەو لە دژی ئەو ئەزموونەی ئیش دەکا..! پیتەر پێکەنی و گۆتی : ڕاست دەکەی، فەرموو بڕۆ، ئەمن دەستم دا جانتایەکەم و هەستام ڕۆیشتم، پیتەریش کەل و پەلەکانی خۆی خڕ کردوەو لەدووم پایدۆستی کرد..!
گەیشتمە لای پرسگەی ئوتێلی دیتم نامەکم لۆهات لەمۆبایلی، تەماشام کرد دەبینم سەرۆک وەزیرانە ! نووسیبووی : وەڵلا دۆستی وەکی توومان هەبی دوژمنمان لۆ چیە..! لۆم نووسی : لەغەیری گۆتنی ڕاستی هیچیدیم نەگۆتیە، تەئکیدبە ئەوانەی ماستاوت لۆ دەکەن و خۆ بە دڵسۆز پیشان دەدەن هەر ئەوانە سەرت دەخۆن..! دیاربوو نامەکەی خیندەوە، بەران وەرامی نەدامەوە، جەماعەت هەموویان مۆن و گرژبوون لەگەرم و ڕوویان نەدامێ، ئەمنیش چووم لەسە کورسیەکی دانیشتم لە دووری ئەوان و خۆم بە مۆبایلی خافراند، ئاگام لێبوو هەموو دەورەی شڕبلیان داو هەرایانبوو، دەستیان لۆ هۆرەکەی درێژ دەکرد، دیاربوو گلەییان لێدەکرد کەوا زەلامی وەکی پیتەری هینایە موحازەرەی برێتەوە..! شڕبل دەیوویست هێوریان بکەتەوەو تێیان بگەینی کە چارەی ئەو کێشەی دەکا، بەس سەبرەکیان هەبی، پاشان دەستیان لۆمن درێژ کردو دیاربوو باسی منیان دەکرد، شڕبلیش تەماشا منی دەکردو سەری بادەدا، وەختەکی شڕبل هاتە کنە من و گۆتی : ئەری مارت خرانەبی، ئەو هەرایە چبوو نایتتەوە، ئەتوو لۆ ئەو وەزعە خۆشەی تێکدەدەی، گۆتم : وەڵلا پیتەر پرسیاری کردو ئەمنیش وەرامم داوە ! گۆتی : جەماعەت دەرێن ئیللاو بیللا دەبی پیتەری بگۆڕی، هەتا ئەو لێرەبی ئەمە ناچینەوە خولەکەی، باشە ئەمن ئێستا لە باتی پیتەری کێ بینم دەرسیان پێبرێ ؟ گۆتم : دەزانی کێ بینە ؟ گۆتی : کێ ؟ گۆتم : تەنتەکەی ناو مەزرەعەی بینە، ئەو لۆ وانە باشە..!!
مایتی...[1]