دەقی پەیامی د. بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عیراق:
پەیامی سەرۆک کۆماری عیراق لەیادی سێ ساڵەی کۆچی دوایی مام جەلال
سێ ساڵ بەسەر کۆچی دوای سەرکرده و ڕابەری مەزن مام جەلال تێئەپەڕێت. کەچی بارتەقای سی ساڵ بیری حیکمەت و سایه و سێبەری ئه و مامۆستا مەزنە ئەکەم، هەر چەند زەمەن بەسەر کۆچی یەکجارەکی مام جەلال تێپەڕ ئەبێ، بەڵام عیراق و کوردستان زیاتر پێویستیان بە حیکمەتی سیاسی و سنگفراوانی و ژیریی ئه و سەرکردە دەگمەنە هەیه، بۆیە دلسۆزی و ئەمەک نواندن بۆ گیان و ڕێبازی مام، پێش هەموو شتێک بەرجەستەکردنی ئه و کلتورە سیاسیەیە کە مام جەلال کۆی تەمەنی خۆی بۆ تەرخان کرد، پارێزگاریە له و خوێندنگا مەزنەی بە خەباتی پشوودرێژانەی خۆی بەرهەمی هێناو و توانی بە هاوکاری سەدان و هەزاران تێکۆشەر به ئەزموونی حوکمڕانی خۆبەخۆی کوردستان و ڕزگارکردنی عیراقی بگەیەنێت لە دیکتاتۆریەت.
ئێستا لەناو جەرگەی قەیرانەکانی عیراق و کوردستاندا لە هەموو کات زیاتر پێویستمان بەوە هەیە سیاسەتی چەپکە گوڵی مام بەگیانی هاریکاری و ڕاستگۆیی بەرجەستە بکرێت بۆ ئەوەی ئاستەنگ و قەیرانەکان بە بەرپرسیارێتیەکی هاوبەش چارەسەر بکەین و خزمەتی خەڵک و وڵاتەکەمان بکەین.
لەم یادەدا ئەمەوێ دوپاتی بکەمەوە کە میراتی سیاسی مام زۆر لەوە گەورەترە لە قالبی حزبی بەرتەسکدا کورت بکرێتەوە، چونکە بەشێکی هەرە گرنگی مێژووی سیاسی وڵاتەکەمان پێکئەهێنێت، خۆیشی سیمبولێکی هەرە درەوشاوەی خەبات و تێکۆشانە بەمانا هەرە فراوانەکەی.
لە یادی سێ ساڵەی کۆچی دوایی مامی ڕابەرمان، درود بۆ گیانی پاکی ئەنێرم و لە خوای مەزن داواکارم لەبەهەشتی نەمری پاداشتی خەبات و ماندوبوونی بداتەوە.
د. بەرهەم ساڵح
سەرۆک کۆماری عیراق[1]